پزیشكانی هەولێر لە شوێنی قەرەباڵغ و خانووی كۆن كاردەكەن

10:59 - 2022-06-30
ڕاپۆرت
492 جار خوێندراوەتەوە
#شەقامی پزیشکان لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

سوداد عەبدولڕەحمان هاووڵاتیەكی تەمەن 40 ساڵە لە شاری هەولێر، دەڵێت: هەركاتێك خۆم یان نەخۆشێک دەبەمە نۆڕینگەی پزیشكێک، گرفتی ئەوەمان بۆ دروست دەبێت چۆن نۆڕینگەکە بە ئاسانی بدۆزینەوە بەهۆی کۆنی و ناڕێکی و تێکەڵی تابلۆی ناونیشانی پزیشکەکان، بۆیە داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەم رێکیانخباتەوە.
شەقامی پزیشكانی شاری هەولێر یەكێكە لە بەناوبانگترین شەقامەكانی شارەكە، تا چەند ساڵێك لەمەوبەر نۆرینگەی سەرجەم پزیشكەكان لەو شەقامە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی گەورە بوونی شارەكە لە شوێنی تریش نۆرینگەی پزیشكی كراوەتەوە و شەقامی پزیشكی تازە دروستبوون، بەڵام ئەوەی كێشەی بۆ هاووڵاتیە نەخۆشەكانی هەولێر دروستكردووە نەبوونی مەرجی تەندروستی و نەگونجاوی شوێنی شەقامی پزیشكانە هەروەك بێسەروبەری لە هەڵواسینی تابلۆی نۆرینگەی پزیشکەکان، هەر نەخۆشێك روو لەو شەقامە بكات دوای چەندین پرسیار و گەڕان بەدوای ناوەكان پاشان ئەو پزیشکە دەدۆزێتەوە کە دەچێتە لای بۆ چارەسەر.
شەقامی پزیشكانی شاری هەولێر كەوتۆتە ناو سەنتەری شار كەواتە شوێێكی زۆر قەرەباڵغە  ئەمەش وادەكات گەیاندنی نەخۆش بۆ نۆرینگەكان زۆر قورس بێت هەروەك ژمارەیەك لەدوكانی تر لەو شەقامە هەیە كە ئەوانیش ئاڵۆزی زیاترین بۆ نەخۆش و نۆرینگەی پزیشكی دروست دەكەن.

ناونیشانەكان نادۆزنەوە
محەمەد ئەبوبەكر یاریدەدەری پزیشکە لە یەكێك لە دەرمانخانەكانی شەقامی پزیشكانی شاری هەولێرو وتی:
باشترە ئەو تابلۆیانەی ئێستای سەرجەم شوێنەکان لاببرێن و بەشێوەیەكی باشتر و رێكوپێك تر لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە دیزاین بكرێن و هەڵبواسرێن، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە زۆر كۆنە و كەسانی نەخۆش و كەسوكارەكانیشیان بەشێوەیەكی زەحمەت ئەو ناونیشانانە دەدۆزنەوە.
وتیشێ، رۆژانە وەڵامی دەیان نەخۆش و کەسوکارەکەی دەدەنەوە کە پرسیاری شوێنی پزیشکەکان دەکەن و خۆیان بە ناونیشانەکان نایان دۆزنەوە. 
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند: پزیشکەکان بەسەر چەند شوێنێكی شاری هەولێر دابەش بوون و بەنیازنین شوێنێكی تایبەتیان بۆ دابین بكەین، بەڵام بەرنامەمان هەیە ئەو شوێنانە رێكبخرێنەوە و لە قۆناغی یەكەمدا رێكخستنی تابلۆی دكتۆرەكانە كە بەپێی رێنماییەكان دەبێت و قەبارەیان بچووك و گەوترە دەكەین، بەڵام خۆیان ئازادن كام جێگە و شوێن هەڵدەبژێرن، ئێستا لە زۆر شوێنی شاری هەولێر كۆمەڵگەی پزیشکی و نۆرینگەیان كردۆتەوە و ژمارەی دكتۆرەكان زۆر زیادبوون.

لەگەڵ ناڕێكی تابلۆی پزیشكەكان، ئەو شارە رۆژبە رۆژ ژمارەی دكتۆرەكانی بەهۆی هاتنی دكتۆرێكی زۆری عەرەب و بیانی و دەرچوونی ژمارەیەكی زۆری خوێندكاری بەشی پزیشكی زانكۆكانی كوردستان زیاد دەكات كە وادەكات جەنجاڵی لە شەقامە پزیشكیەكانی ئەو شارە زۆرتربن.
 ئامانج وەفایی وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان وتی، ئێستا زیاتر لە 5 هەزار پزیشك لە شاری هەولێر هەیە و لەو ژمارەیە نزیكەی 1100 پزیشك نۆرینگەی تایبەتی خۆیان هەیە، جگە لەوەش ئێستا نزیكەی 80 كۆمەڵگەی پزیشكی و 80 سەنتەری پزیشكی جۆراوجۆر و نزیكەی 30 نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، وتیشی: چاوەڕێ دەكرێت لەداهاتوودا ئەو ژمارانە 
زیاتر بن.

پلان هەیە بۆ رێکخستنەوەی
باسی لەوەشكرد، جگە لە شەقامی پزیشكی كۆن لە بەشێكی شەقامی چل مەتری بۆتە شەقامی پزیشكان زۆرترین ژمارەی پزیشكی تێدایە جگە لەوەش لە زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتەكان نۆرینگەی پزیشكی تایبەت بەخۆیان هەیە و هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نۆرینگەی زۆربەی پزیشكەكان لە شەقامی كۆنی پزیشكانی هەولێر نەماون كە لەوانەیە لە 1100 نۆرینگە تەنیا 200 نۆرینگەی لێ مابێت.
سەبارەت بەقەرەباڵغی و ناڕێكی شوێنی نۆرینگەی پزیشكەكان و گواستنەوەیان و كۆكردنەوەیان، وتەبێژی سەندیكاكەی هەولێر رایگەیاند: راستە بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و تەسكی شەقامەكانی ناو سەنتەری شار شوێنی نۆرینگەكان كێشەیان هەیە، بەڵام تاڕادەیەك وایلێهاتووە نۆرینگەی پزیشكەكان تەنیا لەیەك شوێن كۆنەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەیەكی زۆر فراوان بۆ سەرجەم پزیشكانی شارەكە لە یەك شوێن دروست بكرێت ئەو كارە زۆر ئەستەمە بتوانین كۆنتڕۆڵی 1100 نۆرینگەی تایبەت بكەین و ئەوكاتیش جەنجاڵیەكی زۆر لەو شوێنە دروست دەبێت و رێگەی چوونە ناوەوەشی ئاسان نابێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە بەپێچەوانەوە دەبێت پزیشكان لەهەموو شوێنی شارەكە نۆرینگەیان هەبێت و گرنگ ئەوەیە پابەندی رێنماییەكان بن.    
لەبارەی كێشەی تابلۆی پزیشكان وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان وتیشی: دەستەی باڵای سەندیكای پزیشكان رێنماییەكی دەركردووە و خراوەتە بەرنامەی كار لە نزیكترین كات بتوانرێت كاری لەسەر بكرێت و هەموو تابلۆكانی ئێستا بەتایبەتی ئەوانەی زیادەن رێكدەخرێن ئەو كارەش بەهەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتی هەولێر و شارەوانی هەولێر و سەندیكای پزیشكان كە هەر پزیشكێك بۆی هەیە تەنیا یەك تابلۆی هەبێت و نابێت لە 90 سانتیمەتر كەمتر و 1 مەتر و 20 سانتیمەتر زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر قورسە بەگوێرەی پیت و شوێن تابلۆی نۆرینگەی پزیشكان دابنرێت، بەڵام دەكرێت لە داهاتوودا شێوازی رەنگ بەكاربێت بۆ نموونە دەتوانرێت تابلۆی پزیشكی هەناوی رەنگی زەرد بێت یا پزیشكی نەشتەرگەری رەنگەكەی سوور بێت، بەڵام ئێستا رێگا چارەی باشتر بۆ دۆزینەوەی نۆرینگەكان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت ئەویش بڵاوكردنەوەی ناونیشانەكانیانە لە سۆشیال میدیا و تەلەفۆن كردن كە ئەمە وادەكات نۆرینگەكان زۆر بەئاسانی ببینرێنەوە، هەروەك چەند ئەپڵیكەیشنێك ئێستا دەركەوتووە كۆی ناوی هەموو پزیشكەكان دەچێتە ناو ئەو ئەپڵیكەیشنە هەروەك پزیشكەكانیش چەند جارێك نۆرینگەی خۆیان دەگۆڕن، بۆیە ئێمە دەتوانین وابكەین نەخۆش بەشێوازێكی زۆر ئاسان پزیشكەكان بدۆزینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان