سبەی یەکشەممە بەشوەی تێست کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ، لەسەر رێگەی تاسڵوجە - چەمچەماڵ، دەکەونەکارو دوای سێ رۆژ بەفەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن.
عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لەپلانماندایە سبەی یەکشەممە کاتژمێر ١٢ی پاشنیوەڕۆ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، لە تاسڵوجەوە بۆ بانی مەقان، وەک تێست بۆ ماوەی سێ رۆژ بخەینەکار بۆ زانینی پابەندیی شۆفێرەکان، گونجاندنی خێرایی کامێراکان، راستی و دروستیی کامێراکان، پاشان لە رۆژی چوارشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم، کاتژمێر ١٢ی پاشنیوەڕۆ بەفەرمی کار دەکەن و سەرپێچی تۆمار دەکەن.
وتیشی، کۆی کامێرا جێگیرکراوەکان لە هەردوو سایدی رۆیشتن و هاتن ٢٨ کامێرایە و خێرایی بەگوێرەی شوێن دەگۆڕێت، ئەوپەڕی خێرایی رێگەپێدراو ١٠٠ کیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و کەمترین خێرایی لەناو تەکیە و شوێنە ئاوەدانییەکان بە ٦٠ کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە و دەبێت شۆفێر پابەندی بێت.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەشکرد، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ توانیویانە ببنە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ لەو شوێنانەی جێگیر کراون.
لەسەر رێگەی سلێمانی - دوکانیش، پێشتر ٢٤ کامێرا جێگیر کراوە، ١٢ کامێرایان بۆ رۆیشتن و ١٢ کامێراش بۆ هاتن بۆ ناو شاری سلێمانی جێگیر کراون.