باخی شار، شوێنی کۆبوونەوەی خانەنشینانە

09:37 - 2022-06-26
ژینگە
604 جار خوێندراوەتەوە

رەوەست نەوزاد

باخی شار یان باخی خەلیل ئەفەندی كۆنترین و بەناوبانگترین باخە لە شاری هەولێر ئێستا بووەتە شوێنی پشوودان و كات بەسەربردنی زۆربەی پیاوە خانەنشین و بەتەمەنەكانی ئەو شارە.
باخی شار لە خۆرهەڵاتی قەڵای هەولێرە، نزیكەی 500 مەتر لێیەوە دوورە و كۆنترین باخچەیە لە شارەکە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی 1937 ی سەدەی رابردوو لەلایەن خەلیل ئیبراهیم كە بە خەلیل ئەفەندی ناسراوە و خەڵکی باكووری كوردستانە دروستکراوە.
باخی شار تایبەت کراوە بە خانەنشینان  و ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن، لە سەنتەری باخەکە فۆڕمی ئەندامییەتی پڕ دەکەنەوە و رۆژانە لەو شوێنە کاتەکانیان بەسەر دەبەن، بەدەم یاریکردنی تاوڵە و دۆمینەوە خەریکی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی سەردەمی گەنجین و هەر کەسێکیان چەند ساڵێک لە بوارێکدا خزمەتی کردووە و خاوەنی ئەزموونی خۆیانن.
هەروەها جگە لە کتێبخانە و کافتریا و جوانکارییەکانی نافورە و رووناکی و سەوزایی و درەخت و گوڵ بەشێکی ئامێری وەرزشی تێدایە و نەبەز ئەحمەد کە هاووڵاتیەکی شارەکەیە وتی: چەند کاتم هەبێت دێم لێرە وەرزش دەکەم و چاوم بە هاوڕێکانیشم دەکەوێت.
هاوکات مام عەلی بە تەمەنێکی شارەکەیە وتی: ئەگەر ئێرە نەبوایە پیرەمێردەکانی شار لە کوێ دابنیشتنایە، ئێرە جێگەیەکی خۆشە و کۆمەڵ کۆمەڵ لەگەڵ ناسیاو و هاوڕێکانمان کۆدەبینەوە قسەی خۆش دەکەین و باسی یادگارییە کۆنەکان و رووداوەکانی رۆژیش دەکەین.
موحسین محەمەد سەرۆكی سەنتەری خانەنشینانی باخی شار وتی: نزیكەی 4000 خانەنشین ئەندامی سەنتەری باخی شارن هەموویان خەڵكی بە تەمەنن و رۆژانە لە سەعات حەوتی بەیانی تا حەوتی ئێوارە كراوەتەوە.
لە رابردوودا باخی شار رووبەرێکی گەورەی هەبووە، بەڵام ئێستا چەند پڕۆژەیەکی گەورە لەسەر زەوییەکەی دروستکراوە و تەنها شەش هەزار و 250 مەتری لێ ماوەتەوە و موڵكەكەی خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكان و دەوترێت لە داهاتوودا چواردەوری باخەكە دەكرێت بەباخ، بەڵام تائێستا نەکراوە.
هاوکات لە تەنیشت سەنتەری پیاوانی خانەنشین لەناو باخی شار، بەردی بناغەی سەنتەری خانمانی خانەنشین دانراوە و بە تەواوبوونی، ژنانی خانەنشین دەتوانن رووی تێ بکەن و کاتەکانیان لەوێ بەسەر ببەن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان