ئەو موشەكەی زەواهیری پێ كوژرا

09:34 - 2022-08-07
ڕاپۆرت
194 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

بە بۆچوونی شرۆڤەكارانی سەربازیی ئەمریكا، ئەو موشەكەی ئەیمەن زەواهیری پێ كوژرا،  لە جۆری RX9 بووە. 
موشەكەكە كە بە كۆپیی نوێی موشەكی هێڵفایەر AGM-114 دادەنرێت، بە بێ تەقینەوە ‌و زۆر بە وردی ئامانجەكەی دەپێكێت، ئەوەش لە زیانگەیاندن بە دەوروبەری ئامانجەكە، زۆر كەم دەكاتەوە.  
موشەكەكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا وەك چەكێك لە دژی تانك بەكارهێنراوە، پاشان بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ‌و لە دوای پەلامارەكانی 11ی سێپتەمبەریشەوە، بۆ بە ئامانجگرتنی مرۆڤ بەكاردەهێنرێت.  
رۆژنامەی وۆڵ ستریت گورناڵی ئەمریكی ئاماژەی بەوە داوە: كێشی موشەكی RX9 زیاتر لە 45 كیلۆگرام دەبێت ‌و  بەهۆی لێزەرەوە ئاراستە دەكرێت، بەكارهێنانیشی پێویستی بە زانیاریی هەواڵگریی زۆر ورد ‌و متمانەپێكراو هەیە. 
روونیشیكردۆتەوە: موشەكەكە شەش چەقۆ یان شفرەی پێوەیە ‌و دەچنە جەستەی ئامانجەكەوە ‌و ئەوانەشی كە لە نزیكیەوەن، دەكوژێت. هەروەها موشەكەكە لە توانایدایە كە زیاتر لە 50 كیلۆگرام كانزا ببڕێت ‌و لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دیزاینكراوە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانییەكان لە خەڵكی مەدەنی لە كاتی پڕۆسە سەربازییەكانی سوپای ئەمریكا لە شوێنە جیاجیاكانی جیهاندا، چونكە بەرپرسانی گروپە تیرۆریستی ‌و توندڕەوەكان زۆرجار لە نێو خەڵكی مەدەنیدا خۆیان دەشارنەوە.
هەفتەی رابردوو، لە رێی هێرشێكی موشەكیی هێزەكانی ئەمریكاوە، ئەیمەن زەواهیری سەركردەی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە خانوویەكدا لە كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، كوژرا، كە دوای كوژرانی ئوسامە بن لادن سەركردەی ئەلقاعیدە لە مانگی ئایاری 2011 دا لە پاكستان، ببووە سەركردەی ئەو گروپە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان