تێلێگراف: ئەگەری چەند سیناریۆیەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی تایوان هەیە

10:12 - 2022-08-09
ڕاپۆرت
577 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان، حكومەتی پەكینی نیگەران كرد ‌و وەك وەڵامدانەوەیەكیش، چین مانۆڕی سەربازیی لە نزیك تایوان دەستپێكردووە. سەرچاوە دیپلۆماسییەكانیش باس لە ئەگەری چەند سیناریۆیەك دەكەن، وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی بەرپرسانی تایوان ناچار بە دانوستان ‌و گفتوگۆ بكات. 

ئەگەری چوار سیناریۆ
رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسییەوە بڵاویكردۆتەوە، چین دەیەوێت بە هێرشێكی سەربازیی یەكلاكەرەوە كە زیاتر لە 48 سەعات نەخایەنێت، كێشەی تایوان یەكلایی بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەری چوار سیناریۆ هەیە.   
رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوەكردووە: بە تاوتوێكردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، حكومەتی پەكین ئەوەی بۆ روونبۆتەوە، كە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە رۆژی 24ی مانگی شوباتی رابردوودا، كاردانەوەی وڵاتانی خۆرئاوا لە بەرامبەر هێرشەكان، لانیكەم دوو رۆژی پێچوو.  
روونیشیكردۆتەوە: بەرپرسانی چین پێیانوایە كە كاتێك روسیا لە دەوروبەری كیێڤ كشایەوە ‌و حكومەتی ئۆكرانیای نەڕووخاند، هەڵەی كرد، بەرپرسانی پەكینیش نایانەوێت هەمان هەڵە لەگەڵ تایوان دووبارە بكەنەوە ‌و بكەوێتە جەنگێكی درێژخایەنەوە. 

یەكەم و دووەم سیناریۆ 
بەپێی تێلێگراف، گەڕاندنەوەی تایوان بۆ خاكی چین، بە بەشێك لە ستراتیژی سەرۆكی چین دادەنرێت بۆ زیندووكردنەوەی گەلی چین تا ساڵی 2050، بەڵام بە بۆچوونی هەندێك لە حكومەتەكانی خۆرئاوا، هێرشی چین بۆ سەر تایوان زۆر لە پێش ئەو وادەیەدا دێت.  
رۆژنامەی تێلێگراف ئاماژەی بە چەند سیناریۆیەكی گشتی كردووە، كە دەكرێت حكومەتی پەكین لە بەرامبەر تایواندا جێبەجێی بكات. یەكەمیان ئابڵووقەدانی ئەو وڵاتەیە ‌و دەیەوێت لە رێی مانۆڕە سەربازییەكانی ئێستایەوە، هێزە چەكدارەكانی تایوان ماندوو بكات، كە ماوەیەكی زۆرە لەوپەڕی ئامادەباشیدان، هەروەها ئەو مانۆڕانە رێگە بۆ چین خۆش دەكات، كە چەك ‌و تەقەمەنی باشتر لەو شوێنانە جێگیر بكات، كە خۆی دەیەوێت.  
سیناریۆی دووەم بریتییە لەوەی چین دوورگەی ماتسۆ لە باكووری خۆرئاوا ‌و دوورگەی كینمین لە خۆرهەڵاتی تایوان كۆنترۆڵ بكات، كە نزیكەی 10 كیلۆمەتر لەو وڵاتەوە دوورن ‌و بیانكات بە بەشێك لە خاكی خۆی. ئەو هەنگاوەش وەك نمایشكردنی هێزی خۆی ‌و تاقیكردنەوەی هەڵوێستی خۆرئاوا دەگرێتەبەر.

 سێیەم ‌و چوارەم سیناریۆ 
لە ئەگەری سیناریۆیەكی دیكەدا وەك رۆژنامەكە ئاماژەی پێداوە، رەنگە پەكین هێرشی ئاسمانی ‌و موشەكی بكاتە سەر تایوان، لەگەڵ خۆلادان لە مەترسییەكانی جەنگێكی گشتگیر.
لە ئەگەری روودانی ئەم سیناریۆیەدا، سوپای چین، شوێنی رادار ‌و فڕۆكەخانە ‌و هێزەكانی بەرگریی تایوان بكاتە ئامانج، بەڵام پێناچێت ئەو شوێنانە بگرێتەوە كە دانیشتوانی زۆریان لێیە. رەنگە ئەم سیناریۆیە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ناچار بكات، كە ئامادەباشیی هێزەكانی بەرزبكاتەوە، بە تایبەتی ئەو هێزانەی لە ژاپۆن جێگیركراون، هەروەها رەنگە حكومەتی تۆكیۆش ناچار بكات، كە هێزەكانی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەگەری دوا سیناریۆش ئەوەیە، كە چین هێرشێكی گشتگیر بكات ‌و لەگەڵ بۆردومان ‌و تۆپبارانی چڕی ئەو شوێنانەی مەبەستیەتی، هەوڵبدات هێزەكانی لە خاڵە ستراتیژییەكان دابەزێنێت ‌و تەنگەی تایوان تێبپەڕێنێت، كە درێژییەكەی 70 میل دەبێت. هەروەها لەوانەیە جەنگی ئەلیكترۆنی لە دژی تایوان بەرپا بكات، بۆ پەكخستنی ئامێری پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان