کریمیا لە هاوکێشەی روسیا و خۆرئاوادا

10:59 - 2022-08-24
دووتوێ
492 جار خوێندراوەتەوە

هۆشمەند سەعید 

نیمچە دورگەی کریمیا لەڕووی مێژووییەوە تا ئەمڕۆ خاوەنی زۆری بۆ پەیدابووە و هەریەکەشیان لای خۆیانەوە ناوێکیان لێ ناوە لەوانەش تورکە تەتارەکان کە خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی دەناسێنن پێی دەڵێن: (کیوریم یاریمەدەسی) هەرچی روسەکانیشن پێی دەڵێن کریمیا پینینسولا، ئۆکرانییەکانیش هەمان ناویان لێناوە بەڵام لە رووی رێنووسەوە هەندێک گۆڕانکارییان تێدا کردووە و هەر هەمووشی بە کوردییەکەی هەر یەک مانای هەیە کە نیمچە دورگەی کیمیایە، ئەگەرچی ناوە مێژووییەکەی لای روسەکان پێی وتراوە تافریدا. 

پێگەی جیۆگرافیی کریمیا 
پێگە جیۆگرافییەکەی دەکەوێتە باکووری دەریای رەشەوە و لە خۆرهەڵاتیشییەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای ئازۆف و رووبەری گشتیی نیمچە دورگەکە 26 هەزار و 945 کیلۆمەتر دووجایە، بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2019-ش ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ملیۆن و نیوە، شاری سیمفرۆپۆڵ کە پایتەختەکەیەتی گەورەترین شاری دورگەکەیە پێشتر ناوی ئاک مەسجید بووە، واتە مزگەوتی سپی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو ناوەی لە سەردەمی حکومڕانیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لێنراوە، ئەگەرچی لە سەردەمی خانە  تەتارەکاندا پایتەختەکەی شارێکی دیکە بووە بەناوی پەخش سەرای. 
گەورەترین جەنگ کە تێیدا روویداوە، جەنگی قرم بووە، کە لەو کاتەوە بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان بارەگای کەشتیگەلی روسیا لەکەنارەکانی جێگیرکراوە تا ساڵی 2014 کە ئیتر بووە خاڵی وەرچەرخان و لەوێوە روسیا دەستی بەسەر هەموو نیمچە دورگەکەدا گرت و لە رێوڕەسمێکی رەسمیشدا ڤلادیمێر پوتین سەردانی کریمیای کرد و لەوێوە رایگەیاند کە ئیدی بۆ هەتاهەتایە کریمیا بۆوە بە بەشێک لە خاکی روسیا و ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر هەڵکرد.
رێژەی دانیشتوانی تەتار ئەو نیمچە دورگەیە لە ساڵی 1991 دا 12 % بووە، بەو پییەی لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت و بەتایبەتی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆزێف ستالیندا زۆربەی تەتارەکان لەوێ دەرکران و راگوێزران بەرەو ناوەڕاستی ئاسیا، بەڵام لەدوای رووخانی سۆڤیەت زۆربەیان گەڕانەوە بۆ ناوجەکەی خۆیان. بۆیە لە سەرژمێریی ساڵی 2001 دا رێگەکەیان بەم جۆرەی لێهات: روسی 58 % و تەتار 24 % و بافییەکەی تری بریتین لە ئۆکرانی و یۆنانی و کەمینەی دیکە و تائێستاش هەندێک شوێنەواری سەردەمی یۆنانییەکانی لە قەڵا و دیواربەند و کۆشک تێدا ماوە.

تۆبۆگرافیای خاکەکەی
کریمیا خاکەکەی جۆراوجۆرە، هەرچی بەشی باکورێتی بە چەند وشکانییەکی دەشتایی پان و بەرین بەستراوەتەوە بە خاکی ئەوروپاوە و لە خۆرهەڵاتیشەوە چەند دەریاچەیەکی مەنگ خاکەکەی بە شێوەی زۆنگ لەیەکتریی دابڕیوە، هەرچی بەشی باشووری خۆرئاواششێتی چەند بەرزاییەکە کە بەرزترین ناوچەی دەگاتە نزیکەی 1550 مەتر لە رووی دەریاوە. بەهۆی بەپیتیی خاکەکەی و  کەشوهەواکەیەوە بەروبوومی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ بەشێکە لە ئابوورییەکەی.
پێگەیەکی  ستراتیژیی هەیە لەڕووی سامانی سروشتی وەک نەوت و خەڵووزی بەردین و غازی سروشتی و مس و ئاسن و مەنگەنیز و قوڕقوشم، جگە لە سامانە کشتوکاڵییەکەی وەک گەنم و میووە و ئاوی کانزایی. 
 گرنگییەکی دیکەی ئەو نیمچە دورگەیە بەندەرەکانی و گواستنەوەی ئاوییە جگە لەوەش لەڕووی دیمەنی سروشتی و کەشوهەواکەیەوە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگە لە جیهاندا کە لە زۆربەی ناوچە زۆر گەرم و زۆر ساردەکانەوە گەشتیاران لە وەرزە جیاجیاکاندا رووی تێدەکەن.
هەموو ئەو تایبەتمەندییانە و زۆر خاسییەتی دیکەش وایان لە زۆربەی وڵاتانی سەر دەریای رەش کردووە کە چاویان لەسەر ئەو نیمچە دورگەیە بێت بەڵام یەکێک بە پاڵنەری جیۆگرافی و یەکێکی تر بە پاڵنەری مێژوویی و یەکێکی تر بە پاڵنەری ئیتنیکی. کە لەڕاستیدا بابەتە بنەڕەتییەکە ئابوورییە.
هەرچەندە روسیا لە ساڵی 2008ەوە بەتایبەتی لە سەروبەندی سەرهەڵدانی کێشەی ئەبخازیا و جۆرجیاوە هۆشداریی دایە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەتایبەتی و خۆرئاوای رکابەری تەقلیدیی سۆڤیەتی جاران و دەقی رێکەوتنی نێوانیانی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت وەبیرهێنانەوە کە دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و هاوپەیمانیی سەربازیی وارشۆ نابێت لە سنوورەکانی روسیای فیدراڵیی نوێ نزیک ببنەوە، بەڵام بەوتەی روسییەکان ئەو وڵاتانە لە سەرەتاوە دۆخی نالەباری ئابووریی روسیایان قۆستەوە و سەرقاڵیی روسیا بە خۆ بنیاتنانەوەوە بە دەرفەت زانی و چەندین گروپ و دەستە و تاقمیان رەوانەی ئەو وڵاتە تازە سەربەخۆیانە کرد لە شێوەی کۆمپانیا و رێکخراوی مەدەنی و لەو رێگەیەشەوە چەندین حزبی ناسیۆنالیستی توندڕرویان لێ دامەزراند کە هەموویان بە بیری دژی روسیایی ئاراستە دەکران و لەڕێی پارە و وەبەرهێنانەوە خەڵکانێکیان کردە ئەستێرەی سیاسی لەو وڵاتانە تا لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی سیاسی لەدەست ئەو لایەن و حزبانە دەربهێنن کە لە روسیاوە نزیکن تا بتوانن ئەجێندای فراوانخوازییان لە سەر سنوورەکانی روسیا جێبەجێ بکەن.
روسەکان لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی نیمچە دورگەی کریمیا-یشدا لە ساڵی 2014دا هەمان پەیامیان ئاراستەی خۆرئاواییەکان و ئەندامانی ناتۆ کردەوە، بەڵام بە وتەی خۆیان دوا ئاگادارکردنەوەیان لە ساڵی 2021 دا بووە کاتێک داوایان لە ناتۆ کردووە کە داواکاریی ئۆکرانیا بۆ ئەندامبوون لەو هاوپەیمانییە سەربازییە رەت بکەنەوە، بەڵام وەڵامی ئیجابیان وەرنەگرتۆتەوە بۆیە هەڕەشەیان کردووە کە بەهێز مەترسی لە سنوورەکانیان دووردەخەنەوە.
ئێستا لەدوای پرۆسە سەربازییەکەی مۆسکۆوە لە دژی کیێڤ، هێزەکانی ناتۆ ئەگەرچی بە راستەوخۆ بەشداریی روبەڕوبوونەوەی سوپای روسیایان نەکردووە، بەڵام لەڕووی دابینکردنی تفاقی جەنگی و لۆجستی و هەواڵگریی و مرۆیی و داراییەوە دەستگیرۆیی تەواوی ئۆکرانیا بوون، بەجۆرێک ئێستا کێرڤ و ئاراستەی هێرشەکان پێچەوانە بوونەتەوە و ئێستا کیێڤ تۆپبارانی کریمیا دەکات و لە دوا هەڵوێستدا سەنتەری دەریاوانی روسیا لە کەنارەکانی نیمچە دورگەکە بەسەر دەریای رەشدا لەڕێگەی درۆنی ئۆکرانییەوە کرایە ئامانج.
واش پێدەچێت رێڕەوی رووداوەکان بەشێک لە مەترسییەکانی روسیا لە پەلکێشانی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی بەڕاست بگەڕێنێت و بەوەش ئەگەری هەیە ئەگەر گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ بەگشتی لەسەر روسیا سووک نەکرێت، هاوکێشەکە پێچەوانە ببێتەوە و زیانە گەورەکە روو لە ئەوروپا بکات، بەتایبەتی کە ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی هەناردەکاری غاز و نەوت نەتوانن یان نەوێرن بۆشایی غاز و نەوتی روسیا لە بازاڕی وزەدا پڕبکەنەوە، بەتایبەتی کە ئێستا بازنەی دۆستەکانی روسیا لە خۆرهەڵات و ناوەڕاستی ئاسیادا فراوانتر بووە، دیارە سەرکەوتنی سیاسی و ئابووریی روسیاش سەرەنجام چارەنووسی کریمیا بۆ مۆسکۆ یەکلایی دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان