ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و هەماهەنگیی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە تیرۆریستانی داعش تاکو ئێستاش مەترسین بۆ سەر عیراق و ناوچەکە بەگشتی، لەمبارەیەوە کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عیراقیان بە پێویست زانی.
لە بەشێکی دیکەی گفتووگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، کە کۆڵۆنێڵ کریس هەیمڵ، راوێژکاری سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی بۆ ڕیفۆرمی پێشمەرگە ئامادەی بوو، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا.