یۆنان دەیەوێت فڕۆكەی F35ی ئەمریكی بكڕێت

09:24 - 2022-07-05
جیهان
507 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ پتەوكردنی توانای بەرگریی سەربازیی یۆنان، حكومەتی ئەسینا پەیامێك ئاراستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات بۆ كڕینی فڕۆكەی F35. 
كیریاكۆس میتسۆتاكیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی باڵای ناتۆ لە شاری مەدرید، بە رۆژنامەوانانی راگەیاندووە: وڵاتەكەی بەنیازە پۆلێك فڕۆكەی جۆری F35 بكڕێت، كە لە 20 فڕۆكە پێكدێت ‌و لەلایەن كۆمپانیای لۆكهید مارتن-ەوە دروست دەكرێت. وتیشی: لە ئەگەری سەرگرتنی ئەو هەوڵەمان، ئەگەری كڕینی پۆلێكی دیكەی ئەو جۆرە فڕۆكەیە لەئارادایە.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم پەیامە سەرەتای پڕۆسەیەكی دوور ‌و درێژە ‌و بەبۆچوونی بەرپرسانی ئەسینا، پێدەچێت تا ساڵانی 2027 و 2028 ئەو جۆرە فڕۆكەیەی بەدەست نەگات.  
پێشتریش، یۆنان داواكاریی كڕینی 24 فڕۆكەی جەنگی لە جۆری راڤال ‌و سێ كەشتیی جەنگیی فەرەنسی پێشكەشكردبوو، كە شەش فڕۆكەیان مۆدێرن ‌و 18كەی تریشیان، پێشتر لە لایەن هێزە ئاسمانییەكانی فەرەنساوە بەكارهێنراون. 
پێدەچێت ئەم هەنگاوەی یۆنان، توركیا نیگەران بكات، لە كاتێكدا هەردووكیان ئەندامی ناتۆن، بەڵام ماوەیەكی زۆرە دەربارەی چەند دۆسێیەك ناكۆكن، لەوانە، ناكۆكیی هەرێمی لە دەریای ئیجە ‌و مافی گەڕان ‌و كنەكردن بەدوای سووتەمەنیدا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان