راپۆرتی/ محەمەد عەبدولڕەحمان
لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێکە بەرهەمهێنانی قارچک روو لە زیادبوونە و گرنگیی زۆری پێدراوە، بەجۆرێك خۆبژێوی ناوخۆی دابین كردووە و هاوكات بەشێكیشی لێ دەنێردرێتە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، كارگەی قارچكی پێنجوێن لەگەڵ ئەوەی بەرهەمێکی باشی هەیە، بووەتە هۆی دابینكردنی هەلی كار بۆ ژمارەیەك گەنجی قەزاكە و دەیانەوێت لە داهاتوودا بەرهەمهێنانی قارچك زیاتر بكەن.
سەروەر كازم سەرپەرشتیاری بەرهەمهێنانی كارگەی قارچكە لە پێنجوێن بە كوردستانی نوێی راگەیاند: شێوازی دروستكردنی قارچك لە كۆمپۆست بریتییە لە پوشی گەنم و پاشماوەی دەواجن، لە ئێرانەوە بۆ ماوەی 35 رۆژ ئیش دەكەن لەسەری تاوەکو دروست دەبێت، دواتر بە شێوازی كیسە و بلۆك دەینێرن بۆ ئێمە، لەسەر رەفە دایدەنێین، دواتر سەری كیسەكان پێنج بۆ شەش سانتیمەتر دەبڕین، شی دەكەینەوە و دەیكوتین، لە وەرزی زستاندا پلاستیك دەدرێت بە سەریدا و بۆ ماوەی 14 رۆژ بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.
وتیشی: كارگەکەمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی قارچکە و لە توانایدایە رۆژانە زیاتر لە دوو تۆن قارچك لە جۆری دوگمەیی سپی بنێرینە بازاڕەكانەوە.
هەرێمی كوردستان 11 پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچكی تێدایە و ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 4000 تۆنیان هەیە
چۆنیەتی بەرهەمهێنانی قارچک
کارگەی قارچکی پێنجوێن ماوەی 12 ساڵە دامەزراوە، ئێستا زیاتر لە 50 كەس كاری تێدا دەكەن و مانگانە 50 تۆن بەرهەمی هەیە.
سەروەر كازم دەڵێت: بەرهەمهێنانی قارچك پێویستی بە كەشوهەوایەكی لەبار و گونجاوە کە پلەی گەرمی لەنێوان 22 بۆ 28 پلەی سەدیدا بێت، رادەی شێ بگاتە 84 % بە تایبەت لە دوو هەفتەی سەرەتادا، بەرهەمهێنانی هەر وەجبەیەك قارچك ماوەی 35 رۆژی پێویستە.
وتیشی: لە كارگەکەدا رۆژانە بە دوو قۆناغ قارچكە پێگەشتووەكان لێ دەكرێنەوە، قۆناغی یەكەم، قارچكە قەبارە گەورەكان و قۆناغی دووەمیش، قارچكە قەبارە بچووكەكان لێ دەكرێنەوە، دواتر جوان بە ئاو دەشۆردرێنەوە و بەشێوەی تەندروست دەخرێتە ناو قاپەوە، هەر قاپێك 400غرام قارچکی تێ دەكرێت، دواتر بۆ ماوەی چوار سەعات دەخرێتە بەڕادەوە کە پلەی ساردیی چوار پلەی سەدی بێت، بۆ ئەوەی لە گەشە بكەوێت و دواتر دەهێنرێتە دەرەوە رۆژی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی لێ دەدرێت و ئامادەیە بۆئەوەی بخرێتە بازاڕەوە.
پشتیوانیی خاوەن پرۆژەکان
لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی ناوخۆی قارچک پێداویستی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە و رێژەی لە %50 لێ دەنێردرێت بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، هەروەها لەبەر ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ باج خراوەتە سەر بەرهەمی هاوردەكراوی قارچك.
پەیوەند ئەحمەد دوکاندارە بۆ کوردستانی نوێ وتی: رۆژانە زیاتر لە 10 كیلۆ قارچك دەفرۆشم، خەڵك زیاتر بۆ دروستکردنی پیتزا و سوپ بەكاریدەهێنن.
وتیشی : قارچک لە هەموو وەرزەكاندا کڕیاری هەیە، بەڵام لە وەرزەکانی زستان و پایزدا زیاتر خواستی لەسەرە و فرۆشی باشترە.
هەرێمی كوردستان 11 پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچكی تێدایە، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 4000 تۆن قارچکیان هەیە.
رزگار حەمە خدر راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە خشتەی رۆژژمێری كشتوكاڵدا ماوەی دوو ساڵە، بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ هێنانی قارچك لە دەرەوە قەدەغە كراوە.
وتیشی: پشتیوانیی خاوەن پرۆژەكان دەكەین بە پێدانی بەشێک لە پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ.