دوو پڕۆژەیاسا بۆ باشتركردنی بواری پەروەردە و فێركردن

10:53 - 2022-08-08
کوردستان
492 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی پەروەردە و كەموكوڕییەكانی ناوەندەكانی خوێندن، پسپۆڕانی پەروەردە و یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، چەند پێشنیازێكیان خستۆتەڕوو. بەپێی وتەی پەرلەمانتارێكیش «هەر لەو پێناوەدا، پەرلەمانی كوردستان دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە باشتركردنی كەرتی پەروەردەی ئامادەكردووە بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری».

چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكان

لەوبارەیەوە، عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند:  بەپێی بەدواداچوونەكان، بەڕێوەچوونی ساڵی خوێندنی (2021-2022) باشتربوو بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردووتری سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە لەو دوو ساڵەدا خوێندكاران نەیاندەتوانی لەناو هۆڵەكاندا بخوێنن، لەپاڵ ئەوەشدا چەندین كێشەی دیكە هەبوو، كە پێویستە لە ئێستاوە لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری جدی بۆ چارەسەركردنی بكەن «گرفتەكانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە، پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، دابەشكردنی مووچە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و دابینكردنی پێویستییەكانی خوێندنگەكان».

هەمواركردنەوەی یاساكان و دەركردنی یاسای نوێ
سەبارەت بە كێشەكانی كەرتی پەروەردە، عیسا حسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە هەولێر، دەڵێت: كێشەكان چەند جۆرێكن و پێویستیان بە چارەسەرە، لە هەمووی گرنگتر كەمكردنەوەی پشووەكانە و پێویستە رێكبخرێتەوە، هەروەك هەمواركردنەوەی یاساكان و دەركردنی یاسای نوێی كەرتی پەروەردە یەكێكە لە پێویستییەكانی دیكە، كە وادەكات وەزارەتی پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار دەستكراوەتربن لە گۆڕانكارییەكاندا.

پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوە و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا
«ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە پەرلەمانی كوردستانە، لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكراوە، یەكێكیان (پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشینە بە دامەزراوە و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا) كە پاڵپشتییەكە بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئاستی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەباتە پلەیەكی بەرزتر و باشترەوە و لە رێگەیەوە ساڵانە بەرنامە و پلانی خوێندن دادەڕێژرێت».
لەبارەی پڕۆژەیاساكانەوە، شەمۆل ئاشتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێیڕاگەیاندین: پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوە و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و ئامادەیە بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی، وتیشی: بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرۆكایەتیی دەستەكە دەكەن و 15 ئەندامی دەبێت لە وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا، كاری دەستەكەش چاودێری و هەڵسەنگاندن دەبێت بۆ كارەكانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ناوەندەكانی خوێندن.

پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن
«پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن، لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان بخرێتە بەرنامەی كارەوە».
سەبارەت بەم پڕۆژەیاسایەش، ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە شەش مانگە پڕۆژەیاسای پەروەردە و خوێندن، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێت بە یاسا، وتیشی: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە كراوە، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش چەندین كۆبوونەوەی لەسەر كردووە و كاردەكرێت بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی. «ئامانجی دەركردنی ئەو یاسایە رێكخستن و گەشەپێدانە بە بوارە جیاوازەكانی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن، كە ئەوەش چەندین ئامانجی دیكەی لەپشتەوەیە و لە داهاتوودا لەسەر ئاستی گشتی و تاك سوودی گرنگی دەبێت».

#پەروەردە و فێركردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان