لە ئۆزبەكستان خۆپیشاندان بەردەوامە

09:31 - 2022-07-05
جیهان
555 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

چەند رۆژێكە لە هەرێمی كاركڵپاكستنی ئۆزبەكستان، خۆپیشاندان بەردەوامە و بە مەبەستی بەرگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری توندوتیژی، شەوكەت میرزیایێڤ سەرۆكی ئەو وڵاتە باری نائاسایی بۆ ماوەی مانگێك راگەیاندووە. 
هەزاران بریندار 
خۆپیشاندانی ئەم جارەی ئۆزبەكستان، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا توندترین رووداوی لەو جۆرەیە كە ئەو وڵاتەی گرتبێتەوە ‌و خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا پێكهەڵپژاون ‌و وێڕای كوژرانی نزیكەی 25 كەس، لانیكەم 250 كەسیش دەستگیركراون ‌و بە هەزارانی دیكە برینداربوون ‌و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون. بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیی ئۆزبەكستانیش، تیمەكانی فریاكەوتن بەردەوامن لە گواستنەوەی بریندارەكان ‌و بەشێكی زۆری نەخۆشخانەكانی ئەو هەرێمە پڕبوون لە بریندار ‌و جێگەی نەخۆشی دیكەیان تێدا نابێتەوە. 
هۆكاری رووداوەكان 
هۆكاری رووداوەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە سەرۆكی ئۆزبەكستان بڕیاریدا راپرسیی بكرێت بۆ دەستكاریكردنی چەند بڕگەیەكی دەستووری وڵات، یەكێكیش لەو بڕگانە پەیوەندیی بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كاركڵپاكستن-ەوە هەیە لە باكووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، چونكە بەپێی دەستووری ئێستا، هاووڵاتیانی ئەو هەرێمەی ئۆزبەكستان لەڕێی راپرسییەوە مافی سەربەخۆیی ‌و جیابوونەوەیان هەیە. 
ئۆزبەكستان یەكێكە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ‌و لە باكوورەوە كازاخستان، لە باكووری خۆرهەڵاتەوە گیرغیزستان، لە باشووری خۆرهەڵاتەوە تاجیكستان، لە باشوورەوە ئەفغانستان ‌و لە باشووری خۆرئاواشەوە توركمانستان دەوریانداوە ‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 34 ملیۆن كەس دەبێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان