دۆخی دارایی عیراق لە سایەی دۆخە سیاسییەکەیدا

09:45 - 2022-08-16
ئابووری
589 جار خوێندراوەتەوە
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وڵاتانی هەناردەکاری رووبەڕووی قەیرانێکی تر کردۆتەوە

ئامادەکردنی : لاپەڕەی ئابووری

عیراق ساڵی 2022ی بە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەڕێکرد، ئەوەش تەنها بە توانای حکومەتی کاربەڕێکەر کە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەتوانێت 1\12 ی بودجە و داهات بەکاربهێنێت بەو پێیەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2022 لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند نەکراوە تا ببرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی.

هاوکێشەیەکی پێچەوانە
وەک شارەزایانی ئابووریی ئاماژەی پێ دەدەن، بە نزیکەی 90 ٪ دەوڵەتی عیراق لە رووی ئابوورییەوە پشت بە داهاتی نەوت و غاز دەبەستێت، ئەوەش یەکێکە لەو گرفتە سەرەکییانەی کە عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، چونکە هاوکێشەکە لەم ساڵانەی دواییدا تەواو پێچەوانە بۆتەوە،  چونکە لە ساڵانی 2014 تا ساڵی 2022 سەرەڕای ئەوەی لە 2014 – 2017  نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لەوپەڕی نزمیدا بوو بەجۆرێک بۆ نزیکەی 20-25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
لەلایەکی دیکەشەوە جەنگی داعش بەرۆکی عیراقی گرت کە بەشێکی قەبە لە بودجەی عیراق بۆ ئەو جەنگە تەرخانکرابوو، بەو هۆیەشەوە بە وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی عیراق، لەو ساڵانەدا عیراق کەوتە ژێر باری قەرزێکی گەورەی نێودەوڵەتییەوە کە بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە بڕەکەی لە سەروو 30 ملیار دینارەوە بوو، ئەوەش حکومەتی فیدراڵی ناچارکرد کە جگە لە مووچە دەست بۆ سیاسەتی سکهەڵگوشین (تقشف) ببات لە هەموو بوارەکانی دیکەدا تا ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت.

بوژانەوەیەکی رێژەیی
دوای جەنگی داعش، ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی هەناردەکاری نەوت رێکەوتن لەسەر ئەوەی بڕی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەک کەم بکەنەوە تا لەو رێگەیەوە بتوانن نرخی نەوت بەرزبکەنەوە.

کۆرۆنا و گورزی دووەم
هێشتا شوێنەوارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بەسەر عیراقەوە نەڕەویبۆوە، پەتای کۆرۆنا گورزێکی تری لە داهات و دارایی عیراق و زۆرێک لە وڵاتان وەشاند.
ئەوەش سەرجەم دۆخی دارایی جیهانی شێواند و شڵەژانێکی ئەوتۆی دروستکرد کە زۆربەی کایەکانی ژیانی بە رێژەیەکی بەرچاو راوەستاند و هەموو ئەو کارگە و کارخانە و کایانەی وەستاند کە کڕیارانی جیهانی ناچاری کڕینی بڕی زۆری نەوت دەکرد، ئەوەش وڵاتانی فرۆشیار و هەناردەکاری نەوتی دووچاری داڕمانێکی دیکەی ئابووریی کرد. 

بوژانەوەیەکی کورتخایەن و داهاتی بێ چارەنووس
هەرچەندە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا و لێکەوتەکانی بەشێوەیەکی خەیاڵی نرخی نەوت و غازی لە جیهاندا بەرزکردۆتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و خۆرئاوا بەسەر روسیادا هاوکێشەکەی پێچەوانە کردۆتەوە و  ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی تاک داناوە، بەو پێیەی دوو مادەی سەرەکیی خۆراکی کە زەیت و دانەوێڵەیە، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنیان روسیا و ئۆکرانیان، گرانبوونی ئەوانە و سووتەمەنیش پێکەوە کاریگەریی لەسەر گرانبوونی کرێی گواستنەوە و هەموو پێداویستییەکانی دیکە داناوە، ئەو جگە لەوەی زۆربەی دراوە جیهانییەکان لە بۆرسەدا بەهای خۆیان لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا لەدەستداوە.
پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، عیراق وەک لە دابەزینی نرخی نەوت و غازدا زەرەرمەند بوو، دۆخە سیاسییەکەی ئێستای وای لێکردووە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەشدا هەر زەرەرمەند بێت، چونکە عیراق ئێستا داهاتێکی باشی هەیە، بەڵام دۆخە سیاسییەکەی رێگرە لەوەی حکومەتی بەغدا بتوانێت سوود لەو داهاتە زۆرە ببینێت. بە گوێرەی قسەکانی  مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، لە ماوەی حکومڕانی کابینەکەیدا زۆربەی قەرزەکانی عیراق پاکتاوکراوە بە قەرزی کوێتیشەوە، ئێستا یەدەکی عیراق لە بانکی مەرکەزی بۆ نزیکە 75 ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانێت بودجە دابنێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات، ئەنجومەنی نوێنەرانیش نەیتوانیووە سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرێت و کابینەی نوێی حکومەت رابسپێررێت، بە گوێرەی لێدوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی نوێنەرانیش، ئەگەری زۆرە چۆن ساڵی 2022 بەهەمان یاسای 2021 بەڕێکرا، ساڵی 2023ش نوێنەران نەتوانێت یاسای بودجە بۆ ساڵی 2023 پەسەند بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان