نیمچە دورگەی کریمیا لە سەردەمی ئاشتی و جەنگدا

10:44 - 2022-08-24
دووتوێ
516 جار خوێندراوەتەوە
#قەڵای لیڤادیای شوێنەواری پاشاکانی ئەباترە کە ئێستا وەک شوێنەوارێک لە پێشوازیی گەشتیاراندایە

نیمچە دورگەی کریمیا بەلای روسیاوە گرنگە وەک بەشێک لە جوگرافیای سیاسیی دانەبڕاوو و مێژوویی خۆی، سەبارەت بە ئۆکرانیاش بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی خۆی دەزانێت.

جگە لەو دوو وڵاتەش هەریەکە لە ئەوروپا و ئەمریکا بەتایبەتی و وڵاتانی ئەندام لە (ناتۆ) بەگشتی گرنگیی زۆری پێ دەدەن، ئەوان دەڵێن لەبەر گەیشتنێکی ئارام بە (دەریای رەش) و بەرگرتن بە فراوانخوازیی روسیای فیدراڵ نایەنەوێت مەترسیی بۆسەر ئاسایشی ئەوروپا بەگشتی و سنوورەکانی ناتۆ بەتایبەتی دروست ببێت، بۆیە لە ساڵی 2014دا کە روسیا لە جەنگێکی دەستپێشخەریی دەستوبرددا نیمچە دورگەکەی بە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی کردەوە، لەرێی هەڵبژاردنەوە شێوازی دەسەڵڵاتی سیاسییان لە ئۆکرانیادا گۆڕی لە دۆستی روسەکانەوە بۆ نەیارەکانیان. 
کریمیا لە نێوان بەرداشدا
ئەو دوو تێڕوانینەی روسیا و ناتۆ هەرکامێکیان راست بێت کە هەریەکەیان کۆمەڵێک بەڵگە و دیکۆمێنت لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو، هیچ لە مەینەتیی دانیشتوانی ئەو نیمچە دورگەیە و هاتنەئارای ئەو ناسەقامگیرییە کەم ناکەنەوە کە ئێستا پێوەی دەناڵێنێت. 
هەرچی روسیایە بەڵگەی مێژوویی و جیۆگرافی دەخاتەڕوو کە کریمیا بەشێکی مێژووییە لە خاکەکەی و لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتدا بە مەرج بە سەربەخۆیی ئۆکرانیا و بەشێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتییەکە رازیبوون کە ناتۆ و وڵاتانی هاوسەنگەری ئەمریکای سەردەمی جەنگی سارد نەکشێن بەرەو سنوورەکانی روسیای فیدراڵ، بەڵام ناتۆ بەو مەرجەوە پابەند نەبووە.
دیار نییە ئەو بۆردومانەی ئێستا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی روسیا ئۆکرانیاوە لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆسەر کریمیا دەستیپێکردووە بەرەنجامی پابەند نەبوونی روسیایە یاخود پابەند نەبوونی ناتۆ و ئەمریکا و ئەوروپایە، بەڵام یەک دەرهاویشتە بەدیی دەکرێت کە ئەویش ماڵوێرانییە بۆ کریمیا و دانیشتوانەکەی.
دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان