سەرۆک بافڵ: هەمیشە قەرزداری رۆڵ و پێگە و قوربانییە بەردەوامەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانین

08:22 - 2025-08-07
کوردستان
44 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەی کرد.

لەو سەردانەدا د.هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یاوەری سەرۆک بافڵی کرد و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و بورهان سەعید سۆفی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە پێشوازییان لێکرا.

لیوا روکن عومەر ساڵح دوایین کۆبوونەوەیانی لە بەغدا و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە وردی باسکرد و جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ گەشەپێدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.

سەرۆک بافڵ سوپاسی هێزەکانی 70ـی کرد کە قەڵای پتەوی پاراستنی کوردستانن و وتی، ئێمە هەمیشە قەرزداری رۆڵ و پێگە و قوربانییە بەردەوامەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانین و مافیان بەسەر هەموولایەکدا هەیە کە باشتر هەوڵبدەین شانبەشانی پڕچەککردنیان ژیان و گوزەرانیان باشتر بکەین.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە خێراترکردنی هەنگاوەکانی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە بنیادنانی هێزێکی یەکگرتوو، راهێنراو و تۆکمە و بەهێزە بۆ کوردستانەکەمان.

سەرۆک بافڵ رایسپاردن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عیراق فراوانتر بکەن و ئاستی هاریکارییەکانیان بەرزتر بکەنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەماهەنگییەی هەیە بووەتە مایەی پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە دەبێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق بەردەوام لەسەر هێڵ بن بۆ پاراستنی و هیچ دەرفەتێک بۆ تیرۆریستان نەهێڵنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان