پێكهێنانی یەكێتیی نوێی ئەوروپا

10:49 - 2022-06-27
جیهان
495 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

پێدەچێت وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی پێكهێنانی گروپێكی نوێی سیاسی بن كە ئەو وڵاتانە دەگرێتەخۆی، ئارەزوو دەكەن ببنە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا ‌و بەوانەشەوە كە نایانەوێت ‌و تەنانەت ئەو وڵاتانەشی كە لە یەكێتییەكە چوونەتە دەرەوە.
سەرۆكایەتیی كۆشكی ئەلیزێ رایگەیاندووە: بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەرۆشیی زۆری بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕیوە، كە فەرەنسا دەربارەی پێكهێنانی گروپێكی سیاسیی نوێی ئەوروپی پێشنیازیكردووە ‌و رێگە بە بەریتانیا دەدات، كە لە دوای چوونەدەرەوەی لە یەكێتیی ئەوروپا (برێكسێت)، لەو پڕۆژەیەدا بەشداربێت. 
لەمیانی دیداری نێوان ئیمانوێل ماكرۆن ‌و بۆریس جۆنسۆن، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گروپی حەوت پیشەسازییەكە (G7) لە ناوچەی باڤاریا لە ئەڵمانیا، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەرۆشیی وڵاتەكەی بۆ بەشداربوون لەو گروپە ئەوروپییە نوێیەدا دەربڕیوە.
سەرۆكایەتیی كۆشكی ئەلیزێ روونیشیكردۆتەوە: كاتێك ئیمانوێل ماكرۆن باسی پڕۆژەكەی كردووە، بۆریس جۆنسۆن بیرۆكەكەی زۆر بە دڵ بووە، كە جارێكی دیكە لەڕێیەوە بەریتانیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.  ئاماژەی بەوەشداوە: بەو پڕۆژەیە، ریتمێكی حكومی نێودەوڵەتی دێتەئاراوە، كە بەریتانییەكان ‌و وڵاتانی خۆرئاوای بەڵكان تیایدا بەشداردەبن.
ئەلیزێ باسی لەوەشكردووە: سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا خوازیاربووە كە مەودایەك هەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكان لە دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا.بڕیاریشە یەكەم كۆبوونەوەی گروپی سیاسی ئەوروپی لەسەر ئاستی سەرۆكی وڵاتان ‌و حكومەتەكان لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا لە سایەی سەرۆكایەتیی چیك بۆ یەكێتیی ئەوروپا، بەڕێوەبچێت.   
مانگی ئایاری رابردوو، هاوكات لەگەڵ وتوێژەكانی بەخشینی ئەندامێتی یەكێتیی ئەوروپا بە ئۆكرانیا، ئیمانوێل ماكرۆن لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپادا پڕۆژەی پێكهێنانی گروپی نوێی ئەوروپی پێشنیازكرد. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان