لە نوێترین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا و لە میانی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (كان)، هونەرمەندی ناسراوی سینەمای میسری حسێن فەهمی، لەبارەی هاوڕێی تەمەنی هونەرمەند «سەمیر سەبری» كە ماوەی رابردوو لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، دەڵێت:
من و سەبری هاوڕێی چەندین ساڵەی یەكتر بووین، بۆیە بەردەوام ئاگاداری یەكتربووین و هەموو دانیشتن و چاوپێكەوتنەكانمان بە نوكتە و پێكەنین دەبردە سەر، چونكە دانیشتن لەگەڵ سەمیر سەبری بێ پێكەنین و دڵخۆشی نەدەبوو.
حسێن فەهمی بە خەمبارییەوە، دەڵێت: سەمیر سەبری دەیوت من لە (براد بیت) دەچم، بۆیە بەم ناوە بانگم بكە، بەڵام من دەموت نەخێر تۆ لە كیفین كۆستنەر دەچیت، بۆیە كە تەلەفۆنی دەكرد، دەیوت: براد بیت-ت لەگەڵە، منیش دەموت: ها كۆستنەر چیت دەوێت!. جگە لەمەش بەردەوام حەزی بەوە بوو من سەردانی بكەم، بۆیە منیش دڵم نەدەشكاند و هەردەم سەردانم دەكرد.
سەمیر سەبری لە دایكبوونی 1936 بوو، زیاتر لە 200 كاری هونەریی هەیە و یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی لەگەڵ چەندین نەوە نواندنی كردووە و رۆژی 20/5/2022 لە میسر كۆچی دوایی كرد.