״پاراستنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی میللەتەكەمان״

11:02 - 2022-08-08
کوردستان
426 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی، تەئكیددەكەنەوە كە «پێویستە لایەنە كوردستانییەكان كۆدەنگیی زیاتریان هەبێت و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی عیراقدا بكەن».
دوێنێ، وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و سالار سەرحەد خەلیفە ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكان، سەردانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانیان كرد و لەلایەن محەمەد حەكیم جەبار و فاروق عەلی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەرییەوە پێشوازییان لێكرا و گفتوگۆیانكرد لەسەر دوایین پێشهات و رووداوەكانی بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان و تیشك خرایەسەر ئەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕووی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بۆتەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە تەواوی كێشەكان بە دانوستان و لە رێگەی دەستوورەوە چارەسەربكرێن، دووپاتیشیان كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لەم قۆناغەدا هاوهەڵوێست و كۆدەنگ دەبن لەسەر تەواوی پرسەكان و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەكاندا بكەن، «پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێستای وڵات، بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی گەلی كورد و پاراستنی مافە دەستوورییەكانیدا بێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان