قوباد تاڵەبانی: كارمەندانی كەرتی تایبەت بە هەمان شێوەی كەرتی گشتی خانەنشین دەكرێن

09:10 - 2022-06-16
کوردستان
790 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی كرد سەبارەت بە هەمواری یاسای خانەنشینی و بڕیاردرا یاساكە بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە، كارمەندانی كەرتی تایبەتیش بە هەمان شێوەی كارمەندانی كەرتی گشتی خانەنشین بكرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و نووسینگەی ئابووری سەرۆك وەزیران، بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: یاسای خانەنشینی دەبێت بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە لەگەڵ پێویستییەكانی سەردەم و رەوتی گەشەكردنی كەرتی تایبەتدا بگونجێت، جەختیشیكردەوە: هەمواری یاسای خانەنشینی دەبێت لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بێت سەبارەت بە هاوتاكردنی ماف و ئیمتیازاتی كارمەندانی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، ئەمەش لەلایەكەوە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەكردن و بەهێزبوونی كەرتی تایبەت و زیادكردنی هەلی كار، لەلایەكی دیكەشەوە هاندەر دەبێت بۆ هاووڵاتیان لەبری ئەوەی تەنها چاوەڕوانی دامەزراندن لە حكومەت بكەن، بە هەمان ئیمتیازاتی كەرتی گشتی دەتوانن لە كەرتی تایبەت دابمەزرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوەش كرایەوە كە دەبێت پڕۆژەی هەمواری یاساكە بە جۆرێك ئامادە بكرێت كە قابیلی جێبەجێكردن بێت و لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی كوردستاندا بگونجێت.
جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی هەوڵەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد لە ئامادەكردنی رەشنووسی هەمواری یاساكە، بڕیاریش درا لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەكان لەم بارەیەوە بەردەوام بن، تاكو هەمواری یاساكە تەواو دەكرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان