ئا: کوردستانی نوێ
یەکێک لە خەونەکانی گەلەکەمان، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بوو، بگرە هەروەک چۆن مافە سیاسییەکان گرنگ بوون بۆ گەلی کورد، بەهەمانشێوەش مافە فەرهەنگییەکان بەلامانەوە گرنگ بوون، بۆیە دامەزراندنی کەناڵێکی کوردی، خەونی هەموو کوردێک بوو. خۆشبەختانە لەپاش ڕاپەڕین توانرا بە هەوڵ و کۆششی چەند کادرێکی تەکنیکی و میدیاکاری کوردی، لە هەرێمی کورستاندا، یەکەم کەناڵی کوردی دابمەزرێت کە ئەویش « کەناڵی گەلی کوردستان»ە.
دیارە چۆنێتی دامەزراندنی یەکەم کەناڵ، چیرۆكی تایبەتی خۆی هەیە، هەربۆیە پێمانباشبوو، دۆسێی ئەمجارەمان تایبەت بکەین بە چیرۆکی دامەزراندنی یەکەم کەناڵی کوردی، ئەمەش بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کادیرانی ئەم کەناڵەدا، تاوەکو خۆیان چیرۆکی دامەزراندن و پێشکەوتن و کێشەکانی ئەم کەناڵە باس بکەن. هەروەها بۆچوونی چەند رۆژنامەنووسێک و میدیاکارێکیش لەبارەی کەناڵەکەوە وەربگرین.
دڵبەند مستەفا
دڵبەند مستەفا کادری دێرینی کەناڵی گەلی کوردستان کە ئێستا بەڕێوبەری کەناڵەکەیە، لە ساڵیادی کەناڵەکەدا بە بە کوردستانی نوێی راگەیاند:
کەناڵی گەلی کوردستان خوێندنگای فێربوونی وانەکانی کارکردنی بواری میدیا بوو، بۆ زۆر لە وانەی ئێستا لە بواری کاری میدیای بینراودا کار دەکەن و ئەم کەناڵە هەروا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. لە ماوەی رابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ پێشخستنی ئەم کەناڵە و ئەمەی ئێستا درێژکراوەی ئەو هەوڵ و هەنگاوانەیە و چاویشمان لەوەیە، بۆ داهاتوو هاوکاری زیاتر بکرێین تا بتوانین زیاتر گەلی کوردستان پێشبخەین و خزمەتی زیاتری خەڵکیش بکەین.
یوسف حاجی یونس
یەکێکی تر لە کادرە دێرینەکانی ئەم کەناڵە، (یوسف حاجی یونس) کە ئێستا یاریدەدەری بەڕێوبەر و بەڕێوەبەری بەشی هونەریی و تەکنیکی کەناڵەکەیە. لە بارەی چۆنێتی سەرەتای دامەزراندنی کەناڵەکە بە کوردستانی نوێی راگەیاند:
هەر لە سەرەتای راپەرینەوە ساڵی 1991 ئەو بیرۆکەیە هەبوو کە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دروست بکرێت، ئامێرێکی پەخشی تەلەفزیۆن هەبوو لای کاک خەبات عەزیز میرزا
(خاڵە خەبات) چەند رۆژێک دوای راپەرین تاقیکردبۆوە و پەخشی لەسەر کرد بوو، بەڵام پاشان رووداوی دوای راپەڕین و کۆڕەو رێگر بوون لە نەکردنی کارەکە، ئەوە بوو لە 11 ی 9 ی 1991 لە کاتی وتارەکەی هەڤاڵ مام جەلال لە سلێمانی بوو بە دەستپێکی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و وتارەکەی مام جەلال لە تەلەفزیۆن پەخشکراو دواتر پەخشی تەلەفزیۆن بەردەوامی پێدرا.
من لە مانگی 1 ی 1991 دەمویست بچمە کۆلێژی سەربازی کە لە قەڵاچولان، سەردانێکی لای کاک (قادری حاجی عەلی)م کرد کە ئەوکاتە لە بەرەی کوردستانی بوو، داوام کرد هەوڵم بۆ بدات لە کۆلێژی سەربازی وەربگیرێم، بەڵام ئەو ئەو بیرۆکەیەی منی پەسەند نەکرد و وتی واز لە سەربازی بێنە، تۆ باوکت شەهید بووە، بارودۆخی ناوچەکە بەردەوام شەڕە، وتی بچۆ بۆ لای کاک عەباس بۆ تەلەفزیۆن، کاک قادر خۆی ئەوکاتە لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن بوو، ئیتر چووم بۆلای کاک عەباسی ڤیدیۆ هەرچەند پێشتر یەکترمان بینیبوو لە دووەم رۆژی دوای راپەرین، لەگەڵ باوکم بووم لە مەکتەبەکەی بەرامبەر مزگەوتی عەلی کەمال، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ باوکم بینیبووم، منی ناسی و وتی: لەمڕۆوە لێرە لە تەلەفزیۆن دەوام بکە.
ئیدارەی تەلەفزیۆن ژوورێکی هەبوو لە مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، بەڵام ستۆدیۆکانمان لە بینایەکی تردا بوون لە ناو بیناکانی زانکۆی سلێمانی، ئەو بینایەی تەلەفزیۆن ستۆدیۆیەکی تێدابوو، ئامادە بوو بۆ تۆمارکردنی بەرنامە و هەواڵ و بابەتەکانی تری تەلەفزیۆن، ئەوە قۆناغێکی تری تەلەفزیۆن بوو دوای قۆناغی دۆشەکەڵە کە لە ماڵی مامۆستا عوسمان چێوار، بابەتەکان تۆمار دەکران. دواتریش قۆناغی قەڵاچوالان کە قۆناغی دووەمی تەلەفزیۆن بوو، لەوێ بەرنامە و هەواڵ و بابەتەکانی تر تۆمار دەکران. قۆناغی سێهەم، قۆناغی بینای زانکۆ بوو، سەرەتای مانگی 1 ی 1992 بوو من لەوێوە دەستبەکاربووم لەگەڵ هاوڕێکانم، ئەوکاتە ژمارەمان تەنها30 بوو. من سەرەتا لە ئیدارە بووم و دوای 3 مانگ کاک عەباس وتی، ئیتر بچۆ بۆ بەشی مۆنتاژ، ژوورێکمان ئامادەکرد بوو بە دوو فیدیۆوە و دواتریش میکسەرێکی فیدیۆمان دانابوو.
چەند رۆژێک پێش هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 1992 بوو. کاک ئازاد خانەقینی، کاک هیوا فەریق، کاک عوسمان نوری و بەندە لەو بەشی مۆنتاژە دانرابووین کار بکەین. ئەوەبوو لە رۆژی هەڵبژاردن لە سەعات 8 ی بەیانییەوە بەبێ وچان کاری مۆنتاژی رووماڵی هەڵبژاردنمان کرد تا تەواوبوونی کاتی دەنگدان. سەرجەم ئەو کاسێتانەی کە وێنەگرەکان ئەیانهێنایەوە یەکسەر مۆنتاژ دەکراو بە پەلە بە ئۆتۆمبێل دەبران بۆ سەرشاخی ئەزمەر بۆ پەخشکردن، تیمێکی تریش لە ستۆدیۆی ژێرزەمینەوە سەرقاڵی کار بوون. ساڵی 1994 کەناڵی 2 ی تەلەفزیۆن دامەزرێنرا بۆ رووماڵی یارییەکانی مۆندیال، دوای تەواوبوونی مۆندیال کاک عەباس بە باشیزانی کەناڵی 2 بەردەوام بێت بۆ بەرنامەی تەرفیهی و دوور بێت لە هەواڵ و سیاسەت و ئەو ئەرکەی بە من سپارد و بووم بە بەڕێوەبەری کەناڵی 2 کە تا 31 ی ئاب بەردوام بوو.
بەشی مۆنتاژ
پاشان چوینە قۆناغێکی تر ئەویش بینای زانکۆمان بەجێهێشت و چوین بۆ شاخی ئەزمڕ لەوێ ستۆدیۆمان دروست کرد، ئەوکاتە من بەرپرسی بەشی مۆنتاژ بووم لەگەڵ هاوڕێکانم کاک عوسمان نوری و کاک دیار جۆڵا و کاک دڵبەند مستەفا، پیشتریش کاک ئاکۆ عەبدولقادر و کاک سیروان جەلال کاری مۆنتاژیان لەگەڵ دەکردین. بەهۆی زۆری کارەکانمان بڕیارماندا کاک ئەحمەد مەحمود و حەیدەر مستەفا بکەین بە مۆنتێر، ئێتر من بووم بە لێپرسراوی هونەری تەلەفزیۆن و کاک عوسمان نوری بوو بە بەرپرسی بەشی مۆنتاژ، کاری زۆر جوان و ناوازەمان دەکرد بە ئامێری سادە و سەرەتایی، ئیتر ئەوەبوو لەگەڵ دامەزراندنی کەناڵی کوردسات لەسەر داوای بەڕێز هێروخان، من درێژەم بە کاری میدیاییدا لە کەناڵی کوردساتی ئازیزەوە، دواتر هەندێک لە هاوکارانمان لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە بۆ کوردسات هاتن.
داهاتووی کەناڵی گەلی کوردستان
لەبارەی داهاتووی کەناڵەکەوە، یوسف حاجی یونس وتی:
هەرچەند من ماوەیەکی کەمە لە گەلی کوردستانەوە دەستبەکار بووم، ئەوەی جێی تێبینیە کەناڵی دایک و بەدیهێنەری چەندین تەلەفزیۆنی تر و دەرچواندنی چەندین کادری میدیایی کارامە بووە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم کەناڵە زۆر هەژارە، لەسەردەمێکدا کە ئێستا میدیا فریای ئەو شۆڕشەی تەکنۆلۆژیایە ناکەوێت، میدیا و بەتایبەت تەلەفزیۆن لەم سەردەمەدا، پێویستی بە بودجەیەکی باش هەیە بۆ کێبرکێ و پێشکەوتن، گوناهێکی گەورەیە رەزیلی لەگەڵدا بکرێت هەرچەندە لەگەڵ هاوکاران و هاوڕێیانمان لە تەلەفزیۆن بەم دۆخی هەژارییەی تەلەفزیۆنەوە توانیمان وەرزی نوێی تەلەفزیۆن، سەرکەوتووانە دەستپێبکەین و گۆڕانکاریی تەواو لە رووی ئامادەکاری بەرنامە و هەواڵ و لایەنی هونەریی و تەکنیکی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بکەین بەردوام بین لە پێشخستنی ئەو شاشە زێرینەی کورد، بەردەوامی لە نوێگەرییدا، لە پلانماندایە لە ئایندەدا لەسەر شاشە دەبینریت، من ناوم ناوە پلانی ڤێرژنی 2 ی وەرزی نوێ.
سۆزان ئەنوەر
یەکێکی تر لە کادرە دێرینەکانی ئەم کەناڵە، سۆزان ئەنوەرە، کە ماوەیەکی زۆرە بێژەری کەناڵی گەلی کوردستانە، ئێستاش یاریدەدەری بەڕێوەبەری کەناڵەکەیە. لەبارەی دەستپێکی کارکردنییەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: من لە ساڵی 1993 ەوە دەستم بە کارکردن کردووە لەم کەناڵەدا، دیارە لەو ساڵانەدا کارکردن لەناو کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بۆ ژنان، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو، چونکە زۆر خێزان دژی کارکردنی ژنان بوون لەناو تەلەفزیۆندا، بەڵام خۆشبەختانە من خێزانەکەم زۆر پاڵپشتیان کردم و بوونە قەڵغانێک بۆم، هەمیشە بەرگریان لێدەکردم، ئەگەر پاڵپشتی ئەوان نەبوایە، من نەمدەتوانی لە کارەکەم بەردەوام بم.
هەمیشە یەکێتیی پاڵپشتی ژنان بووە
لەبارەی کارکردنییەوە وەکو ژنێک، سۆزان ئەنوەر وتی: هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەردەمی شاخ بێت یان لەسەردەمی شار، پاڵپشتی مافی ژنانی کردووە. دیارە سەرەتا کە کەناڵەکە دامەزرا، شتێکی نوێ بوو، بۆیە زۆربەی ئەوانەی کەناڵەکەیان دەبردبەڕێوە پیاو بوون، ژنان زیاتر لە بواری بێژەریی و هەواڵساز و ئیدارەدا کاریان دەکرد. بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لە تەواوی دامەزراوەکانی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستاندا، ژنان لە ناوەندی بڕیار نزیک بوونەتەوە و بەشداریی کاری بەڕێوبردن دەکەن. من ئێستا یاریدەدەری بەڕێوبەری کەناڵم بۆ پاڵانسی جێندەری، هەروەها ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی سێرم، کە بەرنامەیەکی سیاسیی هەفتانەیە.
مەلەک ئەحمەد حاجی
میدیاکارێکی ژنی تر کە لە کەناڵی گەلی کوردستان کار دەکات (مەلەک ئەحمەد حاجی) کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە. لە بارەی کارکردنییەوە دەڵێت: سەرەتای کارکردنی من لە کەناڵی گەلی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، لە بەشی کرمانجی دەستم بەکارکردن کرد. هەمیشە کەناڵی گەلی کوردستان هەوڵیداوە خزمەتی هەموو پارچەکانی تری کوردستان بکات بەتایبەتی رۆژئاوا و باکووری کوردستان، هیچ کاتێکیش هەستم نەکردووە کە لە کەناڵێکی حزبی کار دەکەم. دەتوانم بڵێم کەناڵی گەلی کوردستان بۆتە بەشێک لە ژیانم، هەروەکو بڵێیت لەناو خێزانی خۆمدا کار دەکەم. دیارە بۆ من وەکو ژنێک کارکردن وەکو میدیاکار، کەمێک زەحمەتە، چونکە جگە لە کاری میدیا، دەبێت کاری ماڵەوەو بەرپرسیارێتی خێزانیم لەسەرشانە، بەڵام خۆشەویستیم بۆ کارەکەم، وایکردووە کە لە کارەکەم بەردەوام بم، ئێستا وەکو بێژەری بەرنامەی بەیانیانی کەناڵی گەلی کوردستان کار دەکەم.
ئاکۆ ئیسماعیل قادر
لەبارەی چۆنێتی بەرنامەکانەوە، ئاکۆ ئیسماعیل قادر بەڕێوبەری بەرنامەکانی کەناڵی گەلی کوردستان، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: من لە ساڵی 1999ەوە وەکو مۆنتێر دەستبەکار بووم، هەتاوەکو ساڵی 2021 وەکو دەرهێنەر و جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەکان کارمکردووە. پاشان چووم بۆ رادیۆی گەلی کوردستان و دواجاریش ئەمساڵ گەڕامەوە بۆ کەناڵی دایک. لەسەرجەم سێکتەر و بوارەکانی ژیاندا بەرنامەمان هەیە، 33 بەرنامەی هەمەجۆرمان هەیە و لایەنی سیاسیی و هونەری، رۆشنبیری، تەندروستی، گشتی، خزمەتگوزاری لە خۆدەگرێت. تاکە بوار کە بەرنامەمان نییە، بەرنامەی منداڵانە. بەشی زۆری بەرنامەکانمان بەشێوەی راستەوخۆن. هەروەها بەشی وەرگێڕانمان هەیە، کە تایبەتە بە وەرگێڕانی هەندێک بەرنامەی تایبەت و هەواڵی گرنگ. جگەلەوەش بەشی دۆکۆمێنتارییمان هەیە، کە لە هەموو بوارەکاندا، بەرنامەی دۆکۆمێنتاری دەکەین. هەواڵ و بەرنامەکانمان بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی پێشکەش دەکەین. هەمیشە هەوڵمانداوە بەشێوەیەکی راستگۆیانە، پەیامی خۆمان بە بینەرانی کورد بگەینین لە هەموو جیهاندا. هەوڵمانداوە بەشێوەیەکی راست و دوور لە چەواشەکاریی، زانیاریی بە بینەری کورد بگەیەنین، بەپێی ئەو فیدباکانەش کە بەدەستمان گەیشتۆتەوە، زۆرباش بووە. ئێمە لە کەناڵی دایک، هەمیشە هەوڵمانداوە، کە خزمەتی گەلەکەمان بکەین بەبێ جیاوازی، لەهەمانکاتیشدا هەوڵمانداوە، میدیا لە خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، نەک میدیایەکی چەواشەکار و دروستکەری کێشە بین بۆ خەڵکی.ئێمە بەردەوام دەبین، بۆئەوەی خزمەتی زیاتری بینەرانی کورد بکەین، وەرزێکی نوێی بەرنامەکانمان داناوە، کە هەموویان خزمەتی کۆمەڵگای کوردی دەکات.
پسپۆڕێکی بواری میدیا بۆ کوردستانی نوێ :
پێویستی بە کۆمەڵێک بەرنامەی نوێ هەیە تا خەڵک خۆی لە پەیامەکانیدا ببینێتەوە، بەتایبەت ببێتە بڵندگۆیەکی دیموکراسی بۆ دەنگە ناڕازییەکان
گۆران فەتحی
لەبارەی کەناڵی گەلی کوردستانەوە گۆران فەتحی (رۆژنامەنووس و شیکاری سیاسی) وتی: سەرەتا پیرۆزبایی لە یادی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان دەکەم وەکو تەلەفزیۆنێکی راقی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەو تەلەفزیۆنە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە نیشاندانی ئاستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رۆڵی ئەم حزبە لە بەرگرییکردن لە مافەکانی گەلی کورد و لە روئیا و دیدگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئیدارەیەکی باش و ساغڵەم لە هەرێمی کوردستان، ئیدارەیەکی دوور لە تاکڕەوی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لەم تەلەفزیۆنە دەکەم، کەناڵی گەلی کوردستان رۆڵێکی زۆر جوانی هەبووە لە پێشکەشکردن و نیشاندانی وێنەیەکی جوانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان بە شاری سلێمانیەوە. وەکو پێشنیاز هیوادارم ئەم تەلەفزیۆنە بە کارەکانی پێشوویدا بچێتەوە، هەوڵ بدات لە زۆرێک لە بەشەکانیدا رۆژنامەنووس، راگەیاندنکاری باش بخاتە کار بۆئەوەی جوانتر و جوانتر دەربکەوێت لەسەر ئاستی هەرێم.
دکتۆر کارزان محەمەد
دکتۆر کارزان محەمەد(پسپۆری بواری میدیاو مامۆستای زانکۆ) لەبارەی کەناڵی گەلی کوردستانەوە وتی:
کەناڵی گەلی کوردستان کە بە پێشەنگی تەلەفزیۆنی کوردی دادەنرێت، وێڕای پەیامە سیاسییەکانی لە رووی خزمەتی کەلتورییەوە بە یەکێک لە کەناڵە جوانەکانی میدیای کوردی دادەنرێت، رۆژگارێک ئەو کەناڵە بە زمانێکی کۆمیدی بەرنامەی کەشکۆڵی بۆ رەخنەگرتن لە دیاردە چەوتەکان هەبوو یاخود بەرنامەی بۆ خستنەڕووی بۆچوونی جیاواز هەبوو، پڕۆگرامی جوانی بۆ خزمەتی مناڵان پێشکەش دەکرد، بەهەموو پێودانگەکان کەناڵێکی سەرکەوتوو بووە. لەهەمانکاتدا بۆ ئەوەی کەناڵەکە بتوانێت پارێزگاری لە بەها جوانەکانی بکات، پێویستی بە کۆمەڵێک بەرنامەی نوێ هەیە تا خەڵک خۆی لە پەیامەکانیدا ببینێتەوە، بەتایبەت ببێتە بڵندگۆیەکی دیموکراسی بۆ دەنگە ناڕازییەکان.