ئامادەکردنی - ئارما هیوا
له گۆشه‌ی یه‌ك پرسیاری كوردستانی نوێ‌دا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به چییه‌وه سه‌رقاڵیت؟ خالید سه‌ركار، هونه‌رمه‌ند و میوزیكژه‌ن (میوزیسیان) پێیوتین: له دوای خانه‌نشین بوونم سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه و نووسینم و سه‌ردانی هاوڕێیانم له ناوشار ده‌كه‌م، حه‌زیشم له خواپه‌رستییه، ئێستا سه‌ردانی مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌م، قورئان ده‌خوێنم.
ئێوارانیش كه‌مانه‌كه‌م، یان عوده‌كه‌م ده‌رده‌هێنم و عه‌زف ده‌كه‌م، گه‌ڕانه‌وه و پێداچوونه‌وه به ئاوازه‌كانمدا ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌كانم و ده‌ستم باشتر عه‌زف بكه‌ن.
ئێستا كاری هونه‌ریم ته‌نها هاوكاریكردنی تیپی مۆسیقای سلێمانییه و له لیژنه‌ی هونه‌رییه‌كه‌یاندام، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوازی تازه و بۆ ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی دێنه به‌رده‌ستمان، لیژنه‌یه‌كین و داده‌نیشین و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و كامه‌ی گونجاو و جوان بێت ئه‌وه‌یان په‌سه‌ند ده‌كرێت و بۆچوونی من وه‌رده‌گرن و منیش بۆچوونه‌كانی خۆم به‌باشی ده‌ده‌م، چونكه ئه‌و تیپه به تیپی خۆم ده‌زانم، ئه‌وانیش به سوپاسه‌وه بۆچوونه‌كانم وه‌رده‌گرن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به دڵنیاییه‌وه تا بتوانم لەگه‌ڵیان ده‌بم و هاوكارییان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.