ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
لەگەڵ هەڵکشانی قەیرانی ژینگەدا ئەوروپا وردە وردە بەرەو خۆجیاکردنەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەچێت، دوای کەمکردنەوەی پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا بۆ بەڵگەنامە و توێژینەوە تایبەتەکانی کەشوهەوا و ژینگە، بۆیە یەکێتیی ئەوروپا دەستیکردووە بە پێکهێنانی سیستمێکی سەربەخۆ وەک هەنگاوێک دەکرێت باڵانسی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی تایبەت بە ژینگەی جیهان بگۆڕێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بەم دواییە رایگەیاند: ئەوروپا هەوڵدەدات پەیوەستبوونی ژینگەیی بە وڵاتە یەکگرتووەکانەوە هەڵبوەشێنێتەوە، دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زۆربەی پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ دەزگا لێکۆڵینەوە زیندووەکانی وەک ئیدارەی نیشتمانیی بۆ ئۆقیانووسەکان و بەرگەهەوا (NOAA)، پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی (NIH)، ئاژانسی پاراستنی ژینگە (EPA) کەمکردووەتەوە.
ژێرخانێکی ژینگەیی سەربەخۆ
چەندین دەیەیە ئەو دەزگایانە بەردی بناغەی کۆکردنەوەی داتاکانی تایبەت بە ژینگە و ئۆقیانووسەکان و چاودێریکردنی گۆڕانی ژینگەن، بۆیە کەمکردنەوەی پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا وا لە ئەوروپا دەکات هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی داتای ژینگەیی سەربەخۆ، هاوکات دەستەی کەشناسیی دانیمارکی داتاکانی ئیدارەی نیشتمانیی ئۆقیانووس و بەرگە هەوای بەوە وەسف کرد کە ناتوانن دەستبەرداری ببن.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند: کە تۆڕی چاودێریی دەریایی ئەوروپا فراوانتر دەکات، بۆئەوەی داتای وردتر لەسەر رێڕەوی کەشتییەکان و پاشماوەی زەریاکان و پلەی گەرمی رووی دەریاکان لەخۆبگرێت، ئەمەش وەک دەستپێشخەرییەک لە ئەگەری نەمانی زانیارییە ژینگەییەکانی ئەمریکا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات وەبەرهێنانەکەی لە پرۆگرامی ئارگۆ دوو هێندە زیاد بکات، کە سیستمێکی جیهانییە چاودێریی قووڵایی و پلەی گەرمی دەریاکان دەکات.
وڵاتانی ئەوروپای وەک ئەڵمانیا، نەرویج و دانیمارک دەستیان کردووە بە ئەرشیفکردن و کۆپیکردن و پاشەکەوتکردنی داتا ژینگەییەکان
پاشەکەوتکردنی داتا ژینگەییەکان
ئێستا ئەمریکا ٪57ی بودجەی کۆمپانیای ئارگۆ دابین دەکات، لەکاتێکدا تەنها 23 ٪ی بودجەکەی یەکێتیی ئەوروپا دابینی دەکات، لەبەرئەوەی کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر داهاتووی ئەو پارەدارکردنە بدات، بۆیە کۆمەڵگەی زانستیی لە حاڵەتی چاوەڕوانیدان.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، وڵاتانی ئەوروپای وەک ئەڵمانیا، نەرویج و دانیمارک دەستیان کردووە بە ئەرشیفکردن و کۆپیکردن و پاشەکەوتکردنی داتا ژینگەییەکان لە داتابەیسی ئەمریکاوە کە هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە.
کەمکردنەوەی ٪20ی هێزی کار
لە راستیدا ئاژانسی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ئۆقیانووس و بەرگەهەوا لە 12 هەزار فەرمانبەر دەستبەرداری نزیکەی 800 فەرمانبەری بووە، یاخود هاندانی دارایی پێشکەشکردوون بۆ دەستلەکارکێشانەوەیان، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی خۆپارێزیدایە کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لەژێر ناونیشانی (کارایی حکومەت) دەستیپێکردووە، هاوکات بودجەی ساڵی 2026ی کۆشکی سپی هەوڵدەدات رۆڵی ئاژانسەکە زیاتر بچووک بکاتەوە، بۆ نموونە پێشنیازی کەمکردنەوەی بڕی 1.8 ملیار دۆلاری کردووە، کە یەکسانە بە ٪27ی بودجەکەی، لەگەڵ کەمکردنەوەی نزیکەی ٪20ی هێزی کار تێیدا، بەمەش ژمارەی فەرمانبەرانی دەگاتە تەنها 10 هەزار کارمەند.
هەروەها ئیدارەی ترەمپ بۆ ساڵی 2026 بەنیازە ئۆفیسی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئیدارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، کە لایەنی بەرپرسە لە سیستمەکانی چاودێریکردنی دەریایی، لە نێویشیاندا بەرنامەی ئارگۆ و تۆڕەکانی چاودێریکردنی کەنارە دەریاییەکان، ئامێرەکانی هەستەوەریی بۆشایی ئاسمان، تاقیگەکانی سامپڵەکانی کەشوهەوا، جگەلەوە لە ماوەی رابردوودا دەستیانکردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی داتا ژینگەییەکان، لە نێویاندا 20 کۆمەڵەیان راگرتووە کە پەیوەستن بە داتاکانی بوومەلەرزە و زانستی دەریایی.
پاراستن و ئەرشیفکردن پێویستی بە بودجەیە
فرانک گلۆکنەر بەڕێوەبەری ئەرشیف و داتاکانی ئەوروپا بۆ ژینگە، رایگەیاندووە: کۆکردنەوە و کۆپیکردن و هەڵگرتنی ئەو زانیارییە ژینگەییانە لە داتا بەیسی ژینگەی ئەمریکاوە یاسایین، چونکە موڵکی گشتین، بەڵام دێنیس رۆس، پسپۆڕی سیاسەتی داتاکردن، روونیکردەوە ئەو پاراستن و ئەرشیفکردنە پێویستی بە بودجە و ژێرخانی دارایی هەیە، کە لەلایەن توێژەرانی سەربەخۆوە ئەستەمە دابین بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە داتابەیسەکان پێویستیان بە نوێکردنەوەی بەردەوام هەیە و تەنها حکومەتەکان دەتوانن ئەوە دابین بکەن.
لە چەند مانگی رابردوودا فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەوروپا زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ توێژەرانی ئەوروپی و دامەزراوە خێرخوازییەکان و گروپە تەندروستی و ژینگەییەکان کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی رێکخستن و ئەولەوییەتدان بە داتاکان بۆ رزگارکردنیان، دێنیس رۆس ئاماژەی بەوەشدا، دەرفەتێک هەیە بۆ وڵات و دامەزراوەی دیکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئەگەر لە داهاتوودا ژمارە و کوالێتی داتا ژینگەییەکانی ئەمریکا پاشەکشە بکەن.
سەرچاوە: arabic.euronews.com