ئاكار قه‌ره‌داغی
ساڵی 1978، پاش ئه‌وه‌ی (دینگ چیا‌و پینگ) ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، هه‌وڵی پێشخستنی وڵاتی دا به‌شێوه‌یه‌كی تازه و جیاواز، له‌بواره‌كانی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنان و بازرگانییه‌وه ده‌ستیپێكرد و چه‌ند ساڵێك پاش ئه‌وه هه‌موو بواره بنییاتنه‌ره‌كانی وڵاتی گرته‌وه بێگومان هونه‌ر و سینه‌ماش له‌و پێشكه‌وتنه به‌ده‌رنه‌بوون.
چینییه‌كان باش له‌وه تێگه‌یشتن بۆ پێشكه‌وتن پێویستیان به‌بڵاوبوونه‌وه به جیهاندا و ئاشنابوونیان به فه‌رهه‌نگی جیهانی تازه و پێكه‌وه ناساندنی فه‌رهه‌نگی ده‌ره‌كی و كه‌لتور و زمان و زه‌مینه‌ی قووڵی هزر و لایه‌نی رۆحی چین هه‌یه. هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی مێژووی سه‌خت و ئه‌و وێرانكارییه‌ی له جه‌نگه‌كاندا به‌سه‌ریاندا هاتووه. تێكڕای ئه‌م خاڵانه بوونه هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین فیلمی جیهانی به‌ناوبانگ له‌وانه (Ip Man)ه، كه به مامۆستای (بروس لی) ناوبانگی ده‌ركرد.
ناسنامه‌ی فیلمه‌كه
فیلمێكی چینییه ساڵی 2008 له هۆنگ كۆنگ به‌رهه‌م هێنراوه. واته پتر له ژێر كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ته‌كنیكی سینه‌مای جیهانی پێشكه‌وتوو و به‌تایبه‌تیش، هی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا بووه. ئه‌و ته‌كنیكه‌ش، له رووی هونه‌رییه‌وه هه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی خێراتركردنی جووڵه به پله‌ی جیاواز و حساب بۆكراو ده‌ڕه‌خسێنێت، كه ئێجگار گرنگه بۆ ته‌كنیكی (وینگ چون) هه‌م بوارێكی فراوانتری ده‌رخستنی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و ته‌كنیكه تایبه‌ته و تێكڕای ته‌كنیكه‌كانی جووڵه‌ی ئه‌كشن-ی بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌مای هونه‌ره جه‌نگییه رۆحییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ڕه‌خسێنێت. ره‌چاوكردنی تێكڕای ئه‌م لایه‌نانه، بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی فیلمێكی پڕ به‌پێستی وشه شیاوی بابه‌ته‌كه‌ی به‌رهه‌م بهێنرێت. چیرۆكی فیلمه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی (Ip man) مامۆستای باڵای شه‌ڕی (وینگ چون) داڕێژراوه و چیرۆكی فیلمه‌كه له‌لایه‌ن (ئیدمۆن وۆنگ)ه‌وه نووسراوه‌ته‌وه و ده‌رهێنانی فیلمه‌كه‌ش له‌لایه‌ن (ویڵسن ییپ)ه وه‌كاری بۆكراوه. (ماندریان فیلم) كۆمپانییای به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه، (دۆنی ییه‌ن) له رۆڵی سه‌ره‌كی و (سیمۆن یام، لین هۆنگ) له رۆڵی یاریده‌ده‌ردا، دیارترین ئه‌كته‌رانی ئه‌م فیلمه‌ن. ماوه‌ی فیلم (108) خوله‌كه، تێچووی گشتی فیلم 11 ملیۆن و داهاته‌كه‌شی 22 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بوو.
چیرۆكی فیلمه‌كه
شاری فوشان ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی چین، ساڵی 1935 یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ی دانیشتووانی ساده بوون، یاریی هونه‌ره‌كانی شه‌ڕیان وه‌كو هیوایه‌تێك ده‌كرد و ئه‌و شاره هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوبانگی په‌یدا كردبوو، مامۆستاكان شوێن و یاریزانی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو بۆ فێركردنی هونه‌ره جیاوازه‌كانی شه‌ڕكردن.
یه‌كێك له به‌ناوبانگترین كه‌سایه‌تییه‌كانی فوشان Ip Man مامۆستای باڵای یاری (وینگ چون) بوو، IP كه‌سایه‌تییه‌كی ساده و ده‌وڵه‌مه‌ند له ماڵێكی خۆشدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و كوڕه‌كه‌یدا ده‌ژیان، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی مامۆستاكانی تر IP به هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ڕتدا ده‌وڵه‌مه‌ند بوو راهێنانی به كه‌س نه‌ده‌كرد له كاتێكدا مامۆستاكانی تر بۆ بژێوی ژیانیان ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد، IP له یاریدا كه‌سێكی ساده‌بوو، رێزێكی زۆری له ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌گرت له ئه‌نجامدا ته‌واوی دانیشتوانی فوشان خۆشیان ده‌ویست و رێزیان لێده‌گرت، وه‌كو نمونه‌ی باڵا شانازیان پێوه ده‌كرد.
7/7/1937 به‌رواری رووداوه مێژوییه ناوداره‌كه‌ی پردی (ماركۆ پۆڵۆ) بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی دووه‌مین جه‌نگی نێوان (ژاپۆن - چین) ژاپۆنییه‌كان توانیان (نانكینگ)ی پایته‌ختی ئه‌وكاته‌ی چین داگیربكه‌ن. ئه‌مه‌ش بووه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی برسێتییه‌كی سه‌خت له ته‌واوی چین، مانگی 10/1938 كه‌وتنی شاری فوشانی به‌خۆوه بینی، كارگه‌كان و ژێرخانی ئابووری به ته‌واوی رۆچون جگه له چه‌ند كارگه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت، رێژه‌ی دانیشتوانی فوشان له 300.000 كه‌م بووه‌وه بۆ نزیكه‌ی 70.000 كه‌س، خانووه‌كه‌ی IP ده‌ستی به‌سه‌ردا گیردرا و كرا به بنكه بۆ سه‌ربازانی سوپای ژاپۆن.
لێره به‌دواوه قۆناغێكی سه‌خت له ژییانی IP ده‌ستپێده‌كات، بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی ناچار ده‌بێت شمه‌كه به‌نرخه‌كانی به‌رامبه‌ر خواردن بگۆڕێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاركردنی سه‌خت و ماوه درێژ، IP به‌ته‌واوی له شه‌ڕكردن دوور ده‌كه‌وێته‌وه و گرنگیدان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیانی خێزانه‌كه‌ی ده‌بێته ئامانجی سه‌ره‌كی.
رووداوه‌كان به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بن تا ئه‌و كاته‌ی یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره ژاپۆنییه‌كان (IP) ده‌بینێت له یاریگادا و به هونه‌ره جه‌نگییه‌كه‌ی سه‌رسام ده‌بێت، هه‌رچه‌نده پێی وایه هونه‌ری جه‌نگی ژاپۆنی له‌چینی به‌هێز تره، به‌ڵام داوا ده‌كات IP مه‌شق و راهێنان به‌سه‌ربازه ژاپۆنییه‌كان بكات، ئه‌ویش ره‌تی ده‌كاته‌وه، له‌م ساته به‌دواوه ده‌كه‌وێته ژێر چاودێری و جه‌نگ له‌پێناوی مانه‌وه له ژیان هه‌روه‌ها له‌ده‌ست نه‌دانی شكۆ و گه‌وره‌یی كه‌سایه‌تیIP، له ئه‌نجامدا رووبه‌ڕووی چه‌ندین گرفت و هه‌ڕه‌شه‌ی ژاپۆنییه‌كان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئایا كه‌سێك ده‌توانێت رووبه‌ڕووی خواستی سوپای وڵاتێكی داگیركه‌ر بێته‌وه؟
لایه‌نی هونه‌ری فیلمه‌كه
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێرشی ژاپۆن و داگیركردنی چین له دووه‌مین جه‌نگی جیهاندا كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌ناخی چینییه‌كاندا به‌جێهێشتووه ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش به‌ئاشكرا له فیلمه سینه‌ماییه‌كاندا دیاره به‌وپێیه‌ی به‌شێك له فیلمه چینییه‌كان ده‌رباره‌ی دووه‌مین جه‌نگی جیهانن یان به‌شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی ده‌یخه‌نه‌ڕوو.
چیرۆكی فیلمی (IP) به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری سینه‌مایی داڕێژراوه له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی IP له‌دوو سه‌رده‌می جیاوازدا یه‌كه‌میان سه‌ره‌تای دره‌وشانه‌وه‌ی ناوی IPوه‌كو مامۆستایه‌كی هونه‌ره جه‌نگییه‌كان دووه‌میان پاش هێرشی ژاپۆنییه‌كان و تێكچوونی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ده‌رهێنه‌ر زۆر به‌باشی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ شوێن، جووڵه، ده‌نگ، مۆسیقا كردووه و زیره‌كانه توانیویه‌تی ئه‌م ئامرازانه له‌پێناوی به‌رجه‌سته‌كردنی كارێكی هونه‌ری جوان‌دا بخاته‌گه‌ڕ كه ئامانجی وروژاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه دژی داگیركه‌ر و جه‌نگ له‌پێناوی سه‌ركه‌وتندا هه‌روه‌ها هاندانی خۆشه‌ویستیی تاك بۆ پیشه‌كه‌ی. به‌واتایه‌كی دیكه، ئامانجی سه‌ره‌كیی ده‌رهێنه‌ر له‌م فیلمه‌دا دڵسۆزی مرۆڤه بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌بوونییه‌وه، له‌وانه‌ش خاك، خێزان، پیشه، له‌م فیلمه‌دا هونه‌ری جه‌نگی وه‌ك نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌كراو وخاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی جیاواز ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
فیلمی هونه‌ره جه‌نگییه‌كان به‌راورد له‌گه‌ڵ فیلمه ئاساییه‌كان، جیاوازییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه. ئه‌م جیاوازییه‌ش له جووڵه و ته‌كنیكی شه‌ڕكردندا خۆی ده‌بینێته‌وه. له‌كاتێكدا ده‌رهێنه‌ر یان ده‌بێت كه‌سێك هه‌ڵبژێرێت له بنه‌ڕتدا یاریزانی جۆره شه‌ڕێكی تایبه‌ت بێت كه له فیلمه‌كه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت، یاخود ئه‌كته‌ر ده‌كرێته خولێكی راهێنانی ئێجگار سه‌خت و تایبه‌تی ئه‌و جۆره ته‌كنیكانه‌ی شه‌ڕه‌وه، هه‌ندێ جار بۆ ماوه‌ی 3 مانگ یان زیاتر مه‌شق و راهێنان چڕ و سه‌خت به‌مه‌به‌ستی جووڵه جیاوازه‌كان به‌وپه‌ڕی لێهاتووییه‌وه ده‌كات. دۆنی ییه‌ن ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی له فیلمه‌كه‌دا زیاتر وه‌ك مامۆستایه‌كی یاری (وینگ چون) ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك ته‌نها ئه‌كته‌رێك، ته‌نانه‌ت وه‌كو ئه‌كته‌ریش له گێڕانی رۆڵێكی سه‌ركه‌وتوو و گونجاو‌دا ده‌بینرێت. هه‌روه‌ها خۆگونجاندن و چوونه نێو پێستی رۆڵه‌كه‌ی له دۆخه جیاوازه‌كانی فیلمه‌كه‌دا، له‌سه‌ره‌تاوه، وه‌ك كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ساده، تا ده‌گاته ماوه هه‌ره قورسه‌كانی ژیانیان له‌سایه‌ی داگیركردنی وڵاته‌كه‌ی و سه‌ختبوونی بارودۆخی ژیانیان.
فیلمی IP man له چواربه‌ش پێكهاتووه و ناوبانگێكی جیهانی شیاوی به‌ده‌ستهێناوه. به‌رچاوترین لایه‌نی ئه‌وه‌یه ورده‌كاریی جوان له ئه‌ركی به‌ڵگه‌داركردنی كه‌سایه‌تی و رووداوه بناغه‌ییه‌كان كراوه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ئه‌كته‌ری ناوداری جیهانی له‌به‌شه جیاوازه‌كانی ئه‌م فیلمه‌دا، بۆخستنه‌ڕووی كه‌سایه‌تییه جیاوازه‌كانی، رۆڵیان بینیوه. له‌وانه‌ش (سامۆ هۆنگ، مایك تایسۆنی یاریزانی به‌ناوبانگی بۆكسینگی ئه‌مریكی، سكۆت ئادكینس، وكریس كۆڵینس). یه‌كه‌مین به‌شی ئه‌م فیلمه له‌پێگه‌ی IMDb هه‌ڵسه‌نگاندنی 8/10 پێدراوه.
پاش ئه‌م خستنه‌ڕووه‌ی فیلمه‌كه، ره‌نگه گله‌یی ئه‌وه بكرێ فیلمه‌كه كۆنه: چوارده ساڵ پێش ئێستا به‌رهه‌مهێنراوه له‌كاتێكدا فیلمی چینی دیكه شایانی خستنه‌ڕوو و لێدوان هه‌یه و خودی مێژووی چین، له‌ڕووی داگیركردن و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانیدا شتی زۆر زێده‌تری له‌وه دیوه كه لێره‌دا خراوه‌ته‌ڕوو. هه‌ر دوو گله‌ییه‌كه راستن، به‌ڵام ئه‌و هۆكاره‌ی ده‌بێته پاساوی گونجاوی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه كه‌سایه‌تیی زۆر جیاواز و تایبه‌تی خودی (IP man)كه چۆكی بۆ هیچ هه‌لومه‌رجێكی سه‌خت و هیچ كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتداری به‌هێز، ته‌نانه‌ت ئه‌فسه‌رێكی باڵای هێزێكی داگیركه‌ری دڕنده‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی ژاپۆنی سه‌رده‌می ئیمپراتۆری دانه‌دا. ته‌نانه‌ت، جگه له‌و ئه‌نجامه گه‌وره‌یه‌ی خۆیشی به ده‌ستی هێنا، توانی كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌فسانه‌یی وه‌كو (بروس لی) پێشكه‌ش به‌جیهانی ئه‌و هونه‌ره جه‌نگییه گرنگه بكات، كه سه‌رنجی تێكڕای رۆژئاوای بۆ كاریگه‌رییه رۆحییه ده‌گمه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵات، به هونه‌ره جه‌نگییه‌كانیشه‌وه، كه ده‌رهاویشته و ره‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نه رۆحییه‌كه‌ن رابكێشێت. وێڕای ئه‌مانه‌ش، به‌رهه‌مهێنانی فیلم له‌باره‌ی ژیان و كاریگه‌رییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌كو (Ip)ه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌یارمه‌تیی پێشكه‌وتووترین ته‌كنیكه‌كانی ئه‌مڕۆی سینه‌مای جیهانه‌وه، كارێكی ئاسان نییه. فیلمی (IP Man)یش له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه، به گه‌واهی گه‌وره ره‌خنه‌گرانی سینه‌ما، ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتوانه به‌جێ گه‌یاندووه.