كەشتییەكەی سیسیوس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

رۆژێک لەگەڵ سۆکرات

11:57 - 2025-08-07
ئەدەب و هونەر
753 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(29)

ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتمە ئەسینا، بە پرسیار ناونیشانی ماڵەکەم وەرگرت و هەروا دە خولەک بە پێ رۆیشتم و گەیشتمە دێمی ئالوپێک لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەسینا و بینیم سۆکرات لەبەردەرگا چاوەڕوانمە. چووینە ژوورەوە، ماڵەکەی تەنها سێ ژوور بوو، نووستن و میوان و چێشتخانەیەک(موبەق بەزاری سلێمانییانە). سەرم لە بچووکی خانووەکەی سوڕما. سۆکرات تێگەیشت و وتی: «ئەگەر خانووەکەم لەمە گەورەتر بووایە، پێداویستییەکانم زیادیان دەکرد، نەک ئیسراحەت و حەوانەوەم.»
ماڵەکە کەلوپەلێکی ئەوتۆی تێدا نەبوو، چەند سەرینێک کە ناواخنەکانیان کا بوو، مێزێکی بچووک لە دارزەیتوون دروستکرابوو، دوو چرای زەیتی و رەفەیەکیش کە پڕبوو لە لوولەکتێب. چەند قاپوقاچاخێکی قوڕین کە پارچەومارچەیان لێ شکابوو ... هیچی تر!
هەروا بە حەپەساویی دەمڕوانی، لەناکاو ‹زانتیپ›ی هاوسەری سۆکرات بەخێرهاتنی لێکردم، سۆکرات و زانتیپ سێ کوڕیان هەبوو، بەهەر شێوەیەک بێت لە ماڵەکەدا جێگەی خۆیان کردبۆوە. کاتێک هاوسەرەکەی سۆکراتم بینی، یەکسەر گفتوگۆی سۆکرات و هاوڕێیەکی بەمێشکمدا گوزەری کرد:
- سۆکرات تۆ لەناو ئەو هەموو ژنەدا بۆچی زانتیپت هەڵبژاردووە؟
- بڕوانە! ئەگەر یەکێک بیەوێت ببێت بە راهێنەری ئەسپ، دەچێت لەسەر ئەسپێکی دەستەمۆی تەپۆ راهێنان دەکات، یان ئەسپێکی کێویی چەمووش؟
- ئەمەی دووهەمیان.
- دەی منیش دەمەوێت ببمە راهێنەری مرۆڤەکان، بۆیە تووڕەترین و هارترینیانم هەڵبژاردووە.
دەستم کرد بە جانتاکەمدا و شووشەیەک گوڵام دەرهێنا و دامە دەستی زانتیپ. 
موبەقەکە تاکە جێگا بوو بە کەڵکی دانیشتن بێت؛ چووینە ئەوێ و زۆری پێنەچوو لە دەرگا درا، وتم «شەرابم بۆ هێناویت، زۆری پێناچێت کۆڵکێشەکە دەیهێنێت. من خۆم حەزم کرد بە پێ بێم و ئەوم جێهێشت.» سۆکرات سەیرێکی کردم: «زۆرباشە بۆ خۆمان دەخۆینەوە.» وتم: «نا، من دەرەقەتی تۆ نایەم، ئاگاداری ئەو شەوەم کە ئاگاسۆن خەڵاتی وەرگرتبوو، تا نیوەشەو ئاهەنگی مەیخواردنەوەتان سازکرد و دوایی لەگەڵ ئەریستۆفانیسدا بە دووقۆڵی تا بەیانی خواردتانەوە.» جگە لەوەش من لە زۆر دوورەوە هاتووم و ماندووم.
کەمێک بێدەنگ بوو، وتی: «بەداخەوە لەم ماوەیەدا مرد، ئەو شەوە ئاشت بووینەوە.»
هاتەوە بیرم، چەند ساڵێک لەوەبەر ئەریستۆفانیس شانۆیی ‹هەورەکان› ی نمایش کرد و تێیدا وێنەیەکی کاریکاتۆرییانەی پڕ هەجووی کێشابوو. خەیاڵم رۆیشت: «لە شانۆییەکەدا، سۆکرات کەسێکی لەخۆباییە و رەفتارەکانی سەیر و نامۆن، لە ئاسماندا لەناو سەبەتەیەکدایە و دەیەوێت تەنها بە ئەقڵ بیربکاتەوە، ریاڵەت(واقیع) فەرامۆش بکات، گاڵتە بە دابوونەریتەکان دەکات، باوەڕی بە خواکان نییە. بە کورتی نموونەی مامۆستای گەندەڵە ....سۆفیستێکە بۆ خۆی.»
سۆکرات بە ئاگای هێنامەوە: هێی لەکوێیت؟ تەختی نووستنم بۆ ئامادە کردوویت.
چوومە ناو جێگاوە و بیرم دەکردەوە: زۆرجار هونەرمەندەکان گورزی گەورە لە بیرمەندەکان دەوەشێنن، ئاخر سۆکرات نەک سۆفیست نەبوو، بەڵکو گەورەترین نەیاریشیان بوو. ئەم شانۆییە دەستێکی باڵای هەبوو لە شێواندنی شۆرەتی سۆکرات دا، تەنانەت یەکێک بوو لەو هۆیەکانی دادگاییکردنی. ئەم نەریتە تا ئیستاش لەناو گەلانی دواکەوتووی وەک ئێمەدا باوە، بە جۆرەها شێوە لە نواندن و تەنز و کارە هونەرییەکاندا، بیرمەند وەک درنجێکی قێزەون پیشان دەدرێت.
بەیانی زوو خەبەرم بۆوە، بینیم سۆکرات بە تەنها دانیشتووە و جامێک شەرابی بەدەستەوەیە. یەکسەر بینیمی و وتی: «خەمت نەبێت کەمێکە هەستاوم، لە شەوەوە بۆی دانەنیشتووم. ئەمڕۆ من و تۆ کاری زۆرمان هەیە.»
ئەوەم پێ خۆش بوو، وتم: «وادایار بوو بیرت لە شتێک دەکردەوە! بۆم باس بکە.» جامەکەی کەمێک وەرسوڕاند و وتی: «سەیری ئەم جامە بکە؟ ئەمە بۆچی جامە؟ خۆ پێشتر خۆڵ بوو! پیشەوەرێک کردی بە جام، چۆن وای کرد؟ بێشک چەمکی ‹جامێتی› یان ‹جامبوون› لە مێشکیدا هەیە. ئەوەی کە خۆڵ و ئاو تێکەڵ دەکات و کاری لەسەر دەکات تا دەبێت بە جام؛ ئاگاداری فۆرمی جامە، ئەم فۆرمە ئەبەدییە و جامەکان هەموویان دەچنەوە سەر ئەو.»
پرسیم: «ئەمەی بەدەستتەوەیە، ئەگەر تۆ پێی نەڵێیت جام، ئایا هەر جامە؟» سەیرێکی کردم و وتی: «مەبەستت لەوەیە بوون چاوەڕێی ناوەکانی ئێمە دەکات، بۆ ئەوەی ببێت؟ بوون ئەگەر ملکەچ نەکرێت بۆ ناو، ئەوە نییە؟»
مژێکی قووڵی لە جامەکەی دا. من وتم: «دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن بیری لێ دەکەینەوە. ئایا بوون خۆی پێش چییەتی شتەکان دەکەوێت یان بە پێچەوانەوە، بوون تەنها بەهۆی شتەکانەوە پەیدا دەبێت؟ خۆم باش سەری لێ دەرناکەم.»
تیلەی چاوێکی تێگرتم و بە خۆشحاڵییەوە وتی: «ئەگەر بوون پێش چییەتی کەوتبێت، ئیتر (بۆ نموونە) چ پێویستی دەکرد ئێمە لەدایکببین؟ ئایا ئەوەندە بەس نەبوو کە ئایدیایەک بین لە زەینی خوادا؟»
لەو کاتەدا کەڵەشێرێک خوێندی و بەیانیی راگەیاند، منیش ئەوەم بە دەرفەت زانی بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوکە، چونکە دەمزانی سۆکرات دەتوانێت تا ئێوارە لەوێدا بمهێڵێتەوە و لێپرسینەوەم لێبکات، بەڵام من بەرنامەیەکی دیکەم هەیە، بۆیە وتم: «دەزانیت چی؟ من و تۆ بەرنامەیەکمان هەیە جێبەجێی بکەین، پێشتریش لە نامەکەمدا بۆم روون کردبوویتەوە. ئێستا با دەستپێبکەین. «ئەویش سەری رەزامەندیی لەقاند. جانتاکەم کردەوە، چیتۆنێکی نوێم دەرهێنا و وتم: ئەوە بگرە چڵکن! بڕۆ خۆت بشۆ و دواییش ئەم سۆلە تازانە لەپێ بکە.» شتەکانی وەرگرت و وتی: «چییە؟ دەچین بۆ میوانیی بۆ لای، لاوێکی قۆز!»
کە هاتەوە و بە پۆشاکە خاوێنەکانەوە سەیرم کرد: ئەوەندەش ناشرین نییە، کە مێژوونووسەکان باسی دەکەن، بەڵکو خواوەندەکان فڵچەیەکی جوانییشیان لێداوە، جوانییەکی تایبەت، تایبەت لە داناییدا. لەبەرخۆمەوە پێکەنیم بە لووتە پانەکەی دەهات، دەتووت لووتی پاڵەوانێکی بۆکسێنە و سێ چوار جار شکاوە و چاکبۆتەوە.
تا ئەمانە ئەنجامدران، زانتیپ ئاکراپیزمۆک(نانی بەیانی) بۆ حازرکردین. سۆکرات چاوەکانی زەق بوونەوە: لەسەر مێزەکە بڕێکی باش نانی مازا (نانی جۆ)؛ کراسی (شەرابی سپی ئاوتێکراو)، هەنجیری وشککراوە، زەیتی زەیتوون، پەنیر، هەنگوین لەسەر مێزەکە بوون. ئەوە نهێنییەک بوو لەنێوان من و زانتیپ دا، کە هەتا سەفەرەکەش تەواو بوو بە سۆکرات -م نەووت. نازانم دوایی زانتیپ بۆی گێڕاوەتەوە یان نا.
دەمەوێت بڵێم وشەی ئاکراپیزمۆک، مانای بێباکی، یان بێموبالاتیش دەگەیەنێت. رەنگە لەمەوە تێبگەین کە یۆنانییەکان زۆر گرنگییان بە نانی بەیانی نەدەدا، هەرچییەک بە دەستەوە بهاتایە گوێیان نەدەدایە.
با لێرەدا چیرۆکێکی خۆشتان بۆ بگێڕمەوە؛ وا هەست دەکەم لە میمۆرابیلیاکەی (زینۆفۆن)دا خوێندوومەتەوە و باسی هاتنەدەرەوەی بەیانیانی (سۆکرات) دەکات (دڵنیا نیم): هێشتا هەتاو لە گردی ئەکرۆپۆلیسەوە بەرزنەبۆتەوە، سۆکرات دەرگا دارینەکەی ماڵیان دەکاتەوە، گیرفانی پڕ کردووە لە زەیتوون و سەلکێک پیازیشی بە دەستەوەیە، ناوبەناو دەنکێک زەیتوون دەخاتە دەمییەوە و دەیجوێت و پاشان دەمی پڕ دەکات لە فوو، دەنکەکەی بە لایەکدا دەهاویژێت و ئینجا قەپاڵیکیش لە پیازەکە دەدات.
دەڵێن بەیانییەکیان بەلای پیرەژنە مێتیک(بیانییەکانی ئەسینا)دا دەڕوات، کە خەریکی پاککردنەوەی بەردەمی دوکانێکە، سلاوی لێدەکات، ئەویش دەڵێت: «چیە؟ دیسان هاتووی بە پرسیارکردن خەڵک بێزار بکەیت؟» 
سۆکرات پێدەکەنێت و دەڵیت: «نا! دەچم لە دڵنیاییە درۆینەکانیان رزگاریان دەکەم.»
هاتینە دەرەوە، بەدەم رێگاوە سۆکرات وتی: «ئاگادارم کە سۆفیستەکان لای ئێوە زۆر زاڵن، بۆچی بەرەو روویان نابنەوە؟» منیش هەروا بەدەم پێکەنینەوە وتم: «ئاخر ئێمە سۆکراتێکمان نییە.» بە سەرسوڕمانەوە وتی: «ئەمە نابێت، دەبێت هەموو سەردەمێک کەسێکی هەبێت کارەکانی من جێبەجێ بکات. خۆشت جارێکیان ئاماژەت بە سۆکراتێک دا؛ ئەوە چی بەسەر هات.» کە ئەو قسەیەم بیست شەرمم کرد، سوور هەڵگەڕام و بێدەنگ بووم، بەڵام ئەو چاوەڕێی وەڵام بوو؛ بە ناچاری وتم: «ئەویش سۆفیست دەرچوو!»
سۆکرات دایە قاقای پێکەنین و وتی: «ئەمە راستە زۆرجار سۆفیستەکان خۆیان لە بەرگی فەیلەسوفدا دەشارنەوە. خەمت نەبێت، منیش تا ماوەیەکی زۆر وام دەزانی پرۆتاگۆراس فەیلەسووفە.»
بە حەسرەتێکەوە وتم: «راســــتییەکەی پرۆتاگۆراسەکـــــــەی تــــــــۆ زۆر لــــــە فرۆتاقۆراسەکەی من بەپرەنســــــیپترە و هزرێکی رێکخراوتری هەیە و لەژیانیشیدا پەتپەتێن و شەڕەجنێوی نەکردووە.»
دەمی داپچڕی و بە حەپەساوی پرسی: «بەڕاست؟»
 وتم: «بەڵێ پرۆتاگۆراس حەسوود و دڵڕەش نەبوو، هاوڕێیەتی دەزانی، فشەکەر نەبوو، شێوازی نووسینی زۆر جوان بوو، لەبەردەمی پارەدا لاواز نەبوو، قسەکانی لەگەڵ رەفتارەکانیدا دەگونجان، لەسەروو هەموو شتێکیشەوە درۆزن نەبـــــوو.»
بەدەم ئەم قسانەوە گەیشتینە ئاگۆرا و منیش تا دووهەفتەی دیکە جێتان دەهێڵم.

سۆکرات لە ئاگۆرا

سۆکرات و زانتیپی هاوسەری

سۆکرات لە «هەورەکان»ی ئەریستۆفانیسدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان