شه‌هلا فه‌یزوڵڵا یه‌كێكه له‌و چیرۆكنووسانه‌ی چه‌ند چیرۆكێكی نووسیوه، هێشتا به‌دڵگه‌رمییه‌وه چیرۆك ده‌نووسێ. له‌م دیداره‌دا له‌باره‌ی چیرۆكه‌وه ده‌دوێت.
سازدانی: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
*چۆن و بۆچی چیرۆكت هه‌ڵبژارد؟
-چیرۆك به‌شێكی گرنگه له هونه‌ری گێڕانه‌وه كه ده‌توانین له‌و رێگه‌یه‌وه‌وه بڕۆینه ناو ناخی مرۆڤه‌وه، رۆژانه به‌ر رووداو و چیرۆك ده‌كه‌وین، ئه‌وانه‌ی كاریگه‌ر و هه‌ڵگری په‌یام و وانه‌ن بۆ ژیان ئه‌وانه گرنگن بكرێن به ده‌ق كه‌ره‌سته‌كان له واقعیدا بهێنرێن و به‌هێزی خه‌یاڵ و هونه‌ری گێڕانه‌وه چیرۆكی لێ بخوڵقێنرێت. ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كانی ناو چیرۆكه‌كانمدا لایه‌نه جوان و ناشیرین و خه‌م و ئازاره‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، هه‌موویانم هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه و رۆڵی خۆی ببینێت بۆ گه‌یاندنی ده‌نگه نه‌بیستراوه‌كان. یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنم بۆ چیرۆك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاتانه‌ی دایكم شه‌وان چیرۆكی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه، ئه‌و چیرۆكانه ئه‌وه‌نده چێژبه‌خش بوون تاوه‌كو ماوه‌یه‌ك كاریگه‌رییان به‌جێده‌هێشت له‌سه‌رم. بۆیه هه‌ر له قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه ده‌ستم به‌خوێندنه‌وه كرد، دوای ساڵانێكی زۆر له خوێندنه‌وه و ئاشنابوونم به ئه‌ده‌بی كوردی و عه‌ره‌بی و بیانی ئیتر به‌جۆرێكی تر رۆشتمه نێودنیای چیرۆك و گێڕانه‌وه‌وه، دواجار ده‌ستم به نووسینی چیرۆك كرد، هه‌ر كاتێك دیمه‌نێك، دیارده‌یه‌ك ئازارم بدات له ناخمدا په‌نگ ده‌خواته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ینووسمه‌وه و ده‌یكه‌م به چیرۆكێك. ئیتر كه‌مێك ئارام ده‌بمه‌وه و هه‌ست ده‌كه‌م هاواره‌كه‌ی ناخمم گه‌یاندووه.
*تاچه‌ند له كاره سه‌ره‌تاییه‌كانت رازیت؟
-دیمه‌نی سوڕانه‌وه‌ی چه‌ند مناڵێكی ئیشكه‌ر به گه‌رمای هاوین به شه‌قامه‌كاندا بۆ من ئازاربه‌خش بوو، ئه‌وه وایلێكردم هه‌وڵ بده‌م شتێكیان له‌سه‌ر بنووسم، چۆن و چی بنووسم؟ نه‌مزانی. ته‌نها ویستم ئه‌و دیمه‌نه و ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێی كرد بینووسمه‌وه، هه‌ر ئه‌و رۆژه بۆ شه‌وه‌كه‌ی دوو سێ لاپه‌ڕه‌یه‌كم ره‌ش كرده‌وه هه‌ستم به‌ئارامییه‌ك كرد، دوای چه‌ند جارێك پێداچوونه‌وه و جوانكاری ئیدی چیرۆكێكی لێده‌رچوو ناوم لێنا (په‌پووله‌كانی سه‌ر شه‌قام) دوای ئه‌وه‌ی پیشانی چه‌ند هاوڕێیه‌كم دا ده‌ستخۆشیان لێكردم و هانیاندام، كه بڵاوی بكه‌مه‌وه، ئه‌و چیرۆكه‌م له 2018 نووسی ناردم بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌شی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م بڵاوكرایه‌وه، زۆر خۆشحاڵ بووم ئه‌وه بووه هاندانێك چیرۆكی تر بنووسم، چیرۆكی دووه‌مم به ناوی (به‌ده‌م رێگاوه) له دووتوێی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوكرایه‌وه ئه‌وه‌ش بووه پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌تر بۆ به‌رده‌وامیم. هه‌میشه نووسینی تازه‌تر باشتر و جیاوازتره له هی سه‌ره‌تاكان چونكه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی له نووسین و خوێندنه‌وه نووسه‌ر شاره‌زایی زیاتر په‌یدا ده‌كات، له كۆتاییشدا بڕیار لای خوێنه‌ره.
*جگه له كوردی به زمانی دیكه ده‌نووسی؟
-وه‌كو نووسین ته‌نها به زمانی كوردی ده‌نووسم، زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانم به‌ڵام ته‌نها بۆ خوێندنه‌وه و وه‌رگێڕان به‌كاریده‌هێنم. ئێستا رۆمانێكی عه‌ره‌بیم وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و له ئاینده‌دا چاپی ده‌كه‌م.
*له نووسینی چیرۆكدا گرنگی به‌چی ده‌ده‌یت؟
-بابه‌ت و بیرۆكه بۆ نووسینی هه‌ر چیرۆكێك گه‌ر به ته‌كنیكێكی هونه‌ریانه نه‌بێت چیرۆكێك له‌دایك نابێت. پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌بێ نه‌خشه‌سازی و سیناریۆی بۆ دابڕێژرێ هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌ك ئاماده بكرێت پاشان ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی بكرێ، راسته سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌ی هه‌موو چیرۆكێك له واقیعه‌وه دێت، له رێگه‌ی خه‌یاڵ و ئه‌فراندنی كاره‌كته‌ره‌وه ده‌نووسرێت.
*بۆچی چیرۆكنووسی ژن كه‌مه؟
-جیاوازیه‌ك نییه له نێوان نێر و مێدا له بواری نوسین، كه نووسه‌ری پیاو زیاتره واتای ئه‌وه نییه پیاو به تواناتره، نه‌خێر هه‌ر به سروشت ژنان وردتر و بیرتییژتر و توانای بیركردنه‌وه و خه‌یاڵ و گێڕانه‌وه‌یان زیاتره له پیاوان، به‌ڵام ئه‌ركی ژیان و به‌رپرسیارێتی ماڵ و مناڵ و كۆتوبه‌ندی كۆمه‌ڵگه هۆكارن كه نووسه‌ری ژنمان كه‌م بێت.
*له چیرۆكه‌كاندا كارت له‌سه‌ر ئازاری ژنان كردووه؟
-به‌ڵێ به‌شێك له چیرۆكه‌كانم باس له ئازاری نه‌بڕاوه‌ی مێینه‌كان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا نه‌متوانیوه و ناشتوانم هه‌موو كێشه و ئازاره‌كانی ژن بگه‌یه‌نم له‌كاتێكدا هه‌موو چركه‌یه‌ك مێینه‌یه‌ك ئازار ده‌درێت هه‌ر یه‌كه و به‌جۆرێك. مناڵ و به ته‌مه‌ن و پیاوانیش گه‌لێك ئازار و كێشه‌یان هه‌یه په‌یامه‌كانی ئه‌وانیش له چیرۆكه‌كانمدا هه‌یه، ئێمه مرۆڤین و ده‌بێ هه‌ست به‌ئازاره‌كانی یه‌كتر بكه‌ین.
*كاتێ چیرۆكێك ده‌نووسی چه‌ند كاتت ده‌وێ؟
-هه‌ر كاتێك بیرۆكه‌ی چیرۆكێكم لادروست بێت ته‌نها وه‌كو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌ینووسم دواجار له خه‌یاڵمدا دایده‌ڕێژم، دوای ئاماده‌كردنی كه‌ره‌سته‌كان كار له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ده‌كه‌م له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا یان هه‌فته‌یه‌ك، جوانكاری و پێداچونه‌وه‌ش كاتی زیاتری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌كنیكێكی جوان بنووسرێته‌وه گرنگی نووسینی هه‌ر ده‌قێكیش له‌و به‌شه‌ی دایه ئه‌بێ زۆر به‌وردی كاری له‌سه‌ر بكرێ.