بڕیاری لێبووردن بۆ سەرۆكی پێشووی كۆتدیڤوار دەرچووە

11:10 - 2022-08-08
ڕاپۆرت
470 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

بەپێی مەرسومێكی سەرۆكایەتی، سەرۆكی ئێستای كۆتدیڤوار لێبووردن بۆ سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەی دەردەكات.

هەوڵێكە بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی
لە لێدوانێكیدا بە بۆنەی رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەیەوە، ئەلحەسەن ئۆتارا سەرۆكی كۆتدیڤوار رایگەیاندووە: ئیمزای لەسەر بڕیاری لێبووردن لە لاورێنت گباگبۆ سەرۆكی پێشووی وڵات كردووە. وتیشی: بڕیارەكە وەك هەوڵێكە بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی ‌و ئامادەكاریشە بۆ هەڵبژاردنی 2025. داواشیكردووە كە بلۆكی سەر هەژماری بانكیی گباگبۆ هەڵبگیرێت ‌و مووچە نەدراوەكانی كاتی سەرۆكایەتیی وڵاتیشی پێ بدرێت.
بڕیارەكەی سەرۆكی كۆتدیڤوار دوای كۆبوونەوەیەكی نێوان خۆی ‌و لۆران گباگبۆ سەرۆكی پێشوو ‌و هێنری كۆنان بیدییە سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە دێت، كە نزیكەی سێ دەیەیە، دۆخی سیاسیی وڵاتەكەیان كۆنترۆڵكردووە. 

ساڵی رابردوو گەڕایەوە
لاورێنت گباگبۆ لە ساڵانی 2000-2011 سەرۆكی كۆتدیڤوار بووە ‌و دوای ئەوەی دادگای باڵای لاهای لە ساڵی 2019 دا لە تۆمەتی تاوانباری جەنگی ناوخۆ ‌و رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆتدیڤوار لە ساڵی 2010دا، بێبەری كرد، ساڵی رابردوو گەڕایەوە بۆ وڵاتەكەی، بەڵام بە تۆمەتی بردنی پارەی بانكی ناوەندیی ئەبیدجان، دادگای وڵاتەكەی بڕیاری سەپاندنی 20 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركرد. 

پۆستەكەی بەجێدەهێڵێت
لە سەردەمی ئەلحەسەن ئۆتارا سەرۆكی ئێستای كۆتدیڤوار، دۆخی ئەو وڵاتە بە شێوەیەكی رێژەیی سەقامگیر بووە، بەڵام كاتێك لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2020 دا خۆی كاندیدكردەوە، پێكدادان ‌و توندوتیژی ئەو وڵاتەی گرتەوە ‌و بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران. 
تا ئێستا رون نییە كە ئۆتارا خۆی بۆ خولی چوارەمی سەرۆكایەتیی كاندید بكاتەوە ‌و دەڵێت پۆستەكەم بەجێدەهێڵم، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە، كە دەیەوێت هەردوو ركابەرەكەی پابەندبن بە كشانەوەیان لە ژیانی سیاسی، بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێت.
جێی ئاماژەیە، هێنری كۆنان بیدییە، لە ساڵانی 1993 تا 1999 سەرۆكی كۆتدیڤوار بووە ‌و لە رێی كودەتاوە، كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی هات.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان