«وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت»

پرسی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران تاوتوێ دەكرێت

10:13 - 2022-07-20
ئابووری
566 جار خوێندراوەتەوە
#مووچەخۆران لە چاوەڕوانیی دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەدان

ئا: لیا جاف

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی لە پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: راپۆرتێكیان لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمەوە ئامادەكردووە و بەمزوانەش وەزیری دارایی هەرێم، بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن.
هاوكات گرنگترین ئەو بابەتانە ئاشكرا دەكات، كە لەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەدا، تاوتوێ دەكرێت و دەشڵێت: «بەوپێیەی نرخی نەوت بەرزە، بۆیە بارودۆخی ئێستا دارایی هەرێم زۆرباشە».

ماوەی شەش ساڵە راگیراوە‌
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی داراییە، ئاماژە بەوە دەكات: وەك لیژنەی دارایی، سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین لەبارەی كۆی بارودۆخی دارایی هەرێم و هەموو ئەو یاداشتانەی كە ئەندامانی پەرلەمان داویانەتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و رەوانەی حكومەت كراون، بە تایبەت ئەو پرسانەی كە رەهەندی داراییان هەیە، دوای تەواوبوونی راپۆرتەكەش، بەمزوانە وەزیری دارایی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لە كاتی بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان، یەكێك لە گرنگترین ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، پرسی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانە كە ماوەی شەش ساڵە بە بڕیاری حكومەت راگیراوە‌، لە كاتێكدا لە رووی یاساییەوە فەرمانبەران مافی خۆیانە پلەكانیان بەرز بكرێتەوە، چونكە ئەو بڕیارەی دراوە بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران، نایاسایی بووە.

بۆ خانەنشینان بووە بە زیان
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات: بارودۆخی ئێستا دارایی هەرێم زۆرباشە، چونكە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی هەرێم كە نەوتە، نرخەكەی بەرزە و هەرێم داهاتێكی باشی دەستدەكەوێت‌، بۆیە پێویستە بە زوویی دەست بە رێكاری پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێت.
 باسی لەوەشكرد: بەهۆی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانەوە، زیانێكی زۆر بەو فەرمانبەرانە كەوتووە كە خانەنشین بوون.
بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی هەرێمەوە، لە رێكەوتی (1/1/2016)ەوە، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە راگیرا و لەو رێكەوتەوە، تەنیا سەرەمووچەی ساڵانە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان ئەژمار دەكرێت، بۆیە ئێستا لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی دارایی هەرێم، داوا دەكرێت جارێكی دیكە دەست بە گەڕانەوەی ئەو مافەی مووچەخۆران بكرێتەوە.
پێشتریش، چەند جارێك وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاندبوو كە پرسی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران، پەیوەستە بە بارودۆخی دارایی هەرێمەوە.
ئاماژەی بەوەشكردبوو: هەر كاتێك ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە بدات، ئەوان وەكو وەزارەتی دارایی بە زووترین كات بڕیارەكە جێبەجێدەكەن.
باشبوونی بارودۆخی دارایی حكومەتی هەرێم، پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە، بۆیە كابینەی نۆیەم بڕیاریداوە، بەپێی ئەولەوییەت، زیادبوونی داهاتی نەوت بخاتە خزمەتی مووچەخۆران و بووژانەوەی سێكتەرە ئابووری و بازرگانییەكانەوە، هەروەها دەستپێكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان