بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە لە شارەدێی ڕزگاری یەکەم فێستیڤاڵی ئەدەبیی جینۆساید بۆ شیعر و چیرۆک بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە لە لایەن ڕێکخراوی یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید بە هەماهەنگی لە تەک ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای دەستخۆشی لە یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید بۆ ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە، ڕایگەیاند، "وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەڕوانگەی هەستکردن بەگرنگی ئەم بابەتە پارساڵ کۆنفرانسێکی فراوانی سازکرد بەناوی "جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەردا"، ئەمساڵیش لەبەر گرنگی بابەتەکە لیژنەی ئامادەکار کار لەسەر دووەمین کۆنفرانس دەکەن بە بەرفراوانتر کە هەم نێودەوڵەتییە و هەمیش تەوەری میدیای بۆ زیادکراوە".
دوای مەراسیمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بە یاوەری ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد و تاجەگوڵی ڕێز و وەفای لە بەردەم مۆنۆمێنتەکە دانا.