لە کێشەی کریمیا-دا تورکیا کام بەرە هەڵدەبژێرێت؟

10:51 - 2022-08-24
دووتوێ
476 جار خوێندراوەتەوە
#ئەندریە کارلۆڤ-ی باڵیۆزی پێشووی روسیا لە تورکیا و مەولود تەنتاشی بکوژی

جەمال ئارێز

تورکیا وەک وڵاتێک کە لە باکووری خۆرهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ روسیا، ئێستا لە دۆخێکی هەستیاردایە لەبارەی هەردوو کێشەی جەنگی ئۆکرانیا و روسیا لەلایەک و کێشەی نیمچە دورگەی کریمیا لەلایەکی دیکەوە.
ئەنقەرە یەکەم وڵات بوو کە لە داگیرکردنی کریمیادا بەر لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا زۆر بە توندیی چووەوە بەگژ ئەو هەنگاوەی مۆسکۆدا.
زەمینەی لەبار بۆ هەڵوێستەکەی ئەنقەرە
ساڵی 2014 لە سەروبەندی ناکۆکییە توندەکەی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ لەسەر دۆسێی سوریا، روسیا کریمیای لکاند بە خاکی خۆیەوە، ئەوەش لە چەند سەرێکەوە زیانی بۆ تورکیا هەبوو، لەڕووی سیاسییەوە تورکیا نەیدەویست خراپیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکادا بەهۆی دەستوەردانی راستەوخۆی لە سوریادا کار لە مامەڵەی وەک گەمەکارێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بکات، لەڕووی سەربازیشەوە نەیدەتوانی رێگە لە روسەکان بگرێت بۆ بەرگرتن بە هەنگاوێکی لەو جۆرە، لەڕووی ئیتنیکیشەوە رێژەیەکی زۆری دانیشتوانی نیمچە دورگەی کریمیا تورکی زمانن و تورکیا وەک پاشماوەی تەتارەکانی سەدەکانی پێشووی ناو ئیمپراتۆریای عوسمانی لێیان دەڕوانێت و خۆی بە خاوەنیان دەزانێت.
لەلایەکی دیکەشەوە کە رووە ئابوورییەکەیەتی تورکیا خۆی بە پاسەوانی ئارامی و ئاسایشی دەریای رەش دەزانێت و گومرگ و باجی هاتوو و رۆیشتووی ئەو دەرووانە بە مافی خۆی دەزانێت. هەموو ئەو کێشانەش کە رووبەڕووی ئەنقەرە بۆوە هاوکات بوو لەگەڵ گرفتی سیاسیی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەهۆی کێشەی سوریا و دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی تورکی زیادبوونی شەپۆلی پەنابەرانی سوریا بۆ ناو خاکی تورکیا.
سەرقاڵیی ناتۆ و ئەوروپا بە جەنگی دژبە تیرۆرەوە
دەنگی ناڕەزایی ئەوکاتی تورکیا لەلایەن وڵاتانی ناتۆ بەگشتی و یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدرا، بۆیە تورکیاش نەیتوانی بەتەنها بچێتە بەرەیەکی جەنگەوە کە لە سەرەتاوە ئەنجامەکەی دیاربوو، دیارە سەرقاڵیی ئەو وڵاتانە بەگشتی بە جەنگی دژی داعش لە سوریا و عیراق و گرنگیدانی ئەو وڵاتانە بەو جەنگە و هاوکاریکردنی سوپای عیراق و پێشمەرگە و یەپەگە و هەسەدە ، تورکیای لەسەر ئاستی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوەوەی وڵاتەکەی تووشی ئیحراجییەکی زۆر کردبوو، بۆیە نەیدەزانی لەو هاوکێشەیەدا خۆی بە چ لایەکدا ساغ بکاتەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 2015دا وەک تاکتیک سنووری لەبەردەم پەنابەران و کۆچەراندا ئاواڵاکرد تا وەک کارتێکی گوشار ئەوروپا ناچاربکات بێن بەدەنگییەوە و لەو تاکتیکەشیدا تا رادەیەک سەرکەوتوو بوو توانی بڕی سێ ملیار دۆلار لە ئەوروپا مسۆگەر بکات بە مەرجی هێشتنەوەی ئاوارە و کۆچەرەکان لەسەر خاکەکەی و کردنەوەی کەمپ و دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆیان.
کێشەی فڕۆکە روسییەکە
ساڵی 2014 تێپەڕی و کێشەی کریمیا لەچوارچێوەی بەیاننامەی سەرزەنشت و سەرکۆنە تێنەپەڕی و لەبەرامبەر ئەو سەرزەنشت و سەرکۆنانەشدا و وەک هاوپەیمانیی روسیا – سوریاش ، فڕۆکەکانی روسیا بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسووڕانەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و ئەو میلیشیایانەدا بوو کە تورکیا پشتیوانیی دەکردن، لەو چوارچێوەیەشدا فڕۆکەیەکی جۆری سۆخۆی- 24  لە رۆژی 24/11/ 2015 لە ناو سنووری تورکیاوە تەقەی لێکرا و خرایەخوارەوە، ئەوەش نەک کێشەی کریمیای لەبیر تورکیا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بردەوە، بەڵکو ماوەیەکی زۆری ویست تا مۆسکۆ لە سەپاندنی گەمارۆیەکی ئابووریی خنکێنەر بەسەر تورکیادا پاشگەزبۆوە ئەوەش دوای ئەوەی چەندین هەوڵی نێوەندگیریی خرایەگەڕ بۆ سازکردنی دیدارێکی نیمچە رەسمیی نێوان ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا و  رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە سانپتراسبۆرگ-ی لە شوێنی حەوانەوەی پوتین نەک لە کۆشکی کریمیالین کە ئەوەش بۆخۆی لە عورفی دیپلۆماسیدا نەگونجاوە.
کودەتا، باڵیۆز، پاتریۆت، S400
سەرەڕای ئەو دۆخەی ئەنقەرەی تێکەوت لە بەرامبەر مۆسکۆدا، تورکیا لە گەرمەی هەوڵەکانیدا بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، بەڵام کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە رۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندا بوو، بەو هۆیەشەوە میدیاکانی تورکیا لە شەوی 15/7/2016دا هەواڵی کودەتایەکی شکستخواردوویان بڵاوکردەوە کە لەلایەن زۆرێک لە نەیارەکانی ئەردۆغانەوە ئەوە رەتکرایەوە و رایانگەیاند کە ئەوە هەوڵێکی سەرۆکی تورکیا بووە بۆ سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی نەیارەکانی.
هەمان ساڵ کە هێشتا دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کۆتایی نەهاتبوو، پەیوەندییەکانی روسیا و تورکیا ئاسایی بۆوە و کار گەیشتە ئەوەی ئەندریە کارلۆڤ-ی باڵیۆزی روسیا لە ئەنقەرە بەشداریی رێوڕەسمی کردنەوەی پیشانگەیەکی شێوەکاری بکات، بەڵام لە کاتێکدا کە دەیویست لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدات، لەلایەن ئەفسەرێکی تورکەوە  بەناوی مەولود تەنتاش کرایە ئامانج و بەدەم  وتنەوەی دروشمی (الله اکبر)ەوە چەند فیشەکێکی پێوەنا و کوشتی.
ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد بۆ گواستنەوەی سەکۆکانی موشەکە پاتریۆت لە بنکەی ئینچەرلیکی تورکیاوە بۆ بنکەیەکی دیکە، ئەوەش تورکیای ناچارکرد بکەوێتە سەوداوە لەگەڵ حکومەتی مۆسکۆ بەمەبەستی کڕینی سیستمی موشەکی  S400ی روسیا ئەوەش وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا و ناتۆدا، بەڵام ئەمریکا لەو بڕیارەی ئەنقەرە شێتگیرتر بوو و بڕیاریدا فڕۆکەی F35 بە تورکیا نەفرۆشێت و ئەو تیمەشی رەوانەی ئەنقەرە کردەوە کە بۆ مەشق و راهێنان لەسەر ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە ئەمریکا بوون.
کریمیا لە هەڵوێستی ئێستای تورکیادا
هیچ کاتێک تورکیا وەک ئێستا لە هەڵوێستی نالەباردا نەبووە، لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا و روسیادا تۆمەتبار دەکرا بەوەی سەرەڕای کڕینی S400 لە روسیا، لەولاشەوە درۆنی بەیرەقدار-ی تورکی بە ئۆکرانییەکان دەفرۆشێت، بەڵام دوای دەرکەوتنی رۆڵی روسیا لە ناوچەکە و هەڵوێستی ناڕۆشنی ناتۆ بەرامبەر ئۆکرانیا، بەتایبەتی کە ئەنقەرە زۆر بەرژەوەندیی ناوچەیی و سیاسی و ئابووریی لەگەڵ  روسەکاندا هەیە، تورکیا نەک کریمیای فەرامۆش کردووە و باسی ناکات، بەڵکو ئێستا بۆتە ناوبژیوانی نێوان ئۆکرانیا و روسیا وەک ئەوەی ئەندامی ناتۆ نەبێت و لەبەر خاتری روسیا و مانەوەی خۆشی وەک تاکە جەمسەری بەهێزی ناتۆ کە هاوسنوورە لەگەڵ روسیادا، بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ رەتدەکاتەوە، کە بۆ ئەوەش پشتیوانیکردن لە (تیرۆر)ی کردۆتە پاساوی ناڕەزاییەکەی، بەڵام راستیی مەسەلەکە بە وتەی زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی هەم تۆڵەیە لەو وڵاتانە کە هەمیشە دژایەتیی خۆیان نیشانداوە بەرامبەر بوونی تورکیا بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و هەم خۆلادانە لە غەزەبی پوتین و لەو پێناوەشدا نەک باسی کریمیا ناکات، بەڵکو لە دوا هەڵوێستیدا ئامادەیی نیشانداوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دیمەشقیشدا ئاسایی بکاتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان