سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە بەسرەوە دەستی بە جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین پرۆژە ستراتیژییەکانی بواری ئاسایشی ئاو کرد، لەگەڵ چوار وێستگەی دیکە، کە بەشدار دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی درێژخایەنی کەمی ئاو کە پارێزگاکانی باشووری گرتووەتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد لە فەرمانگەی پارێزگای بەسرە بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و جەختیشی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی ئەو پرسە تەنیا لە رێوشوێنی دەستبەجێدا سنووردار نییە، هەروەها هاوکاری و کاری تیمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە زۆر پێویستە.
سودانی ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو ئیمزاکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە 90 %ی سەرچاوەکانی ئاو پشت بە تورکیا دەبەستن، ئەمەش کاریگەری لەسەر قەبارەی یەدەگی ئاو دەبێت.