رۆژین حاجی حسێن بۆ كوردستانی نوێ:

هونەری نیگاركێشی بە هونەرێكی پیرۆز دادەنرێت لە رۆژئاوای كوردستان

01:36 - 2025-07-17
دیدار
68 جار خوێندراوەتەوە

دیداری / ئەیاز هەركی

رۆژین ژنە نیگاركێشێكی پەنابەری خەڵكی قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانە و ساڵانێكی زۆرە لە شاری هەولێر دەژێت، دوو پێشانگەی تایبەت بە تابلۆكانی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردۆتەوە و بەشداریی لە ژمارەیەك پێشانگەی دیكەی هاوبەشدا كردووە. 
رۆژین حاجی حسێن شێوەكاری ناسراوی قامیشلۆ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: من لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووم، بەشی ئەندازیاری كۆمپیوتەرم لە زانكۆی حەلەب تەواوكردووە، لە منداڵییەوە خولیایەكی تایبەتم بۆ كاری هونەری هەبووە، لە قۆناغی سەرەتایی مامۆستاكانم هەمیشە هانیان دەدام كە زیاتر گرنگی بە كاری هونەری بدەم.
 لە تەمەنی چواردە ساڵیدا لە سوریا بەشداریم لە چەندین پێشبڕكێی نیگاركێشیدا كردووە و پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی سوریا بەدەستهێناوە، ئەمەش هاندەر بووە كە زیاتر گرنگی بە نیگاركێشان و گەشە بە هونەرەكەم بدەم.  
وتیشی: دوای دەستپێكردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011، لە ساڵی 2013 ناچار بووم روو لە باشووری كوردستان بكەم و لە شاری هەولێر نیشتەجێبم، سەرەڕای سەختییەكانی ژیانی ئاوارەیی، بەڵام بەردەوام بووم لە هونەری شێوەكاری. دواتر دوو پێشانگەی تایبەت بە تابلۆكانم لە هەولێر و سلێمانی بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و كەسانی هونەردۆست كردەوە، جگە لەوەش بەشداریم لە چەندین پێشانگەی نیگاركێشی هاوبەشدا كردووە.

ناوەڕۆكی زۆربەی تابلۆكانم لەسەر مرۆڤایەتییە، بەتایبەتی كورد، هەروەها لەسەر ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و شنگال چەندین تابلۆم كێشاوە

رۆژین دەڵێت: ناوەڕۆكی زۆربەی تابلۆكانم لەسەر مرۆڤایەتییە، بەتایبەتی كورد، هەروەها لەسەر ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و شنگال چەندین تابلۆم كێشاوە، بەداخەوە كە لە هەرێمی كوردستان وەك وڵاتانی دیكەی جیهان خواست لەسەر تابلۆ نییە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە هونەری نیگاركێشان و دەمانەوێت خەونەكانی میللەتەكەمان بەدی بهێنین و لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا گەلەكەمان بە مافەكانیان بگەن، جگە لەوەش دەمەوێت لەڕێگەی هونەرەوە گرنگی بە پاراستنی میراتی فۆلكلۆری كوردی و كەلتوریی مێژووی كورد بدەم. 
روونیشیكردەوە: لە تابلۆكانمدا رەنگی جیاوازی كوردی تێكەڵ بە ئەكریلیك بەكاردەهێنم، هەربۆیە بەرهەمەكانم زیاتر دیارن و خواستێكی تایبەتیان لەسەرە، هەروەها پەیامی رەشبینانە لە تابلۆكانمدا بەكارناهێنم و پەیامی بەهار و نەورۆزی كوردی دەگەیەنم.
ئەوخانمە شێوەكارە لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا دەڵێت: ئێستا رۆڵی ژنانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان زۆر باشە، بەڵام هیوادارین نەریتە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكەمان رێگری و كاریگەریی لە هێز و توانای كچان و ژنانی كورد نەكات و بەتەواوی ئازاد بكرێن، بۆئەوەی تواناكانیان بخەنە خزمەتی گشتی و دەنگی ژنانی كورد لە ئێستا بەرزتر بێت. 
لە كۆتاییدا وتی: لەوانەیە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان سەربەخۆتربن لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، بۆیە دەبینین كە زۆرێك لە ژن و پیاوەكان سەرقاڵی هونەری نیگاركێشان و كاری دەستین و گرنگییەكی تایبەت بە هونەری نیگاركێشی دەدرێت و بە هونەرێكی پیرۆز دادەنرێت لە رۆژئاوای كوردستان بەگشتی. هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە كە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان زیاتر گرنگی بە تواناكانی ژنان دەدات، ئەمەش هۆكارێكە بۆئەوەی ژنانی ئەو بەشەی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا چالاك بن و ئاستی خۆیان بەرزبكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان