كوردۆنیا فەتاح
لە ئێران هەندێك پێیانوایە كە ترەمپ دەرفەتە و هەندێكیش بڕوایان وایە هەڕەشەیە، هەندێكیش لایان وایە جارێک زووە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ خولی دووەم سەرۆكایەتی ترەمپ بكرێت. هەندێك لەچاودێرانی سیاسیی ئێرانیش رایان وایە كە ترەمپ بۆ ئێران نە هەڕەشەیە و نە دەرفەت، بەڵكو ئەوەی لێرەدا گرنگە بەلای ئەوانەوە، چۆنێتی مامەڵەكردنی تارانە. لەلایەكی ترەوە حكومەت و وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ترەمپ هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبووە و بە ئاسانی وەریانگرتووە و راشیانگەیاندووە بۆ ئەوان فەرق ناكات كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە، كردار و هەڵسوكەوتی ئیدارەی نوێی ئەمریكایە.
دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بكەین كە بزانین تیمەكەی ترەمپ لە چ كەسانێك پێكدێن و هاوكات تارانیش چ سیاسەتێكی نوێ دەگرێتەبەر، كەوا بوو دەبێت چاوەڕێی كات بكەین
پزیشكیان: بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نییە كێ لە هەڵبژاردنەكەی ئەمریكا سەركەوتوو بووە
ئاژانسی ئیسنا، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە سەركەوتنەكەی ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا رایگەیاند: بۆ ئەوان هیچ جیاوازییەک نییە كێ براوە بووە، چونكە وڵاتەكەی پشتی بە گەلە شكۆمەند و عیزەتەكەی قایمە.
دەشڵێت: ئەولەویەتی ئەوان، پەرەپێدانی پەپوەندییەكانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی و پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، روانینی داخراو و سنوورداریان نییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: كرداری ئەمریكا گرنگە
ئاژانسی ئیسنا، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هەڵبژاردنی سەرۆك لە ئەمریكا لە ئەستۆی گەلی ئەو وڵاتەیە و ئێستا ئەوان هەڵبژاردنی خۆیان كردووە. وتیشی: ئێمە لە سیاسەت و كردارەكانی رابردووی ئەمریكا ئەزموونێكی زۆر تاڵمان هەیە و هەڵبژاردن دەرفەتێكە بۆ پێداچوونەوە و چاوخشاندن بە كردارە نەگونجاوەكان لە رابردوودا و ئەوەی ئێستا بۆ ئێران گرنگ و پێوەرە، كرداری ئیدارەی ئەمریكایە.
وتەبێژی حكومەتی ئێران: لە هاتنی ترەمپ نیگەران نین
فاتیمە موجاهەرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران: هەڵبژاردنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە ئێمەوە نییە و سیاسەتە گشتییەكانی ئێران جێگیر و نەگۆڕە و بە گۆڕینی كەسەكان، گۆڕانكاریی بەسەر ئەو سیاسەتانەدا نایەت.
موهاجەرانی وتیشی: بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نییە كە كێ لە ئەمریكا دەبێتە سەرۆك، چونكە ئێمە پێشتر بەرنامەی خۆمان داڕشتووە. ئێران زیاتر لە چل ساڵە، سزا دراوە و ئێستا قاڵبۆتەوە و لەوەی كە دووبارە ترەمپ دەنگی بەدەستهێناوەتەوە نیگەران نین، چونكە لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ هیچ جیاوازییەک نابینین.
رۆژنامەی كیهان: بۆمان جیاواز نییە
رۆژنامەی( كیهان) كە سەر بە باڵی موحافزكارانە و زمانحاڵی ئەوانیشە رایگەیاند: بۆیان فەرق ناكات كێ دەبێت بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەوان ئەمریكا بە شەیتانی گەورە دەزانن. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە نەبوونی ترەمپ لە چوارساڵی رابردوودا، كەمترین گۆڕانكاریی لەسەردەمی دەسەڵاتی دیموكراتەكان روویداوە.
عەلی بیگدلی: پزیشكیان دەبێت گرژییەكان كەم بكاتەوە
رۆژنامەی شرق: عەلی بیگدلی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی كاروباری ئەوروپا سەبارەت بە سەركەوتنی دووبارەی ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و پەیوەندیی ئەمریكا و ئێران و ئەوروپا دەڵێت: لەناو میدیا و ناوەندە سیاسییەكانی ئێران ئەو وێنایەی كە لە ترەمپ دەكرێت، هەمان وێنای خولی یەكەم سەرۆكایەتی ترەمپ-ە، بەڵام من پێموایە ترەمپ لە چوار ساڵ رابردوو كە بایدن سەرۆك بووە، ئەزموونی پێویستی بۆ سەرۆكایەتی پەیدا كردووە و توندڕەوانە هەڵسوكەوت ناكات، ئەمەش بەو مانایە نییە كە ترەمپ نەرمونیان بێت، یان رەفتارێكی نەرمتری لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام خۆی لە هەڵەشەیی بەدوور دەگرێت و جوڵەی دیبلۆماسی دەخاتە بەرنامەی كاری خۆیەوە.
ئەو شارەزایە پێی وایە، ئەگەر پەیوەندییەكانی ترەمپ لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ هەروەك خولی پێشووی پڕ لە گرژی بێت، ئەوە ئەوكات فەزای مامەڵەكردنی زیاتر لە نێوان ئێران و ئەوروپا دێتە ئاراوە، زۆرجار وتوومە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە كە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆمار سیاسەتی گرژی سڕینەوە لەگەڵ ئەوروپا بگرێتەبەر بۆئەوەی هەلومەرجەكە بگۆڕێت، چونكە بەهۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، دۆخی ئێمە لەگەڵ ئەوروپاییەكان باش نییە و نابێت بە هیچ جۆرێك بە هیچ بیانوویەك رێگە بدەین دۆخەكە لەوە خراپتر بێت. زۆربوونی گرژییەكان لەنێوان ئێران و ئەوروپا، تەنانەت ئەگەر پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و ئەوروپاش بەرەو خراپتر بڕوات، ئەوكاتەش دەرفەتی نزیكبوونەوەی ئێران لە ئەوروپاییەكان فەراهەم نابێت، هەربۆیە پەیوەندیی بە رەفتاری ئێرانەوە هەیە.
جەعفەر حەق پەنا: لە تیمەكەی ترەمپ بترسن، نەك خودی ترەمپ
رۆژنامەی شرق: جەعفەر حەق پەنا شارەزاری سیاسەتی نێودەوڵی: نەك ترەمپ، بەڵكو خودی تیمەكەی ترەمپ بۆ ئێران ترسناك دەبێت، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی نابێت زۆر گەشبینانە سەیر بكرێت، ئەگەر بە وردی سەیری پێشینە و ئەزموونی ترەمپ بكەین، كەشێكی لە (دەرفەت) و(هەڕەشە) ی خوڵقاندووە، بەر لە هەڕەشەكانی ترەمپ دەبێت سەیری پێكهاتەی رەوت و تیمەكەی ترەمپ بكەین كە یەكدەستن، تیمەكەی ترەمپ، وەك ترەمپ، تایبەتمەندی یەك بزنس و بارزگانیان نییە و بە چاوێكی بزنسی سەیری پێشهاتە سیاسییەكان ناكەن، تیمەكەی ترەمپ و پشتیوانانی ئەوتیمەش كەشێكی دژە ئێرانیان دروستكردووە، هەربۆیە دەبێت لە تیمی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، كە تیمێكی ئەمنی و سەربازی و بەرگرییە، بترسین نەك لە خودی ترەمپ.
جەعفەر قەنادباشی: ترەمپ كەسێكی بزنس و بازرگانە
رۆژنامەی شرق: جەعفەر قەنادباشی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت: بە هیچ شێوەیەك سەركەوتنی دووبارەی ترەمپ بۆ ئێران نابێتە هەڕەشە، چونكە ترەمپ لە خولی یەكەمی خۆیدا دەریخست كە كردارەكانی زۆر قابیلی كۆنترۆڵ و پێشبینی نییە، دیتمان كاتێك كە ئێران هێرشی كردە سەر بنكەی سەربازی(عین الاسد) ترەمپ رایگەیاند، كە هێرش دەكاتە سەر 52 بنكەی ئێران، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەبوو. ترەمپ لە ئێستادا بەدوای لۆژیكە لە سیاسەتدا و دەبێت ئەوەش بزانین كە ترەمپ كەسێكی بزنس و بازرگانە. ترەمپ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبری ئەوەی جەنگ هەڵگیرسێنێت، بە شوێن وەدیهاتنی پەیمانی( ئیبراهیم) و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دایە، بۆیە ترەمپ بە هیچ جۆرێك بۆ تاران نابێتە هەڕەشە و بە شوێنی زیاتركردنی گرژییەكان لەگەڵ ئێران نییە چونكە تێچوویەكی زۆر دەخاتە سەرشانی ئەمریكا.
جەلالی میرزایی: نابێت رەشبینانە سەیری تیمەكەی ترەمپ بكرێت
رۆژنامەی شرق: جەلالی میرزایی مامۆستای زانكۆ و پەرلەمانتاری پێشووتری ئێران پێی وایە، هەڕەشە یان دەرفەتبوونی ترەمپ پەیوەندیی بە جۆری روانین و نیگای ئێرانەوە هەیە. هەربۆیە ئێران دەبێت لە بڕیارداندا بەرەو گۆڕانی هەندێك لە سیاسەتەكانیدا بڕوات و دیبلۆماسییەكی چالاك و هۆشمەندی بێت و بەو شێوەیە هەنگاو بنێت، چونكە ئێران لە رێكارەكانی خۆی باش پێناسە بكات ئەوكات دەتوانێت هەڕەشە بكات بە دەرفەت.
میرزایی دەشڵێـت: دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت كە ترەمپ یەك خول سەرۆك بووە و لە شكست و بڕیارە هەڵەكانی خۆی ئەزموونی وەرگرتووە، بۆیە ئەمجارە لۆژیكی رەفتار دەكات. ئێرانیش ئەزمونی چوار ساڵ هەڵسوكەوتی لەگەڵ ترەمپ هەیە و دەزانێت ئەمجارە چی دەكات. ناكرێت هەر لە ئێستاوە، رەشبینانە سەیـــری كــــابینەكەی ترەمپ بكەین، چونكە ترەمپ لە روانگەی كـــەسایەتییەوە جـۆرێك سەربەخۆیی سیاسی لە كۆماریخوازەكان و پێكهاتەی سیاسەت لە ئەمریكا وەرگرتووە.
مەحمود سادقی: زووە لەسەر ترەمپ قسە بكەین
رۆژنامەی اعتماد: مەحمود سادقی چالاكی سیاسی و مامۆستای زانكو دەڵێت: هێشتا زووە لەسەر كردار و مامەڵەی ترەمپ قسە بكەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، چونكە ترەمپ بە پێچەوانەی هەموو راپرسی و پێشبینییەكان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا سەركەوت. نەك ئێران بەڵكو ئەوروپا و هەموو وڵاتانی جیهان و تەنانەت لەناوخۆی ئەمریكاش خەڵك تووشی شۆك و سەرسوڕمان بوون. سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا كاریگەرییەكی زۆری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و تەنانەت لەناوخۆی وڵاتانی جیهان بە ئێرانیشەوە دەبێت. رەفتارەكانی ترەمپ لە خولی یەكەم سەرۆكایەتی دەریخست، كە ئەو قابیلی پێشبینی نییە. جارێک روون نییە كە ترەمپ لەبەرامبەر قەیرانی ئۆكرانیا و جەنگی ئیسرائیل چ هەڵوێستێكی دەبێت. پێدەچێت بەپێی ئەو روانیینە ئابوورییە كە ترەمپ بۆ روسیای هەیە، لەوانەیە یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا كەم بكاتەوە هەروەها ترەمپ پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و لەوانەیە دەستی نەتانیاهۆ زیاتر كراوەتر بێت.
حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە: ترەمپ پەیام بۆ ئێران دەنێرێت
رۆژنامە اعتماد: حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران دەڵێت: گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی بە جۆرێك لە جۆرەكان لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات دەچێت، بە ئامانجی پێشوو و تاكتێكی نوێ. تاڵیبان سەرەتا شۆفڵ ئاسا هاتنە ناو گۆڕەپانەكەوە، دیتیان بە ئامانجەكانیان ناگەن رۆیشتن و دواتر بە شێوازی نوێ و ئامانجێكی كۆن هاتنەوە، ترەمپ-ی نوێش بەمشێوەیە، بە ئامانجێكی كۆن و شێوازێكی نوێ هاتەوە.
فەلاحەت پیشە دەشڵێـت: ترەمپ لە هەنگاوی یەكەمدا پەیامێك بۆ ئێران دەنێرێت و لەو پەیامەدا ئامادەیی خۆی بۆ وەڵانانی كێشەكان دەردەبڕێت و دواتریش بەرەو سیاسەتی گوشاری زیاتر دەڕوات. لە ساڵانی رابردوو چەندین دەرفەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران هاتە پێشێ كە دانە دانە بە فیڕۆ ڕۆیشت، بەڵام ئەمجارە لەو دەرفەتانەی كە دێنە پێشەوە دەبێت بە باشترین شێوە كەڵك وەربگرین.