مستەفا كازمی: نرخی كارەبا بۆ هاووڵاتیان كەم دەکرێتەوە

09:52 - 2022-07-28
ئابووری
733 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت: پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای عیراق بە وڵاتانی دراوسێوە، رۆڵی گرنگی دەبێت لە دابینكردنی بڕێكی زۆری كارەبا بۆ عیراقییەكان بە نرخێكی هەرزان.
وتیشی: «بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی سندوقی نێودەوڵەتی نەخت، لە كاتێكدا جیهان لە قەیرانێكی قووڵی ئابووریدایە، بەڵام سێكتەری ئابووریی عیراق لە گەشەسەندن و ئارامی بەردەوامدایە».
لە میانی كردنەوەی وێستگەیەكی كارەبا لە پارێزگای ئەنبار، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: پڕۆژەی پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای عیراق بە وڵاتانی دراوسێ، یەكێكە لە كارە ستراتیژییەكانی ئەم حكومەتە كە سوودی باشی دەبێت بۆ هاووڵاتیان، چونكە ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی دابینكردنی بڕێكی زۆری كارەبا بۆ عیراقییەكان كە لە دوای 2003وە، بە دەست كەمیی كارەباوە گێرۆدە بوون.
وتیشی: «لەگەڵ كۆتایی هاتنی ئەو پڕۆژەیە و زۆربوونی بەرهەمی كارەبا، كارەبا بە نرخێكی زۆر هەرزانتر لە ئێستا دەگاتە ماڵەكان».
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق، بارودۆخی ئێستای ئابووریی وڵاتەكەی شیكردەوە و رایگەیاند: لەكاتێكدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە، داهاتی گشتیی وڵات گەیشتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار و جووڵەی بازرگانی تا رادەیەكی زۆر لاواز بوو، بەڵام توانییان عیراق لەو قۆناغە سەختە بە سەلامەتی تێپەڕێنن، بەشێوەیەك بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنی سندوقی نێودەوڵەتی نەخت، «لە كاتێكدا جیهان لە قەیرانێكی قووڵی ئابووریدایە، بەڵام سێكتەری ئابووریی عیراق لە گەشەسەندن و ئارامی بەردەوامدایە».
ئاماژەی بەوەشدا: پلانیان هەیە بۆ ئەوەی ناوی وەزارەتی كارەبا بگۆڕن بۆ وەزارەتی كارەبا و وزەی جێگرەوە.
رۆژی 17ی 7ی 2022، د.عادل كەریم وەزیری كارەبای عیراق، گرێبەستی پڕۆژەی بەستنی تۆڕی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداو لە رێگەی سعودیەوە ئیمزا كرد.
پڕۆژەكە توانای گواستنەوەی بڕی هەزار مێگاوات و 400 كیلۆڤۆڵتی هەیە و درێژییەكەشی بریتییە لە 435 كیلۆمەتر. ئەو پڕۆژەیە پشتیوانیی متمانەی تۆڕە كارەباییەكانی عیراق و وڵاتانی كەنداو دەكات، بۆ بەدەستهێنانی پاشەكەوتی ئابووری و یەكخستنی تۆڕەكان بۆ وزەی نوێبۆوە، هاوكات هەنگاوێكە بۆ دامەزراندنی بازاڕێكی هەرێمایەتیی بۆ بازرگانیی كارەبا لە ناوچەكەدا.
ماوەی نزیكەی 20 ساڵە، عیراق كێشەی كەمیی بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە و تائێستا نەتوانراوە بە تەواوەتی چارەسەر بكرێت.
لە چەند ساڵی رابردووشدا، پێشنیازێك لە حكومەتەوە هەبوو، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، رێگە بە عیراق بدرێت لە یۆرانیۆمەوە، وزەی كارەبا بەرهەمبهێنرێت، بەڵام هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون.

#مستەفا كازمی

بابەتە پەیوەندیدارەکان