ئامادەکردنی حسێن عەزیز
هەواڵی دەستگیركردنی تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان لەكاتی پرۆسەی ئەنفالدا، لەگەڵ ئەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانی دڵخۆش کردووە، ئازاری برینەکانی ئەو تاوانبارە گەورەیەشی بە سوێ کردەوە و داوا دەکەن بە سزای یاسایی بگات لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کردوویەتی.
لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا زۆرێك لە خەڵكی گەرمیان و ناوچە جیاوازەكانی دیکە براونەتە گرتوخانەی نوگرە سەلمان کە لەلایەن عەجاجەوە سەرپەرشتی دەکرا، ئەو تاوانبارە زۆر بێ بەزەییانە سزای ئەنفالکراوانی ناو زیندانەکەی داوە و تائێستا چیرۆکە ئازاربەخشەکانی ناو زیندان و دڕندەیی عەجاج دەماودەم لەسەر زاری رزگاربووانی ئەنفال و نەوەکانیانە.
لەگەڵ ژمارەیەک لە منداڵانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان خەریکی یاریکردن بووین، عەجاج هات و لێیداین، کێبڵێک بەر پشتم کەوت، دواتر بەشێکمانی لە ژورێکدا زیندانی کرد و تائێوارە هیچ خواردنێکیان پێ نەداین
عەجاج لە زیندانی نوگرە سەلمان
رێباز غالب باوک و مامی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالن، خۆی لە شاڵاوی ئەنفالدا لەگەڵ 10 کەس لە خێزانەکەی لە گرتوخانەی نوگرە سەلمان زیندانی بووە، عەجاج لە بیرەوەریدا ماوە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: رۆژانە عەجاج سەردانی هۆڵەکانی ناو زیندانی دەکرد و دەگەڕا، کاتێك دەهات دەبوو هەموو زیندانیکراوان بە رێکی و بە بێدەنگی دابنیشن و سەیری نەکەن، هەروەها حەزی لە ئازاردانی زیندانییان بوو.
وتیشی: رۆژێک لەگەڵ ژمارەیەک لە منداڵانی دیکەی ناو زیندانەکە خەریکی یاریکردن بووین، عەجاج هات و لێیداین کێبڵێک بەر پشتم کەوت و رامانکرد، بەڵام بەشێک لە منداڵەکانی سزادا کردینییە ژوورێکەوە کە سەری نەگیرابوو دەرگای لەسەر داخستین و هیچ جۆرە خواردنێکیان پێ نەداین تا ئێوارە، زۆر تینو و برسی بووین.
رێباز لە گێڕانەوەی بیرەوەرییە تاڵەکانی لەگەڵ عەجاج بەردەوام بوو و وتی: رۆژێکیان عەجاج کە هاتە ناو هۆڵەکانی زیندان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ ناوی شاخەوان بوو لەگەڵ خۆی بردی بۆ نهۆمی دووەمی گرتووخانەکە، دایکی و کەسوکارەکەی لەگەڵ بەشێک لە زیندانییان زۆر گریاین و هاوارمان کرد، دوای چەند سەعاتێک هێنایەوە منداڵەکە تەندروستی تێکچوو بوو بە دەوری خۆیدا خولایەوە و کەوتە سەر زەوی، دایکی زۆر گریا و وتی: منداڵەکەم ژەهرخوارد کراوە، دواتر بینیمان عەجاج لەسەر قادرمەکانەوە تەماشای دەکردین پێدەکەنی و قسەی کرد، ژنێکمان لەگەڵدا بوو ناوی قەدریە بوو عەرەبی دەزانی وتی عەجاج وتویەتی: مەترسن خواردنەوەم داوەتێ ئێستا چاک دەبێتەوە، عەجاج چێژی لە گاڵتەکردن و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ منداڵانیشدا دەبینی.
وتیشی: ئامادەم لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کردویەتی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماربکەم و تائێستاش نزیکەی 70 کەس لەوانەی لە نوگرە سەلمان رزگاریان بووە ئامادەییان دەربڕیوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن.
لێدان بە کێبڵ
بیرەوەرییە ناخۆشەکانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان زۆرن، رزگار مەنسور ئێستا دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە گەرمیان، یەكێكە لەو كەسانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا منداڵ بووە و لەگەڵ دایکی لە گرتوخانەی نوگرە سەلمان زیندانی بووە، وێنەی دەستگیركردنی عەجاجی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: بە رەحمەت بێت دایكم زۆرجار باسی ئەو كێبڵەی دەكرد كە عەجاج لە منی دابوو، خۆزگە دەیانخستە بەردەستم تا ئەو كێبڵەی لێ بدەمەوە.
دڕندەیی عەجاج تەنها لە بیرەوەری ئەنفالکراوانی زیندانی نوگرە سەلماندا نییە، بەڵكو کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەوەکانیشیان هەبووە، هێمن بایر دانیشتووی شاری كەلارە، لە تاوانی ئەنفالدا باوك، مام و پورەكانی بە منداڵەكانیانەوە ئەنفالكراون و دەڵێت: كە منداڵ بووم دادەم جیهان، ئەوەندە باسی دڕندەیی و زاڵمی عەجاجی بۆ كردبووین لە نوگرە سەلمان، تا تەمەنی پێگەیشتنیش هەر كە ناوی عەجاجی دەبرد لە ترسا لە سوچێكی ماڵەكەماندا خۆم حەشار دەداو دەستم بە گریان دەكرد، دەبێت ئەو تاوانبارە هەر لەناو قەڵای نوگرە سەلمان دادگایی بكرێت و رێگەش بدرێت كەسوكاری ئەنفال ئامادەی دادگاییكردنەكە بن.
تۆمارکردنی سکاڵا
هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر عەجاج چڕکراوەتەوە لەلایەن قوربانیانی ئەنفالەوە و لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان و چەمچەماڵ بنکەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە.
لە بانگەوازێكدا ئەكرەم ساڵح سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال رایگەیاند: لە دوای دەستگیركردنی تاوانبار عەجاج کاردەکەین بۆ تۆماركردنی سکاڵا لەسەری و داوا لە هەر رزگاربوویەكی ناو قەڵای نوگرە سەلمان دەکەین بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا ناوی خۆی تۆمار بكات و هەر پارێزەرێك لەم ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا ئامادەیە خزمەت بكات با هاوكارمان بێت.
دەستگیرکردنی تاوانبارێکی وەک عەجاج بۆ هەموو کوردێک جێی دڵخۆشییە، تەنانەت ئەوانەشی کە بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵی نەبووە.
سمکۆ سابیر نووسەری بواری جینۆساید بە کوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئەوەی دەستم کرد بە نووسینی کتێبی (نوگرە سەلمان، قەڵای مەرگ و پاکتاوی نەژادی) زۆر گەڕام بۆئەوەی بزانم چارەنووسی عەجاج بە کوێ گەیشتووە، پەیوەندیم بە زۆر سەرچاوەی ورد و تایبەتەوە کرد کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بووە لە کاتی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالدا، زۆربەی سەرچاوەکان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە لە ژیاندا نەماوە و گوایە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوای کردووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2023 پێشانگەیەکم لە نوگرە سەلمان کردەوە دیسان دەستم کردەوە بە گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، بە دروستکردنی سەرچاوەی تایبەت دەرکەوت کە سەرەداو هەیە عەجاج لە ژیاندا ماوەو خۆشبەختانە دواجار دەستگیرکرا، هیوادارین هەر تاوانبارێکی دیکەش ماوە رادەستی دامەزراوە نیشتمانییەکان بکرێت و لەسەر ئەو تاوانانەی کردویانە دادگایی بکرێن.