״ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان هەڵدەوەشێتەوە״

10:25 - 2022-07-06
جیهان
670 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

بە مەبەستی هێوركردنەوەی دۆخی وڵاتەكەی ‌و بەڕێوەچوونی دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەكان، سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان چەند بڕیارێكی دەركرد ‌و رایدەگەیەنێت كە دوای پێكهێنانی حكومەت، ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی  هەڵدەوشێننەوە. ئۆپۆزسیۆنیش تەئكیدیكردۆتەوە كە متمانەیان بەو بڕیارانە نییە.
كشانەوەی سوپا 
عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان رایگەیاندووە: دامەزراوە سەربازییەكان لە گفتوگۆی نێوان لایەنە نیشتمانییەكانی  وڵاتەکەیدا بەشداری ناكات ‌و جەختی لە گرنگیی پاراستنی یەكپارچەیی ‌و ئاسایشی وڵاتەكەی كردۆتەوە. 
روونیشیكردۆتەوە: ئامانجیان پاراستنی سەقامگیریی وڵات ‌و گۆڕانكاریی دیموكراسییە ‌و داوای لە سەرجەم هێز ‌و لایەنە نیشتمانییەكانی سودان كردووە، بەشداریی لە دیالۆگی سوداندا بكەن. وتیشی: دامەزراوەی سەربازیی سودان پابەندە بە جێبەجێكردنی دەرچەكانی گفتوگۆ ‌و دوای پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ئەنجومەنی سەرۆكایەتی هەڵدەوەشێتەوە ‌و لە شوێنی ئەو، ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكان پێكدەهێنرێت ‌و ئامانجی كشانەوەی سوپا لە دیالۆگ، درفەت رەخساندنە بۆ هێزە سیاسی ‌و شۆڕشگێڕەكان تا حكومەتێكی نوێی خاوەن توانا ‌و لێهاتوو پێكبهێنن.
پاشگەزبوونەوەیەكی تەكتیكی
 لە بەیاننامەیەكیشدا، هێزەكانی ئازادی ‌و گۆڕان كە ئیئتلافی سەرەكیی ئۆپۆزسیۆنە لە سودان، بڕیارەكانی عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەرکانی سوپای وڵاتەكەیان رەتكردۆتەوە ‌و بە مانۆڕێكی ئاشكرا ‌و پاشگەزبوونەوەیەكی تەكتیكی وەسفی دەكەن ‌و داوایان لە خەڵكی سودان كردووە، لە خۆپیشاندان ‌و ناڕەزاییەكانیان بەردەوام بن.
ئاماژەیان بەوەشداوە، كە ئەركی ئێستایان، درێژەدانە بە گوشاری جەماوەری بە هەموو شێوازێكی ئاشتییانە، تا ئەو كاتەی كودەتاچییەكان واز لە دەسەڵات دەهێنن. 
دەسەڵات تەسلیمی خەڵكی مەدەنی بكەن
لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، دوای ئەوەی سوپای سودان پیكهاتەی مەدەنی لە حكومەتی راگوزەر دوورخستەوە، لەو كاتەوە خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایی شەقام ‌و ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە.
 دوای رووداوەكەش، ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمریكا داوایان لە سوپای سودان كرد، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ‌و دەسەڵات تەسلیمی خەڵكی مەدەنی بكەن. داواشیان لە ئیدارەی كۆشكی سپی ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، سزا بەسەر ئەو لێپرسراوانەدا بسەپێنن، كە مافی مرۆڤیان پێشێلكردووە ‌و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
سەرچاوە: ئاژانسەكان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان