ئامادەکردنی حسێن عەزیز
لەسەر سكاڵای كەسوكاری ئەنفالكراوان دادگای بەرایی سەماوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ رائید عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە (عەجاج) سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان لە كاتی پرۆسەی ئەنفال دەركرد و دوای 48 سەعات لە بڕیارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە تكریت دەستگیركرا.
عەلی حەمەئەمین دەروێش ساڵی 1988، باوك، مام و ژمارەیەک لە كەسوكاری بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، ئێستا دانیشتووی كەلارە، پاش ئاگادارکردنەوەیان کۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە نهێنی چوونەتە پارێزگای سەماوە بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر عەجاج، بۆ کوردستانی نوێ وتی: شەوی 27ی تەمموز لەلایەن راوێژكارێکی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە ئاگاداركراینەوە كە سێ كەس لە كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال لە كەلار و دوو كەسیش لە قەزای چەمچەماڵ سەردانی بەغداد و دواتر سەماوە بكەین بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی عەجاج تاوانباری دیاری نوگرە سەلمان.
رێکارەکانی سکاڵاکردن
وتیشی: سەعات پێنجی بەرەبەیان سێ كەس لە كەلارەوە بە ناوەكانی فەزیلە محەممەد، مەحمود محەممەد شەریف و عەلی حمەئەمین دەروێش بەرەو بەغدا بەڕێكەوتین و لە چەمچەماڵیشەوە هەریەك لە رزگار شەمزین و عەلی ئەبوبەكر بەڕێكەوتبوون و لە بەغدا بەیەك گەیشتین.
عەلی حەمەئەمین دەروێش دەڵێت: پێنج کەسەکە بە یاوەریی راوێژکارێک و ئەفسەرێكی پلە باڵای سەرۆكایەتی كۆمار بەڕێكەوتین بۆ بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە سەماوە، بۆ سەعات هەشتی شەو یەكە یەكە وتەیان لێ وەرگرتین، پرۆسەکە تا سەعات 12ی شەوی خایاند و لە کاتی وتە وەرگرتنەکەدا عەقید شاكر ئامادەی دانیشتنەكەبوو.
پاش تەواوبوونی وتە وەرگرتن سکاڵاکارەکان لە هۆتێل (قەسر الغدیر) ماونەتەوە و بەیانییەکەی چوونەتە دادگای بەرایی سەماوە بۆ تۆماركردنی سكاڵا، عەلی وتی: تەنیا سێ كەس سكاڵایان لێ وەرگیرا، بەهۆی ئەوەی دووان لە سكاڵاكارەكان كەسوكاریان ئەنفال بوو، بەڵام زیندانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان نەبوون وتەیان لێ وەرنەگیرا، دوای بەڕێوەچوونی رێکارە ئیدارییەكان سەعات 12 ی هەمان رۆژ بڕیاری دەستگیركردن بۆ عەجاج دەرچوو.
سکاڵاکاران
وتیشی: دەزگای ئاسایش و دادگای سەماوە زانیارییان لەسەر عەجاج هەبوو و پێشتر چاودێرییان کردبوو، هەر بۆیە دوای 48 سەعات لە تۆماركردنی سكاڵاکەمان عەجاج لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە تكریت دەستگیركرا.
سکاڵاکاران لەسەر عەجاج بریتی بوون لە: فەزیلە محەمەد کە خوشك، برا و چەند كەسێکی دیکەی بەر تاوانی ئەنفال كەوتوون و خۆی شاهیدی مەرگی سەدان كەس بووە لە قەڵای نوگرە سەلمان، رزگار شەمزینی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، رزگاربووی ئەنفالە و زیندانی بووە لە نوگرە سەلمان هەروەها عەلی ئەبوبەكر دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، رزگاربووی شاڵاوەكانی ئەنفالە و ئازار و نەهامەتییەكانی گرتوخانەی نوگرە سەلمانی بینیوە، هەریەك لە مەحمود محەمەد و عەلی دەروێش خەڵكی قەزای كەلارن و كەسوكاریان لە پرۆسەی ئەنفالدا سەرنگون کراون.