پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان

04:20 - 2022-08-02
کوردستان
653 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی کارەساتی   جینۆسایدی  کوردی ئێزدی و پەلاماردانی   شەنگال و دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە، سەری  رێز و نەوازش بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە دادەنەوێنین. 
  هەر لەم یادە کارەساتبارەدا  وێڕای ئەوەی ئەو ناوچانە لە چنگی زوڵم و زۆری  چەکدارانی داعش رزگارکراوە و بەشێک لەو کەسانەی بە دیل و کەنیزەک  فڕێنرابوون  رزگاریان بووە و ئازاد کراون،
 هەوڵ و کۆششەکانی ئێمە  لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەیە هەوڵەکانی ھەموو لایەک بە حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە کوردستانی و عیراقییەکان چڕتر  بکرێنەوە بۆ دۆزینەوە و سۆراغی ئەوانەی کە لە کارەساتەکەوە  تاکو ئێستا بێسەرو شوێنن،  هەروەها کاری جدی بکرێت له پێناوی ئاوەدانکردنەوەی  زیاتری گوند و شارۆچکە و شوێنی نیشتەجێبوونی  ئێزدییەکان و لە ژیانی ناو کەمپ و ئاوارەیی و بەکارهێنانیان وەک کارتی سیاسی  جۆراوجۆر رزگار بکرێن و ژیانێکی  ئاسوودەیان بۆ دابین  بکرێت و کارو دەسەڵاتی شیاویان لە دەزگا  ئیدارییەکانیاندا  پێبدرێتەوە تاکو برین و ناهەموارییەکانی  سات و رۆژەکانی کارەساتەکەیان سارێژ بکرێتەوە.
ئەرکێکی تر کە لەسەرشانی هەموانە ئەوەیە  کە هەوڵەکانی  پاراستنی   ئێزدییەکان و ناوچەکانیان زیاتربخرێنەگەڕ تا لە هەر هەڕەشەو پەلاماردانێکی تر کە ببێتە مەترسی لەسەر ژیانیان پارێزراو بن.

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان