بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێکان کرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتی کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران و رایگەیاند، هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و مافەکانیان بووە، پێویستە قووتی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە و مافەکانیان پارێزراوبێت، بۆ ئەمەش داوای پابەندیمان لە هەموو لایەک کردووە و پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە.
دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوون و لەوبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا کردەوە لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیر و دادپەروەردا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ داوایکرد، هەموو لایەنەکان بە یەکدەنگی و گوتارێکی نیشتمانییەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە و هەوڵ بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی وڵات بدەن تاوەکو خاکەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.