حه‌مه هاشم
شانۆ وەک هەر هونەرێکی دیکە لەگەڵ گەشەسەندنی هۆشیاری و کەلتورەکانی کۆمەڵگەکاندا گەشە دەکات و بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە شانۆ لە کوردستان و فەرەنسا جیاوازە هی روسیا لە شانۆی رۆما جیادەکرێتەوە، یان لە... ئیتالیا، یان لە ئەمریکا، بەپێی کەلتوری کۆمەڵگەکانیان دەگۆڕێت و ئەم ئەگەرە گەشەسەندنانەش بەپێی ژینگەی شوێنەکە دەگۆڕێت، هەروەها گەشەسەندن بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوەی کە وڵاتەکە تووشی دەبێت و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی بەردەوام دەبێت، بەم شێوەیە ئەو گەشەسەندنەی کە لە شانۆدا روودەدات، دەرئەنجامی بزوانی کۆمەڵگەیە بەگشتی، نەک رووناکی خستنە سەر ئەکتەر لە تاقیگەکەیدا بۆ شیکردنەوە و تاقیکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەکتەرێک دەتوانێت دیالۆگەکەی پێشکەش بکات، یان چۆن ئەکتەرێک دەتوانێت لەشجوانی خۆی بپارێزێت، یان چۆن لەسەر شانۆ رۆڵ دەبینێت، بێگومان بۆ دەرهێنەریش هەمان شتە، لەم رێگایەشەوە دەرهێنەری وریا، گەورەترین خەمی ئەوەیە کە چۆن دەتوانێت بیرۆکەکانی بگەیەنێت. چۆن دەتوانێت بینەرانی خۆی سەرقاڵ بکات و چۆن دەتوانێت ئامرازەکانی رۆڵبینین بکاتە ئامڕاز کە لە رێگەیانەوە خەیاڵە فیکرییەکانی بگەیەنێت، ئەمەش تا ئەم ساتە خەمی نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرە چۆن دەتوانن بینەر سەرقاڵ بکەن و لە فکر و ئەندێشە گوزارشت ئامێزەکاندا بینەر بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە دەق.
ئەوەی دەمانەوێ لەسەری بدوێین، شانۆگەریی (تۆ .. تۆ کێی)یە کە له ناو قشڵەی کەرکوکدا نمایشکرا. شانۆگەرییەک بوو لە کەشێکی کراوەدا لە دەرهێنانی هونەرمەند (بەرهەم ئەحمەد) و نمایش‌کردنی لەلایەن هونەرمەندان(نالی عەسکەر، هەرێم سلێمان، دیلان عەبدولڕەحیم) بوو. ناوی “شانۆی کراوە” ده‌خه‌ینه پاڵ ئه‌م شانۆگه‌رییه بۆئەوەی وه‌ك بیرۆكه‌یه‌كی نوێ له‌لامان بچه‌سپێ و لە فۆرمولەی پێشکەشکردنی شانۆی ته‌قلیدیدا بمانباته ده‌ره‌وه تا له‌گه‌ڵ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوەی شانۆی فەرمیی دوور بکەوینهوە.
دەستەواژەی شانۆی کراوە وا ده‌كات له پڕاكتیكدا کێشەی ئەزموونکردنی زیاتر پێویست بێت، چونكه فه‌زا له‌به‌رده‌می ده‌رهێنه‌ر و ئهكتهردا ئاڵۆزتر دەبێت و سنوری كایه‌ی نمایشه‌كه بێ كۆنتڕۆڵ ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م پانتاییه‌ش ئه‌كته‌ری باش و به‌ئه‌زموونی گه‌ره‌كه.
شانۆ، هــەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ناو یۆنانییەکاندا، بۆ خۆی تاقیکردنەوەیەک بووە، ئەوەی تێسپیس (نووسه‌ر و ئه‌كته‌ری یۆنانی) لەسەر گالیسکەكهی خۆی پێشکەشی دەکرد جۆرێك بوو له شانۆی كراوه، کاتێک بە شەقام و کۆڵانەکاندا دەسوڕایەوە، له هەموو نمایشێکدا تاقیکردنەوەی چۆنیەتیی دەکرد، تا بینەر بەدەستبهێنێت و وایانلێبکات لە دەوری گالیسکەکەی کۆببنەوە، ههمیشەیش بیری له‌لای ئه‌وه بوو كه ئایا سوودی لە پێشکەشکردنەکە وەرگرتووە.
ئایا توانیویەتی بیرۆکەکانی بگەیەنێت؟ دەبێت لە کارەکانی داهاتوودا چی بکات بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی پێشکەشکردنەکە و چۆن دەتوانێت پەرە بە دیمه‌نه ئەرێنییەکانی ناونمایشی پێشوو بدات؟
هەموو ئەم پرسیارانە و پرسیاری دیكه‌ش لە هەموو نمایشێکی نوێ‌دا ده‌بێ ئه‌ندێشه‌ی ده‌رهێنه‌ر داگیربكات. کەواتە ئایا ئه‌مه گەشەکردنێک نییە لە بنەچەی شانۆدا؟
بێگومان بۆ ده‌رهێنه‌رێكی وه‌ك (به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د) كه ته‌مه‌نی ئه‌زموونه‌كانی تازه‌ن له شانۆدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره جدییه‌كان به‌رله‌وه‌ی بۆ بینه‌ر گرنگه بیخاته روو، بێگومان بۆخۆشی پێویستی به‌وه‌ڵامه.
شانۆگه‌ری (تۆ تۆ كێی) كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئینسانی دابڕاوه له‌گه‌ڵ خودی خۆی، تاقیكاری چاكه و خراپه‌ی ژیان بوو، هێز و لاوازی، ترس و سه‌رفرازی، رووناكی و تاریكی، له دووكهسایهتیدا كه له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك كه‌سن، ململانێیه‌كی ده‌روونی به‌هێزی تێدا خوڵقابوو وه‌ك بیرۆکەی كاره‌كه، بێگومان له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌كته‌ره‌كاندا یه‌كجار سه‌ركه‌وتوو بوو، دوو ئه‌كته‌ری بزۆزی خاوه‌ن جه‌سته‌ی شیاوی پڕ وزه‌ی وه‌ك (نالی و هه‌رێم) كه تێكڕای ئه‌و پانتاییه گه‌وره‌یان كۆنترۆڵ كردبوو، به‌سه‌رنج راكێشانی بینه‌ره‌كانیان.
ئه‌گه‌رچی كه‌شی گشتی شوێنه‌كه هاوكار بوو بۆ دیمه‌نه جوانه‌كانی شانۆكه، به‌ڵام نكۆڵی له رێكخستنی ئیساتیكی رووناكی ناكرێت به‌سه‌ر به‌شه كۆنه‌كانی دیواری قشڵه‌ی كه‌ركوكدا كه بووبوو به به‌شی زیندووی نمایشه‌كه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردبوو بۆ منێكی شێوه‌كار، دیمه‌نی نایابی شێوهكارانه ببینم، یان دیمه‌نی فۆتۆگرافیانه‌ی پڕ ده‌ربڕین كه هه‌م به هۆی رووناكییه‌وه خهمڵابوون هه‌م به‌هۆی جوڵه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ره باشهكانیهوه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه هێزی ده‌ربڕین به‌هۆی ئاماژه و جوڵه و ره‌نگ و بۆشاییه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت، كه له‌م نمایشه‌دا به‌ته‌واوی كاری له‌سه‌ر كراوه.