خوێندکارانی كەركوك: بابەتی نەخوێندراو لە پرسیارەكانی كیمیادا دێتەوە

10:49 - 2022-08-09
ڕاپۆرت
303 جار خوێندراوەتەوە
#خۆپیشاندانی خوێندکارانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوەی سێ ساڵە لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندنی كوردی شەشی ئامادەیی، بەتایبەتی وانەی كیمیادا، پرسیارەكان لەگەڵ ئەو بابەتانەی بۆ تاقیكردنەوە دیاریكراوە جیاوازە و پرسیارەكان لەو وانانە دێتەوە بڕیاری تاقیكردنەوەی لێنەدراوە، بۆ ئەمەش خوێندکاران خۆپیشاندانیان کرد و تا ئێستاش، وەڵام نەدراونەتەوە، ئەو خوێبدکارانە دەڵێن: ئەو مامۆستایانەشی پرسیارەكانیان داناوە سزا نادرێن، تەنیا زەرەرمەند لێرەدا قوتابی كوردە لە كەركوك، دەستێك لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی قوتابی كورد پلەی یەكەم بەدەستنەهێنێت لە کەرکوک.
تا ئێستا ئەوانەی دەسەڵاتیان لە خوێندنی كوردی لە كەركوك هەیە نەیانتوانیوە وەكو پێویست وەڵامی راست بدەنەوە بە قوتابی، لە لێداوانەکانیاندا وا دەردەكەوێ دەستێكی پۆڵایین هەیە بەشاراوەیی كاردەكات لەپێناو هەرەسهێنانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، كاتێكیش راستییەكانیان بۆ یەكلایی دەكەیتەوە، لێداوانەكانیان پێچ و پەنای زۆری تێدایە و بەڵگەی راست و دروست نادەن بەدەستەوە، ئەمەش مانای وایە یان خۆیان كەمتەرخەمن یان دەسەڵاتیان نییە.
هاوکات د. ئالان محەمەد سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە: بۆ قوتابیانی شەشی ئامادەیی و خانەوادەكانیان لە كەركوك: سەبارەت بەو گرفتەی باسی دەكەن لە پرسیارەكانی بابەتی وانەی كیمیا، تاقیكردنەوەكانی وزاری كە لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكانی عیراقی فیدڕاڵ دانراوە، پەیوەندیم لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عیراقی فیدڕاڵ كردووە و دڵنیایی داوە كە مافیان نەفەوێت، لە وەڵامدا وەزیری پەروەردەی عیراق وتی: ئەگەر دڵنیابووینەوە پرسیاریان بۆ هاتۆتەوە لە بابەتە تەرک كراوەكان، بە میكانزمی ئیدارەی بۆیان چارەسەر دەكەین بە جۆرێك مافیان نەفەوێت، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی و یەكەی سەرپەرشتیاریی لە خوێندنی كوردی هیچ پەیوەندییەكیان بە دانانی پرسیارەوە نییە. 
هەر لە راگەیەندراوەكەدا وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، دڵنیابن خزمەتان دەكەین و بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون، لەسەر هێڵ دەبم لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عیراقی فیدڕاڵ.

كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت
سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی (ی.ن.ك) و نوێنەری كەركوك، دەربارەی پرسیارەكانی وانەی كیمیای قوتابیانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی بابەتی كیمیای پۆلی شەشی ئامادەیی روون نەبوون و بەشێك لە پرسیارەكان لە بابەتە تەرك كراوەكاندا هاتوونەتەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لەخوێندكارانی ناچاربوون دەفتەرەكانیان بسڕنەوە و هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بەجێبهێڵن.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە نووسراویان لەگەڵ پەروەردەی كەركوك رەوانەی وەزیری پەروەردەی عیراق كردووە و تێدا داوا دەكەین بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ئەم هەڵەو كێشەیە چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی ماندوبوون و كۆششی خوێندكاران بەفیرۆ نەڕوات.

هەموو ساڵێك ئەم ناحەقییە دووبارە دەبێتەوە
شادان محەمەد یەكێكە لە قوتابیەكانی شەشی ئامادەیی بەشی زانستی لە خوێندنی كوردی، وتی: ئەمساڵ بە تێکڕا هەموو قوتابییەكان لە هۆڵی تاقیكردنەوە هاتنە دەرەوە و دەفتەرەكانیان بە سپێتی دا، تەنیا ئەو قوتابیانە مانەوە كە مامۆستاكەیان وانەی تایبەتی پێیان وتۆتەوە، چونکە ئەو مامۆستایانەی پرسیارەکانیان داناوە، هەر یەكەیان ژمارەیەك قوتابیان لە دەرەوەی قوتابخانە هەیە كە وانەی تایبەتیان پێدەدەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك پرسیارەكانیان پێیانداوە و هەموو ساڵێك نمرەی باش بە دەستدەهێنن.

خوێندنی کوردی بەرپرسیارە
محەمەد عەبدوڵڵا یەكێكی ترە لەو قوتابیانەی كە لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە هاتۆتە دەرەوە، دەڵێت: هەموو ساڵێك تەنها لە وانەی كیمیادا ئەم پەشێوییە روو دەدات،  لەكاتێكدا بۆ نزیكەی دە ساڵ دەچێت لە هیچ وانەیەكی خوێندنی كوردیدا ئەم كێشەیە رووی نەداوە، چونكە هەمان ئەو مامۆستایانە هەموو ساڵێك پرسیارەكان دەستنیشان دەکەن و هیچ سزایەكیش نادرێن، بۆیە بەرپرسانی خوێندنی كوردی لەكەركوك بەرپرسیارن.

بێئاگایی خوێندنی كوردی
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی كەركوك، بەشی كوردی، رایگەیاند: كێشەكە تەنها لە خوێندنی كوردییدا نییە، بەڵكو بەغداش بەرپرسیارن لەو بابەتەدا، لەم سێ ساڵەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، لەبەر ئەوەی ساڵانە  لە خوێندنی کوردیدا بەندێك یان دوو بەند بۆ تاقیكردنەوە لا دەدرێت، بەغدا دا ئەوە رەچاو ناكات، هەر وەکو خوێندنی عەرەبی مامەڵە دەکەن ، چونكە ئەوانەی پرسیار دادەنێن بێئاگان لەو گۆڕانكارییەكانی لە بابەتەكانی خوێندنی كوردیدا دەکرێن.
وتیشی: ئەگەر پرسیارەكان لەلایەن ئەو مامۆستایانەوە دابنرێت کە سەر بەخوێندنی كوردین ئەوا ئەم كێشانە روونادەن، بەڵام خوێندنی كوردی بێئاگان لەو لایەنە، پێویستە وەزیری پەروەردەی خوێندنی كوردی حكومەتی هەرێم بەدواداچوون بكات بۆ راستی بابەتەكە، چونكە پرسیار دانان زۆر هەستیارە و هەرچەندە ئێمە لیژنەین لەو دەستەیەی پرسیارەكان دادەنێن، بەڵام پرسمان پێناكەن، چونكە نابێت كەس بزانێت كێن ئەو مامۆستایانە پرسیارەكان دادەنێن.

هەموو ساڵێك هەڵەكان دووبارە دەبێتەوە
هەروەها پەروین فاتیح سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وتی: ساڵیپار و پێراریش دووبارە لە بابەتی «داخڵ نەكراوە» پرسیار هێنراوەتەوە، سەبارەت بە مامۆستا (ر)  لە ساڵی پاردا ئەو كارەی كرد، بۆ ئەمساڵ پۆلی شەشی ئامادەیی خوێندنی كوردی پێنەدرا، چونكە ئاشكرا بوو دەستی هەیە لەو كارە ناڕەوایە، پرسیارەكانی دەدا بە قوتابیەكانی خۆی ئەوانەی وانەی تایبەتی پێدەوتنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان