ئەم هەفتەیە ناوی پاڵێوراوەكان ئاشكرا دەكرێت

11:55 - 2022-08-08
وەرزش
432 جار خوێندراوەتەوە

تیشکۆ

رۆژی پێنجشەممەی ئایندە 12/8/2022  گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لیستی ناوی پاڵێوراوان بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر ئاشكرا دەكات.
 خەڵاتی باڵۆن دۆر لە ساڵی 1956 - ەوە دەست بە دابەشكردنی كراوە، هەمیشە لە كۆتایی ساڵ یاخود سەرەتای ساڵی دواتردا  خەڵاتەكە دابەشدەکرا، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، وادەی دابەشكردنی خەڵاتەكە گۆڕانكاری تیادا كراوە.
گۆڕانكارییەكی تر ئەوەیە پێشتر گۆڤارەكە خەڵاتەكەی بۆ ئەو یاریزانە بووە لە ماوەی ساڵێكدا باشترین ئاستی هونەرییان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ ئاستی یاریزانەكە بۆ ماوەی وەرزێك دیاری دەكرێت، واتە هەڵسەنگاندنی ئاستی یاریزانەكە لە نێوان مانگی ئابی ساڵی رابردوو-2021 تا مانگی تەموزی ئەمساڵ – 2022 دەبێت، بەمەش مۆندیالی داهاتووی قەتەر كە مانگی نۆڤەمبەری ئایندە دەستپێدەكات هیچ كاریگەرییەكی لەسەربراوەی باڵۆن دۆری  ئەم وەرزە نابێت.
 بۆ دیارییكردنی براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، یەكەم تا 100 –مین هەڵبژاردەی دوا ریزبەندیی فیفا هەر وڵاتەو رۆژنامە نووسێكی دەبێتە ئەندامی لیژنەی دیارییكردنی یاریزانەكە، لە مەراسیمەكەدا جگە لە براوەی باڵۆن دۆر، ئەم خەڵاتانەی تریش دابەشدەکرێن:
* باڵۆن دۆر بۆباشترین كچە یاریزان.
*خەڵاتی یاشین بۆ باشترین گۆڵچی.
*خەڵاتی كوپا بۆ باشترین یاریزانی لاوی وەرز.
لە كۆتاییشدا رۆژی 17/10/2022  لە ئاهەنگێكدا کە لە هۆڵی شاتیلییە لەپاریس  بەڕێوە دەچێت، براوەی خەڵاتەكان ئاشكرا دەكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان