وەبەرهێنانی وەرزشی و کاریگەرییەکانی

11:17 - 2022-08-15
ئابووری
676 جار خوێندراوەتەوە

 

فەیسەڵ عەلی

سەرەتا وەرزش وەک هیوایەتێک دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا بووەتە یەکێک لە دیارترین کەرتە ئابوورییەکان کە کێبڕكێی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی دەکات، بەجۆرێک بەشێکی گرنگی پیاوانی کار و سەرمایەداران بەرەو وەبەرهێنان تێیدا پەلکێش کردووە، هەروەها ئێستا بۆتە سەرچاوەی فەراهەمکردنی داهاتێکی باش بۆ دەوڵەت، لەویش زیاتر بەشداری لە گەشەی ئابووریی نیشتمانی دەکات، وەبەرهێنانی وەرزشی دەستهاتێکی ئێجگار زۆر دابین دەکات و پیشەسازییەکی ئابووریی گرنگیشە، وێڕای ئەوەی مەیدانێکی بەپیتی وەبەرهێنانە.

چەمکی وەبەرهێنان لە وەرزشدا
لەسەر ئاستی جیهان، پیشەسازیی وەرزش هەنگاوێکی جۆرییە لەڕووی ئەو داهاتە گەورەیەی لەڕێی بۆنە و کێبڕکێ وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستەبەری دەکات، ئەمە لەگەڵ پەرەسەندنی چەمکی وەبەرهێنانی وەرزشیدا، بەتایبەتی کە کەرتی وەرزشی یەکێکە لەو کەرتانەی بەشداری لە پێشخستنی کەرتە ئابوورییەکانیتری ناو دەوڵەت دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی بە چالاکی وەرزشییەوە پەیوەستن، کاریگەریی دیار و بەرچاوی لەسەر کەرتی گەشتیاری و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان هەیە، وەک، کەرتی گواستنەوە و گەیاندن، میدیا و چێشتخانە و ئوتێل و مۆتێل و کەرتی بازرگانی و ئەو چالاکییانەیتر کە سوودی لێ وەردەگرن.

کاریگەریی دارایی و کەلتوری
لەسەر ئەم ریتمەوە، بە گشتی سنوورێک بۆ هەڵكشانی وەبەرهێنان لە جیهانی وەرزشی نییە، بۆ چەند دەیەیەک دەچێت ئەم کەرتە بۆتە پیشەسازییەکی راستەقینە، دەستهات و قازانجی تایبەت بەخۆی هەیە، هاوکاتیش کاریگەریی دارایی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری خۆیشی هەیە.
لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەی کڕین و دەستبەسەراگرتنی یانە وەرزشییەکان بە کردەوە لە ئەمریکاوە دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا ئەوروپا گەورەترین بەرکەوتەی لەم بوارەدا هەیە، بەتایبەتیش لەسایەی بوونی ئابووریی بەهێز و پێشکەوتووی لەسەر هەردوو بەری زەریای ئەتلەسی.

کێبڕکێی یانەکان و وڵاتان
لەماوەی چەند دەیەی رابردوو، تەنها بزاوتی کڕین و فرۆشتنی یانە وەرزشییەکان گەرم نەبوو، بەڵکو کێبڕکێی نێوان دەوڵەتان بۆ میوانداریکردنی بۆنە گەورە و بچوکە وەرزشییەکان لە بەرزترین ئاستدایە، بەردەوام هۆکارەکەیشی بۆ ئەو داهات و هاتنی وەبەرهێنانە بۆ ناو وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، وێڕای ئەوەی رەوڕەوەی گەشەی ئابووریی تێێدا خێراتر دەکات، هاوکاتیش پێگەی ئەو دەوڵەتە لەسەر ئاستی جیهانی بەهێزتر دەکات.
دەستهاتی وەبەرهێنان لە کڕینی یانە وەرزشییەکان ئێجگار زۆرە، لەم بیست ساڵەی دواییدا، بۆ نمونە، بەهای یانەی چێڵسی لەندەنی لە 200 ملیۆن جونیەهی ئستەرلینییەوە بۆ چوار ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە.

کێبڕکێی کۆمپانیاکان
پرسەکە تەنها لە زیادبوونی بەهای یانەکان کورت نەبۆتەوە، بەڵکو قازانجی ساڵانەی خزمەتگوزاریی و بەرهەم و چاودێریی و چەندین بواری تری پەیوەندیداری تریش لەخۆ دەگرێت، وێڕای ئەو زێدەی بۆ ئابووریی دەوڵەتان لەڕێی رەخساندنی دەرفەتی کارەوە فەراهەمی دەکات، بازاڕی کەرتی میوانداری و گەشتیارییش گەرمتر دەکات.
هەر بۆنەیەکی وەرزشی دەستهاتی خۆی هەیە، چ جای ئەو بۆنە وەرزشییانەی کە یانە بەناوبانگەکانی جیهان، کە  پێگەیەکی دارایی بەهێزیان هەیە و لە بازاڕخستنی بۆنەکانیاندا داهێنان دەکەن، پێشەنگن و یان تێیدا بەشداری دەکەن، هاوکاتیش کۆمپانیا گەورەکانی جیهانیش لە کێبڕکێی تونددان بۆ ئەوەی چاودێریی بۆنە وەرزشییەکان یان ئەم یانە و ئەو یانە بکەن.

بەپێی مەزندەکان، دەستهاتی تۆپی پێ بۆ نمونە، لە بەرازیل
5 %ی کۆی داهاتی نیشتمانی پێکدێنێت، لەکاتێکدا قەبارەی پیشەسازیی وەرزشی لە چین نزیکە 300 ملیار دۆلارە

کڕینی پشکی یانەکان
بەپێی مەزندەکان، دەستهاتی تۆپی پێ بۆ نمونە، لە بەرازیل
5 %ی کۆی داهاتی نیشتمانی پێکدێنێت، لەکاتێکدا قەبارەی پیشەسازیی وەرزشی لە چین نزیکە 300 ملیار دۆلارە، یانە چینییەکان زۆربەی جار پشکی یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکڕن. قەبارەی پیشەسازیی وەرزشیی ئەمریکا لە 73 ملیار دۆلار زیاترە، لەکاتێکدا ئەم دەوڵەتە تەنها لە ساڵی 2016 نزیکەی 217 ملیار دۆلاری وەک باج لەم کەرتە دەستکەوتووە. هەموو ئەوانە گرنگیی ئەم پیشەسازییە دەردەخات.  ئاستی کڕین و فرۆشتنی یانەکان بە ئاستە جیاوازەکانیانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز دەکاتەوە، بە یانە بچوکەکانیشەوە، کە لەڕێی وەبەرهێنان تیایاندا هەوڵی بەرزکردنی پێگەی ناوخۆیی و دەرەکییان دەدرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بدرێت بەوەی زۆرترین ئەو کڕین و فرۆشتنی یانانە لە ئەوروپا ئەنجام دەدرێت، ئەمەیش وەرزشی کردۆتەوە پیشەسازییەکی گرنگ.

دوور لە سیاسەت
بێگومان کڕینی یانەیەک، لایەنێکی گرنگیی هەیە، کە دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێ هێزی نەرم، واتە خاوەنداری یانەکە لەڕێی ئامرازی وەرزشییەوە کە پەیوەندیی مرۆیی بە بەرزترین ئاستی دەگەیەنێت، دەگاتە ئەو کۆمەڵگەیانەی ئەو یانەیەی تێدایە، لەم چوارچێوەیەدا دوور لە سیاسەت سەرکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە، پەیوەندییەکان لەسەر گۆڕەپانی کۆمەڵی مەدەنی زۆر بەهێزترە لەوانەی لەسەر هەر بناغەیەکی تر دامەزرابێت، چونکە ئەمەیان بەردەوامی زیاتری هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا، قەبارەی کڕین و فرۆشتنی یانە وەرزشییەکان ئێجگار بەرز بووەوە، ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگە پەیوەندیدارەکانەوە جێی خۆشحاڵی و بەهەندوەرگرتن بوو، بەتایبەتی لەلایەن دەیان هەزار هاندەری ئەم یان ئەو یانەی وەرزشییەوە، چونکە بڕوای تەواویان هەیە بەوەی ئەو بۆرسەی کڕینە بەهێزکردنی پێگەی یانەکەیانی لێدەکەوێتەوە. پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنەوە لە خاڵێکدا رانەوەستێت، چونکە وەبەرهێنانێکە تەنها هەر پارە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی مرۆیی و کلتوری و جەماوەریشە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان