د.كەمال فوئاد؛ سیاسەتمەدار و ڕووناکبیر
د.كەمال فوئاد كەسایەتییەكی گەورەی سیاسیو روناكبیریی كوردستان بوو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو ، زیاتر لە 60ساڵ لەكۆڕی تێكۆشانی سیاسیو رۆشنبیری خزمەتی زۆری بەگەلو نیشتمانەكەی كرد.
كەمال عەبدولكەریم محمەد فوئاد كەبەد.كەمال فوئاد ناسراوە، ساڵی 1932 لەبنەماڵەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
لەسلێمانیو بەغداو ئەڵمانیا خوێندویەتی. لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو چۆتە ئەڵمانیاو لەوێ ماستەری لە فۆنیمەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی هامبۆرگو دكتۆرای لەسەر دەستنوسە كوردییەكان وەرگرتووە.
دكتۆر كەمال هەر لەسەرەتای ژیانی لاوی و لەتەمەنی 15ساڵی تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووەو سەرەتا پەیوەندی بەحزبی شیوعی عیراقەوە كردووەو یەكێك لە كادیرە دیارو چالاكو هەڵسوڕاوەكانی ئەو حزبە بووەو لەبەغدا هەمیشە رابەرو پێشەنگی خۆپیشاندانەكان بووەو هەر بەهۆی ئەوەوە دەستگیر كراوەو دوو ساڵ لەزیندان ماوەتەوە.
دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دریًَژەی بەخەبات داوەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیو ساڵانێكی دوورو درێژ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە.
بێ لەكاری سیاسی، د.كەمال خولیای ئەدەبو رۆژنامەنووسی بووەو لەوبوارەدا شوێن پەنجەی دیارەو دیارترین كاری ئەوەبووە كەساڵی 1968 لەئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانی دۆزییەوەو لەساڵی 1972 چاپی كردن.لەساڵانی 1971-1974 وەك مامۆستای زانكۆ لەبەشی كوردی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا خزمەتی كرد.
ئەم سیاسەتمەدارو روناكبیره گهورهیهی كورد لە ڕۆژی 15-11-2014 لەوڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردو چووە دنیای نەمرییەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك و پیرۆزی دكتۆر كەمالی روناكبیرو سیاسەتمەدار.
لە چراکانی نیشتمانەوە