بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەفدی یەکێتی سەردانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد

07:18 - 2022-06-11
کوردستان
636 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 11ی حوزەیرانی 2022، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی کرد و بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د.خەسرەو گوڵ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رزگار عەلی، کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، جەخت لە گرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرایەوە بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان. لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پێویستییان بە چارەسەرە تاوتوێ کرا.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرخستنی کارنامە چاکسازییەکەی و داکۆکیکردن لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کردەوە. هاوکات راشیگەیاند: یەکێتی دژی ھەر ھەوڵێک دەوەستێتەوە کە رێگە بۆ شەڕ لە نێوان لایەنە کوردییەکان خۆش دەکات و جەختی کردەوە، لای ئێمە کوشتنی کورد بەدەستی کورد ھێڵی سوورە .
لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازی هاوبەشی هەیە کە بۆ هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و پێویستە وەک یەک تیم، بە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان کار لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان