راپۆرتی/ جێگر خدر
کەمیی رێژەی بارانبارین، مەترسییەکانی سەر ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ماسی لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر کردووە، بەڕێوەبەری ئاوی سنوورەکە دەڵێت: پێماننایە ناو هاوینێکی سەختەوە.
بەپێی ئامارەکان، دەیان ساڵە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەو جۆرەی ئەمساڵ بێ ئاو نەبووە، بارینی کەمتر لە 300ملم بە تێکڕایی لە سنوورەکەدا گرفتی بۆ ئاوی خواردنەوە لە قەزاکانی رانیە و قەڵادزێ دروست کردووە، سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پرۆژەی ئاوی خاس کە ئاوی خواردنەوە بۆ زۆرینەی دانیشتووانی شاری قەڵادزێ دابین دەکات، ئێستا لە بەردەم مەترسیی جددی وشکبووندایە، بە تایبەت کە پرۆژەکە لەسەر زێی بچووک دروستکراوە و ئێستا بەهۆی ئەوەی زێیەکە چوار بەنداوی لەسەر دروستکراوە لە دیوی ئێرانەوە، نزیکە لە وشکبوون.
ئەمساڵ هیچ کانیاو و سەرچاوەیەکی ئاویی نەژیاوەتەوە
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین دەڵێت: بە هەمانشێوە پرۆژەی ئاوی قولە لە شاری رانیە کە نزیکەی 60%ی ئاوی خواردنەوەی ماڵان دابین دەکات، ئێستا بە رێژەیەکی نزیک لە وشکبوون کەمیی کردووە، لە سێ بەشی پێشووی ئێستا بەشێکی ئاو دابین دەکات و بەرەو خراپتریش دەڕوات.
وتیشی: جیا لەوە ئەمساڵ هیچ کانیاو و سەرچاوەیەکی ئاویی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نەژیاوەتەوە، هەروەها چوار لەو بیرانەی بۆ ئاوی خوردنەوە لێ دراون وشکبوون و رێژەی ئاوی ژێرزەویش 15مەتر دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەمئاویی بڕستی لە بەرهەمی کشتوکاڵیی سنوورەکە بڕیوە، هەزاران دۆنم زەوی لە پشدەر، کە ساڵانی رابردوو بە بەرهەمەکانی میوە، هەروەها بامێ و باینجان و جۆری دیکە داچێندرابوون و رێژەیەکی زۆری بۆ دەرەوەی ئیدارەکە رەوانە دەکرا، ئەمساڵ خاوەن باخ و جووتیارەکان دووچاری بێهیوایی بوون، بە تایبەت کە زۆرینەی زەوییەکان بەراو بوون و پشتیان بە ئاوی زێی بچووک دەبەست.
رەوەند مەحمود لە قادراوای ناحیەی سەنگەسەر یەکێکە لەو جووتیارانە، بە حەسرەتەوە باس لە بێ بەرهەمییەکەی ئەمساڵی دەکات و وتی: ساڵانی رابردوو، جگە لەخۆم دەیان کەسی دیکەشم دەخستە سەر کار، هەروەها جگە لە پشدەر بەرهەمەکانم رەوانەی دەرەوەی ئیدارەی راپەڕین و تەنانەت بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقیش دەکرد، بەڵام کەمیی بارانبارین و گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە ئێرانەوە، بێ بەرهەمی کردین، لە کاتێکدا ساڵی پار دەیان تۆن بامێ رەوانەی سنوورەکانی دیکە کردووە.
کەم ئاویی بەرۆکی گوندە پڕ بەرهەمەکانی گرتووە
د.محەمەد عومەر دانیشتووی گوندی قۆڵمارفی ناحیەی هەڵشۆیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: هیچ کاتێک گوندەکەمان وەک ئەمساڵ بێ ئاو نەبووە، کانیاوەکانمان وشکییان کردووە و تەنها بیرێکی ئاو، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەمانە وشکی کردووە، ئەوە دەستمان لە بەرهەمی کشتوکاڵیی شۆردووە، لە کاتێکدا جووتیارانی گوندەکەمان ساڵی رابردوو بە دەیان جۆر بەرهەمی میوەیان بۆ شارەکانی دیکە ناردووە، کەم ئاویی ئەمساڵ هیچ کاتێک وێنەی نەبووە، تەنانەت ئاوی خواردنەوەمان بە ئەستەم دەست دەکەوێت.
داوامان کردووە بیرەکانی ئاو بۆ چەند هێندە قووڵتر لێ بدرێن، ئەوە لەوانەیە یارمەتیدەرمان بێت و دەمانەوێت لەو رێگەیەوە مەترسییەکانی ئاوی خواردنەوە لەو چەند مانگەدا نەهێڵین
جیاواز لەمانە، لەسەر زێی بچووک دەیان و بگرە سەدان پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەیە، ئەو پرۆژانە سامانی ماسییان بوژاندووەتەوە و بەرهەمی ماسی لە پشدەرەوە بۆ ناوچەکانی دیکە رەوانە دەکەن، بەڵام ئەمساڵ نا، ساڵانی رابردوو ئەو پرۆژانە سوودێکی ئابووریی زۆریان بۆ خاوەنەکانیان و کرێکارەکان و سنوورەکەش هەبوو.
سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین دەڵێت: کاری لە پێشینەمان دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە و پرۆژەی ئاوی خاسیش لەسەر زێی بچووکە، لەبەرئەوە لە پێشدا پرۆژە بێ مۆڵەتەکانی سەر زێی بچووکمان داخست و دواتریش داوای داخستنی هەموو ئەو پرۆژانەمان کردووە کە مۆڵەتیان هەیە، لە پێناو دروست نەبوونی گرفت بۆ ئاوی خواردنەوە.
لەبارەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵیی، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین وتی: داوامان کردووە بیرەکانی ئاو بۆ چەند هێندە قووڵتر لێ بدرێن، ئەوە لەوانەیە یارمەتیدەرمان بێت لەو چەند مانگەی هاویندا، لەبەرئەوەی ئێستا پێمان ناوەتە ناو هاوینێکی وشک، دەمانەوێت لەو رێگەیەوە مەترسییەکانی ئاوی خواردنەوە لەو چەند مانگەدا نەهێڵین، پاشان داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە مەترسییەکانی کەم ئاویی بە ئاگابن و بە فیڕۆی نەدەن.
هاوکات بێ ئاویی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەوزایی ناو شارەکانیش دروستکردووە، بەشێک لە باخچە و سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەکان بەر ئەو گرفتە کەوتوون و وشکبوون، سەوزایی ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵانیش بەهۆی کەمیی گلدانەوەی ئاو بۆ ماڵان بە هەمانشێوە کەمتر ئاو دەدرێن، هاوکات کەرتی گەشتیاریی سنوورەکەش یەکێکە لە قوربانییەکانی وشکەساڵیی، کەمبوونەوەی ئاو لە شوێنە گەشتیارییەکاندا مەیلی هاتنی گەشتیارانی کەم کردووەتەوە.