ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
گریمان
تۆ له‌ناو په‌ڵه هه‌ورێكدا دڵۆپه بارانێكی، له‌ناو تابلۆیه‌كدا ره‌نگێگی ساردی، له هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی رۆمانێكدا ته‌نها رسته‌یه‌كی، تۆ كارت به ژیان چییه؟ ژیان بازنه‌یه‌كه تۆ به‌ده‌وریدا ده‌خولێیته‌وه، ئه‌و هیچ كارێكی به‌تۆ نییه كه خۆت سه‌رقاڵ كردووه به ئه‌وه‌وه. من ده‌توانم ئه‌و شه‌ڕه بكه‌م، به‌ده‌وری هه‌ردووكیاندا بخولێمه‌وه، پێشتر ناتوانم گریمانه‌ی هیچ كامیان بكه‌م، كاممان به‌ده‌وری خۆماندا ده‌خولێینه‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م خۆلانه‌وه‌یه به خولگه‌ی زماندا، زمانیش سنووری خۆی هه‌یه، هه‌ندیجار تووڕه‌یه، جاربه‌جاریش شه‌كری لێ ده‌بارێت. شمشێر به‌ده‌وری قه‌ڵغاندا ده‌خولێته‌وه، خۆر و زه‌وی، به‌ده‌وری یه‌كتریدا هه‌ر دخولێنه‌وه یه‌كتریش نادۆزنه‌وه، مه‌ولانای رۆمیش به هه‌مان ده‌رده‌سه‌ری.
له‌بیرمه به باوكم وت بۆچی لاولاو كه به‌دیواردا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت به‌ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه؟ ره‌نگه بۆ ئه‌و تاڵه ده‌زوویه‌ك پردی په‌ڕینه‌وه بێت.
له‌بیرت نه‌چێت، هه‌موو رووه‌كه‌كانی سه‌ر زه‌وی ترسیان له خولانه‌وه و سێبه‌ر خۆشیان هه‌یه.
باوكم به نا به‌دڵی ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دامه‌وه.
له‌به‌رخۆمه‌وه وتم: هه‌روا بووه، ژیان تاڵه‌ده‌زوویه‌كه. پچڕا گرێدانه‌وه‌ی ئاسان نییه. به‌ته‌مه‌نه‌كان وا ده‌ڵێن.
من خه‌وتم، باوكیشم خه‌وت، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی سه‌یری یه‌كتریمان ده‌كرد، له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاسان، ئه‌و خه‌وی به‌منه‌وه بینیبوو، من خه‌وم به ئه‌وه‌وه بینیبوو. هه‌ردووكمان له یه‌ك خولگه‌ی زمانی خه‌ون و خه‌یاڵدا بووین. ئاساییه ئه‌و شه‌وه به‌و شێوه‌یه تێپه‌ڕی. هه‌روه‌كو زۆر له شه‌وانیتر خه‌ومان به‌ده‌یان كه‌سه‌وه بینیوه كه ساڵه‌هایه له‌ژیاندا نه‌ماون، گریمانه‌یه ره‌نگه ئه‌وانیش خه‌ون به‌منه‌وه ببینن. ساڵه‌هایه لێیان دوورم؟
دوێنێ شه‌و باوكم به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌كی مناڵیم دۆشدامابوو، یه‌ك وشه‌ی نه‌دركانبوو، له دڵه‌وه قوڵپی گریان رێگه‌ی نه‌ئه‌دا هاوار بكات.
دوێنێ شه‌و به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی باوكم دانیشتبووم، بێده‌نگی جه‌سته‌ی خواردبووم، ئه‌ژنۆم شكابوو نه‌مده‌توانی تۆزی سه‌ر وێنه‌كه‌ی پاكبكه‌مه‌وه، ئاخر باوك نابێت تۆزی له‌سه‌ر بنیشێت.
ئێستا ئه‌و له ژوورێكدا پاڵكه‌وتووه، له‌و شوێنه‌دا هیچ شتێك جێگه‌ی سه‌رین ناگرێته‌وه، هه‌میشه بۆنی خۆڵ چاوه‌كانی كه روو له ئاسمانن گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌م به‌ده‌نگی پێیه‌كانمدا كه ته‌پوتۆزی سه‌ر وێنه‌كه‌ی لاده‌به‌م له‌و شه‌وانه‌یه به ئارامی سه‌یری وێنه‌كه‌ی مناڵیم ده‌كات، كه به باوه‌شی خۆیه‌وه به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ره‌ش و سپی و سێوێك به‌ده‌ستمه‌وه سێبه‌ری خۆم له‌پشت وێنه‌كه‌وه له هیچ كه‌سێك نه‌ده‌چووم له باوكم نه‌بێت.
ماوه‌یه‌ك بوو
ماوه‌یه‌ك بوو به ئارامی ده‌خه‌وتین، ماڵه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بوو كاتێك دراوسێكانم ده‌بینی ئه‌وه‌نده وریابوون ئاگایان له خشه‌ی مارومێرو بوو، ئه‌وان زۆر به‌كه‌می ده‌خه‌وتن، ژیانی ئه‌وان به‌رفراوانتر بوو له ژیانی ئێمه.
ئه‌و شه‌وه هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو، له‌ناكاو له به‌ره‌به‌یانێكدا، به‌ده‌م قیژه‌وهاواركردنه‌وه وامده‌زانی له خه‌ودام میزم كرد به‌خۆمدا، باوكم هاواری ده‌كرد ئه‌م ماڵه هه‌تاو خواردوێتی سووتاندوێتی.
دایكم دڵی ده‌دایه‌وه و ده‌یگوت، ژوورێك و موبه‌قێك ئه‌م هه‌موو په‌نجه‌ره‌یه‌ی بۆ چی‌بوو.
ئه‌م هات و هاواره به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وام بوو، كێشه‌ی نێوان سێبه‌ر و رووناكی. تاوه‌كو ئه‌و رۆژه بڕیارمدا ئینجانه‌یه‌كم برده‌وه، ئینجانه‌یه‌ك گوڵێكی ده‌گرت له ره‌نگی خۆرئابوون و گه‌ڵاكانی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له نێوان رسته ره‌نگاڵییه‌كانی دایكم و باوكمدا، له نێوان خه‌ون و بێداریدا. هه‌ردووكیان له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشن بۆچی من له‌ژێر به‌تانییه‌كه‌وه ده‌گریم، گریان نه‌بۆ خۆم بوو نه‌بۆ ئینجانه تاقانه‌كه، هیچ شتێك دڵی ئه‌م ئینجانه‌یه‌ی نه‌ئه‌دایه‌وه فرمێسكه‌كانم نه‌بێت، دواجار بوو به‌سێبه‌رێكی قورس به‌سه‌ر شانمدا و ئێستاش له كۆڵم نابێته‌وه.
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوورێكی شێ‌دار و موبه‌قێكدا ئینجانه‌كه‌م دانا، خۆم كرد به‌خه‌وتوو، زۆری نه‌برد ماڵه‌كه به‌گوڵ وگه‌ڵا داپۆشرا، چیتر ماڵه‌كه‌مان هه‌تاوی تێنه‌ده‌كه‌وت، باوكم له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یوت ره‌قبوومه‌وه. دایكم ده‌یوت، بۆنێكی ناخۆش ماڵه‌كه‌ی گرتۆته‌وه.
تێگه‌یشتم هه‌ردووكیان له‌ژێر به‌تانییه‌وه مه‌به‌ستیان منه.
هه‌ر ئه‌و رۆژه هه‌ردووكیان خه‌وتن بڕیارمدا ره‌گی گوڵه‌كه ببڕمه‌وه، خۆم كرد به‌خه‌وتوو. دایكم هاواری ده‌كرد خه‌ریكه ره‌قده‌بمه‌وه، باوكم زۆر دڵساردانه پێیده‌وت، بۆ ژوورێك و موبه‌قێك ئه‌م هه‌موو په‌نجه‌ره‌یه‌ت بۆ چی‌بوو.
خه‌یاڵی گریمانه‌یه‌ك
رۆژێكیان كابرایه‌كم بینی شێتانه به‌چه‌كوشێك زمانی ده‌كوتییه‌وه، له‌ولاتره‌وه كه‌سێكیتر به‌مه‌كینه‌یه‌ك زمانی لووس ده‌كرد، زمان شمشێری عه‌قڵه‌وخه‌یاڵه، له نێوان ئه‌م دوو دیمه‌نه‌دا بۆ حاڵی خۆم كه ده‌مێكه زمانم له‌گۆ كه‌وتووه، خۆم كرد به‌چایخانه‌یه‌كدا، باران به‌لێزمه ده‌باری، خه‌ڵكانێكی كه‌م به‌سه‌ر شۆسته‌كاندا هاتوچۆیان ده‌كرد. دووباره هه‌ردوو وێنه‌كه‌م هاته‌وه‌به‌رچاو، عه‌قڵم ئیشی نه‌ده‌كرد. وێنه‌ی یه‌كه‌میان خه‌یاڵێك بوو ئایا ئاینده‌ی زمان به‌كوێ ده‌گات، دیمه‌نی دووه‌میشیان ئه‌وه‌ی بیرخستمه‌وه، كامیان راستن، زمان كوتینه‌وه، گه‌ر راستیه‌ك بڵێیت، یان ماكینه‌ی زمان لووس كردن.
گه‌مژه‌یی و پێچه‌وانه
جه‌سته‌ی خۆم كرد به په‌یژه بۆ ئه‌وانیتر، كاتێك بیریان له‌سه‌ركه‌وتن ده‌كرده‌وه، زۆری نه‌برد هه‌مان جه‌سته‌بوو به په‌یژه بۆ دابه‌زین و هه‌ڵاتنی ئه‌وانی تر. له رۆژگارێكدا ده‌ژیم خۆم نیم، هه‌ر هه‌مووی ئه‌وانیترن. پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌مان یارییه.
له‌بیرمه كابرایەك خه‌می په‌یژه‌یه‌كی هه‌بوو، به‌هه‌ر نرخێك بێت دروستی كرد، په‌یژه سروشتی وایه روو له‌ئاسمانه، گه‌رچی پێچه‌وانه‌شی بكه‌یته‌وه، هه‌ر هه‌مان رووه، كابرا په‌یژه‌كه‌ی داده‌نا نه‌یده‌زانی سه‌ره‌وخوار له كوێیه ده‌ستی ده‌كرد به‌گریان. بۆ رۆژی دواتر به‌دیار په‌یژه‌كه‌وه دامابوو تێگه‌یشت له‌وه‌ی په‌یژه سه‌ره‌وخواری نییه و هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی به ئاسانی سه‌رده‌كه‌ون، هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش به ئاسانی دێنه خواره‌وه.