رافینیا لە نێوان سەروەرییەكانی ئالڤێس و گەمژەیی نەیماردا

12:05 - 2022-08-08
وەرزش
284 جار خوێندراوەتەوە

مازن زەكی*

ئا:ستادیۆم

من لەو كاتەوەی رۆناڵدینهۆ چووە یانەی بارسیلۆنا موتابەعەی یانەی بارسیلۆنا دەكەم تا ئەم ساتە، هەموومان دەزانین كە چوونەكەی رۆناڵدینهۆ بۆ بارسا بۆ هاندەرانی چەند كاریگەر بوو، بەڵام ئەم یاریزانە  نرخی جوانییەكانی ئەم یانەیە و لێهاتووی خۆی نەزانی و كۆتاییەكی تراژیدی هەبوو.
هەمووشمان نەیمارمان لەبیرە كە چۆن هاتە بارسیلۆنا و پاش دوو سێ وەرز چۆن لەخۆی گۆڕاو دواجار لەپاریس سانجێرمان گیرسایەوە، لەگەڵ چوونیدا بۆ یانە پاریسییەكە هەرچی خەونی هەبوو لە بوون بەپاڵەوانی چامپیۆنس لیگ و بردنەوەی باڵۆن دۆر لەبار چوون.
كاتێك رۆناڵدینهۆ و نەیمار هاتنە بارسیلۆنا ئەم یانەیە گروپێك یاریزانی لێهاتوو بەناوبانگی جیهانی یارییان بۆ بارسا دەكرد، لەگەڵ بارسا ناو و ناوبانگ و سەروەری گەورەیان درووستكرد، لەو تیپەدا بەرازیلییەكی تریش كە ناوی دانی ئالڤێس بوو یاریی دەكرد، بەڵام ئەم بەپێچەوانەی ئەو دوانەوە كۆتاییەكی شەرەفمەندانەی هەبوو، چەندین نازناوی گرنگی لەگەڵ بارسا بەدەستهێنا و تا دوا هەناسە بۆ یانەكەی جەنگا و تەنانەت ساڵی پار بۆ وەرزێكی تر هاتەوە بارسا و هێندەی تر لای هاندەرانی بارسا خۆشەویستتر بوو و لە لووتكەشدا وازی هێنا.
ئێستا یاریزانێكی لێهاتووی تری بەرازیلی بە ناوی رافینیا هاتۆتە بارسیلۆنا، یاریزانێكە ئەگەر وەك ئالڤێز رەفتار بكات ئەوا مێژوویەكی جوان تۆمار دەكات، بەڵام ئەگەر وەك نەیمار و رۆناڵدینهۆ بكات ئەوا زوو چرای بەختی دەكوژێتەوە و هیچ بە هیچ ناكات.
ئەم یاریزانە بەرازیلییە لاوە كە لەلیدز یۆنایتدی ئینگلیزییەوە هاتۆتە بارسیلۆنا، نموونەی یاریزانێكی بەتواناو لێوەشاوەیە، ئەگەر لە بارسیلۆنا ركابەرییەكان وەك ئالڤێس كۆتایی پێبهێنێت ئەوا زۆر پێش نەیماری ئێستا و رۆناڵدینهۆی جاران دەكەوێت بە تایبەتی كە یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیلیشە.
كاتێك رافینیا ساڵی 2020 دەچێتە یانەی لیدز، لەم یانەیە لە خولی ئینگلیزیدا سەرچاوەی مەترسیی بووە بۆ بەرگریكارانی یانەكانی دژیان، ئێستاش لەبارسیلۆنا كاتێك ئەم و عوسمان دیمبلی بە لێسەندن و رۆیشتنی باش بە نێو یاریزاناندا ناسراون، پێكەوە دەبنە سەرچاوی بێزاركردنی یانەكانی بەرامبەر بارسیلۆنا.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی رافینیا سەرجەم ئەو خەسڵەتانەی تیادایە ببێتە نەیمار یان رۆناڵدینهۆ، بەڵام ئایا لە بارسا دەبێت بە رۆناڵدینهۆ یان نەیمارێكی تر یان وەك دانی ئالڤێس مێژووی پڕ سەروەریی بۆ خۆی تۆمار دەكات؟. 

*نووسەر لە سایتی گۆڵ

بابەتە پەیوەندیدارەکان