خاتره محه‌مه‌دی له ساڵی 1989 له سنه له‌دایكبووه. پله‌كانی خوێندنی كارناسی باڵای له به‌شی زمان و وێژه‌ی فارسی ته‌واو كردووه. له ساڵی 2008 ده‌ستی به نووسین كردووه و بۆ هه‌ندێ له گۆڤار و رۆژنامه‌كانی تاران چیرۆكی نووسیوه. یه‌كه‌م كتێبی چاپكراوی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی فارسییه به ناوی «دیر بجنبی اتفاق شومی می‌افتد» (دره‌نگ بجووڵێیته‌وه شتێكی خراپ رووده‌دات) دواتر رۆمانێكی فارسی به ناوی «استحاله جاهای خالی» (گۆڕانی جێگه به‌تاڵه‌كان) له چاپداوه. له فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ بۆ كورته‌چیرۆكی «چاوه‌ڕێم كه‌سێك ته‌له‌فۆنم بۆ بكات» خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكی وه‌رگرت.
سازدانی: شاهید حه‌كیمی
*سه‌ره‌تا باسی دۆخی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ و به‌شداربووانی چیرۆكمان بۆ بكه.
-به‌ڵێ فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ (25)ه‌مین خولی بوو و منیش بۆ یه‌كه‌م جار به‌شداریم كرد. ئێمه له به‌شی چیرۆك حه‌وت كه‌س بووین كه گه‌یشتینه قۆناغی كۆتایی. له‌و به‌شداربوانه‌ی به‌شی كۆتایی «شه‌میسا ناسری»م ده‌ناسی و ده‌مزانی به نووسین و ده‌رهێنانی فیلمه‌وه سه‌رقاڵه و له‌سه‌ر سینه‌ما و ئه‌ده‌بیات زۆر جدییه. جگه له‌و «ئه‌مجه‌د غوڵامی» و «ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب»یشم ده‌ناسی و چه‌ند چیرۆكێكیانم خوێندبووه‌وه. ئه‌م سێ نووسه‌ره له رۆژهه‌ڵاته‌وه هاتبوون ده‌یانمناسی و دڵنیابووم هه‌موویان به‌ڕاستی نووسه‌رن و كاری جدی ده‌كه‌ن. كاتی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كان كه ناوی ئه‌مجه‌د غوڵامی بۆ كه‌سی سێهه‌م و ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب بۆ كه‌سی دووهه‌م خوێنرایه‌وه، دڵنیابووم من خه‌ڵات وه‌رناگرم. به‌ڵام كاتێ ناوی من خوێنرایه‌وه بۆ خه‌ڵاتی یه‌كه‌م سه‌رم سوڕما. قه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌م خه‌ڵاته‌م نه‌ده‌كرد. به‌گشتی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ بۆ من ده‌رفه‌تێك بوو بۆ پێكهێنانی هه‌ندێ په‌یوه‌ندی و ئه‌وه‌ی كه زۆرێك له نووسه‌ران و شاعیرانی كورد بناسم و له‌گه‌ڵیان وتووێژ بكه‌م. به‌ڕاستی بۆ من زۆر جێگه‌ی شانازی بوو و خۆشحاڵ بووم به دیتنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه. هێنده له ئه‌م ره‌هه‌نده‌وه ئه‌م فێستیڤاڵه بۆ من به‌كه‌ڵك بوو كه به‌ڕاستی گرنگ نه‌بوو خه‌ڵات وه‌ربگرم یان نا. زیاتر به‌شداری گرنگ بوو به‌لامه‌وه.
*ئه‌وه‌ی له چیرۆكه‌كه‌تدا به‌لای منه‌وه جێگای سه‌رنج بوو، ده‌ركه‌وتنی زۆر زیندوو و ئێستایی دۆخی ژیانی خه‌ڵك بوو وه‌كو كۆرۆنا. ده‌مه‌وێت بزانم ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی ئێوه وه‌كو نووسه‌ری چیرۆكه‌كه تا چه‌ند رۆڵی هه‌بووه له‌سه‌ر خوڵقاندنی ئه‌م چیرۆكه؟
-پێش وه‌ڵامه‌كه ده‌مه‌وێت بڵێم من له هیچ جێگایه‌كی ئه‌و چیرۆكه ئاماژه‌م به وشه‌ی «كۆرۆنا» نه‌كردووه. به‌ڵێ به ڤایرۆسێك، نه‌خۆشییه‌ك یان كه‌ره‌نتینه‌یه‌ك ئاماژه‌م كردووه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی جیهان له دوو سێ ساڵی ئه‌خیر رووبه‌ڕووی بووه‌وه، خوێنه‌ر له‌خۆیه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌گرێت. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌شتان له‌ڕاستیدا له نووسینی هه‌ر بابه‌تێكدا نووسه‌ر به‌شێك له خۆی هه‌ڵده‌گۆزێت و ده‌یڕژێنێته نێو كاره‌كه‌ی. ئه‌و شته‌ی له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه دێته سه‌ر كاغه‌ز، به‌شێكی خودی نووسه‌ره‌كه‌یه، به‌شێكی كه‌لتوری كۆمه‌ڵگایه كه تێیدا ده‌ژی و به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و تێكستانه‌ی خوێندوویه‌تییه‌وه. ئێستا چ نووسین بێت چ وه‌رگێڕان. ئه‌مانه هه‌موویان له ده‌رچووی كۆتایی تێكسته‌كه ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. منیش وه‌كو هه‌موو ئینسانه‌كانی جیهان له ئه‌م دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا دۆخێكی جیاواز له جارانم هه‌بوو. له ژوورێكی داخراو كه له‌گه‌ڵ تاكه كه‌سێكدا پێوه‌ندیم هه‌بوو. له دۆخێكی ئاوادا جیهانبینی ئێمه جیهانبینییه‌ك بوو له رێگای سۆشیال میدیاوه ده‌گه‌یشته ئێمه. ئه‌مه ئه‌زموونی هه‌موان بوو. من ده‌مه‌وێت دان به‌شتێكا بنێم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌و ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا زۆر له ژێر كاریگه‌ری وێنه‌دا بووم و له نێو سۆشیال میدیا زۆر سه‌یری نیگار و تابڵۆم ده‌كرد و ئه‌و هه‌ست و فه‌زایه‌ی كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ی من هه‌یه‌تی، هه‌ر كامیان وێنه‌یه‌كه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی مۆزه‌خانه‌كان له رێگای ئینته‌رنێته‌وه ئاوه‌ڵا كرابوون و نمایش ده‌كران، منیش به هه‌لم زانی سه‌ردانی ئه‌و تابڵۆ و به‌رهه‌مانه بكه‌م. ئه‌مه‌ش رێك كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ستی كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌م كه وێنه‌كێشه. به‌گشتی ده‌توانم بڵێم چیرۆكه‌كه‌ی من چیرۆكێكی ته‌واو وێنه‌ییه، له‌ژێر كاریگه‌ری وێنه‌دا هه‌بووه.
*به‌ڕای خۆت چیرۆكه‌كه‌ت یان به‌گشتی ستایلی چیرۆك نووسیت چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه كه سه‌رنجی لیژنه‌ی دادوه‌رانی بۆ خۆی راكێشاوه؟
-له‌ڕاستیدا من ئێستا ناتوانم وه‌كو نووسه‌رێك بڵێم جیاوازی كاری من چییه، ئه‌وه ده‌بێ لیژنه‌كه له‌سه‌ری بدوێن، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم جیاوازی كاری من «وێنه‌یی بوون»ی چیرۆكه‌كه‌یه و ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌وڵم له‌كاتی نووسیندا ئه‌وه‌یه ئه‌و شته‌ی ده‌یهێنمه سه‌ر كاغه‌ز، خۆم باوه‌ڕم پێ هه‌بێ. گرنگ نییه ئه‌م بابه‌ته له جیهانی ده‌ره‌وه روویداوه یان نا، ته‌واوی هه‌وڵی من ئه‌وه‌یه بابه‌ته‌كه باوه‌ڕپێكراو بێت و خوێنه‌ر بڕوای به روودانی ئه‌و بابه‌ته هه‌بێ. به‌گشتی له‌م چیرۆكه‌دا له‌سه‌ر دوو مژار راوه‌ستاوم، یه‌كێكیان كاریگه‌ری ته‌نیایی له‌سه‌ر مرۆڤ و ئه‌وی دیكه گرنگیدان به بنه‌ماڵه‌یه. ئامانجی من له نووسینی ئه‌م چیرۆكه ئه‌وه بووه سه‌ره‌ڕای كاریگه‌ری نه‌رێنی ته‌نیایی له‌سه‌ر مرۆڤ، دیسان ئه‌و شته‌ی پێویستمانه و هێمنایه‌تیمان پێده‌به‌خشێت باوه‌شی بنه‌ماڵه‌یه.
*ئه‌و كتێبانه‌ی پێشتر بڵاوت كردۆته‌وه به زمانی فارسی بوون، پێم وابێت ئه‌م چیرۆكه یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینته به زمانی كوردی. ویستم بزانم جیاوازییه‌كیان هه‌یه نووسینی چیرۆك به زمانی دایكی له‌گه‌ڵ زمانێكی دیكه؟
-پێش ئه‌وه‌ی كتێبه فارسییه‌كانم بڵاو بكه‌مه‌وه، ده‌وروبه‌ری 20 كورته چیرۆكم به زمانی كوردی نووسیبوو، به‌ڵام به‌زاراوه‌ی ئه‌رده‌ڵانی. ئه‌و چیرۆكانه‌شم به‌س له رادیۆ و رۆژنامه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو كردبووه‌وه و به‌شێوه‌ی كتێب چاپ نه‌كران، به‌ڵام ده‌مێكه ده‌ستم كردووه به نووسینی كوردی به سۆرانی و سه‌ره‌تاش به چیرۆكێكی مینی‌ماڵ ده‌ستمپێكرد. به‌داخه‌وه به‌پێی ئه‌و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی به زمانی فارسی له ئێران هه‌یه، زه‌ینی چیرۆكنووسینی منیش له‌گه‌ڵ زمانی فارسی راهاتووه. هه‌وڵی ئێستای من زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه زمانی چیرۆكنووسینی كوردی خۆم بدۆزمه‌وه. به‌داخه‌وه بۆ من ئاسان نه‌بوو ئه‌م جۆره نووسینه و سه‌ره‌تا رسته‌كان به زمانی فارسی پێكدێن و پاشان رۆڵی وه‌رگێڕم هه‌یه له نووسینی كوردیدا. هه‌ست ده‌كه‌م گواستنه‌وه‌ی زمانی نووسینم له فارسییه‌وه بۆ كوردی، ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌یه ئه‌بێ هه‌وڵ بده‌م جێبه‌جێی بكه‌م له داهاتوو خزمه‌تی زیاتر به زمانی كوردی بكه‌م و خه‌ڵكیش وه‌كو نووسه‌رێكی كورد بمناسن.
*دۆخی ئێستای چیرۆكنووسین له‌لایه‌ن ژنانی چیرۆكنووسینی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چۆن ده‌بینن و پێتان وایه بۆ ئه‌وه‌ی ژنان جێی په‌نجه‌یان له‌م بواره‌وه دیار بێت و زیاتر كاری جیدی بكه‌ن، ده‌بێ چ رێگایه‌ك هه‌ڵبژێرن؟
-به‌داخه‌وه ئێمه له رۆژهه‌ڵات هێنده كۆڕ یان شوێنی كۆبوونه‌وه‌مان بۆ نووسه‌ران نییه، مه‌گه‌ر كافێیه‌ك یان كۆڕی په‌رده‌لادانی كتێبێك بێت كه یه‌كترببینین. ئێستا سه‌یر ده‌كه‌م ده‌بینم ژنانی رۆژهه‌ڵات به‌تازه‌یی زۆر چالاكن و كاری رێك‌وپێك ده‌كه‌ن. بۆ نموونه ڤیدا قادری، چنوور سه‌عیدی، نی‌نا كه‌ریمی و... ژنانێكی زۆرمان هه‌یه چیرۆك ده‌نووسن. ئه‌مانه گه‌شبینی ده‌به‌خشێ به من بۆ داهاتووی ژنانی نووسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه قه‌ڵه‌می ژنان به‌جدی بناسرێت، ژنان خاوه‌نی ستایلی جیاواز و تایبه‌ت به خۆیان بن و لاساییكه‌ره‌وه‌ی پیاوانی نووسه‌ر نه‌بن و ژنانه‌نووسی له چیرۆكه‌كه‌یاندا هه‌بێ. بۆ نموونه چیرۆكی «عاشقه‌كه‌ی من ژنی هه‌بوو» له ڤیدا قادری به‌ڕاستی چه‌مكی ژنانه‌نووسی تێدا هه‌یه. زۆر گه‌شبینم و ده‌بینم ژنان پاڵپشتی یه‌كترن و یه‌كتر هانده‌ده‌ن و له‌كۆڕه ژنانه‌كاندا به‌رده‌وام به‌شداری ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته ده‌ستپێكێكی گرنگ بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جدی له ژنانی نووسه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
*تا چه‌ند ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانت هه‌یه و زیاتر كام له‌و نووسه‌رانه كاریگه‌ری له‌سه‌رت هه‌بووه؟
-به‌ڵێ ئه‌مه راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره هه‌ر نووسه‌رێك جگه له خه‌یاڵ و ده‌روونی خۆی ده‌بێ له‌لایه‌ن نووسه‌رانی دیكه‌شه‌وه خۆراكی فكری پێبگات. منیش له نووسه‌ره كورده‌كاندا زیاتر چیرۆكی عه‌تا نه‌هایی و شێرزاد حه‌سه‌نم خوێندۆته‌وه و سه‌ید قادر هیدایه‌تی وه‌كو نووسه‌رێكی كورد ستایلێكی جیاوازی هه‌یه ده‌یناسم. له نووسه‌ره فارسه‌كانیش پێشتر زیاتر چیرۆكه‌كانی هۆشه‌نگ گوڵشیریم ده‌خوێنده‌وه و سادقی هیدایه‌ت و سادقی چووبه‌ك-یش كه‌سانێكن حه‌زم له چیرۆكه‌كانیانه. له وڵاتانی دیكه‌ش «فلانێری ئۆكانێر» كه‌سێكه چیرۆكه‌كانیم خوێندووه. له نووسه‌ره ئه‌وروپییه‌كان «كافكا» و «بیكێت» و له نووسه‌ره ئه‌مریكییه‌كانیش «هه‌مه‌نگوای» كه‌سانێكن پێویسته بۆ باشتركردنی زانیاری و جیهانبینی خۆت كاره‌كانیان بخوێنیته‌وه و پێویسته دونیای كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه‌ش له روانگه‌ی نووسه‌رانی دیكه‌وه بخوێنیته‌وه تا بتوانی شتێكی جیاوازتر ئاراسته‌ی بواری ئه‌ده‌بیات بكه‌ی. به‌دڵنیایه‌وه ئه‌ده‌بیاتی جیهان به نووسه‌ره روسه‌كان ده‌ناسن و وه‌كوو «دۆستۆیڤسكی» و «تۆڵستۆی» و به‌تایبه‌ت له بواری كورته چیرۆك «چێخۆف» زۆر رۆڵ و كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر نووسه‌رانی جیهان به‌تایبه‌ت نووسه‌رانی ئێران و كه‌سێك بووه من ئه‌لفوبێی چیرۆكنووسین له رێگای ئه‌وه‌وه فێربووم. چێخۆف به‌هۆی ئه‌وه‌ی شانۆنامه‌شی نووسیوه، خوڵقاندنی فه‌زای زۆر به‌هێزه و پێم وابێت گرنگیدانی من به‌فه‌زا له چیرۆكه‌كانمدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا سێبه‌ری چیرۆكه‌كانی چێخۆف له‌سه‌ر كاره‌كانمدایه.
*به‌رهه‌می تازه‌ت بۆ چاپ هه‌یه؟
-به‌ڵێ كتێبێكم هه‌یه كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی فارسییه له دوو سێ ساڵی ئه‌خیردا نووسیومه و هێشتا دیارینه‌كراوه له‌گه‌ڵ كام چاپه‌مه‌نی رێكده‌كه‌وم بۆ چاپ. ناوی كتێبه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: «مراسم تدفین در گورستان اورنان» (مه‌راسیمی ئه‌سپه‌رده‌كردن له گۆڕستانی ئۆرنان) له ناوی تابڵۆیه‌كه‌وه وه‌رم گرتووه. ئه‌م كتێبه 10 كورته چیرۆك له خۆ ده‌گرێت پێموایه ئه‌مساڵ بڵاوده‌بێته‌وه.