خوێندنەوەی رۆمانی بێدەنگیی شەوی بۆندار

10:00 - 2022-08-30
کەلتور
879 جار خوێندراوەتەوە

یوسف مەنتک

دوای خوێندنەوەی رۆمانی «بێ دەنگی شەوی بۆندار» لە نووسینی ئەنوەر ئەڵمان و کاریگەریی بابەتەکە و فرەدەنگییەکانی، جێی سەرنج و بایەخم بوون کە هیوادارم توانیبێتم خشتێکم بۆ بینای بابەتەکە زیاد کردبێت.
 من ناچمە سەر لایەنی هونەری و تەکنیک و فۆڕمی گێڕانەوەکان، بەڵکو ئەوە بۆ رەخنەگران و پسپۆڕانی بواری ئەدەب و هونەری گێڕانەوە بەجێدەهێڵم.
لە رووی تێماوە رۆمانەکە فرەدەنگ و فرەڕەنگە، ئەمەش بە بڕوای من، سروشتی پلۆت و بنیادی گێڕانەوەکە وای خواستووە، چونکە کاتێک واقیعێك لەناو رۆمانەکەدا دەخولقێنی، تێیدا لەڕووی نەتەوەییەوە کورد، عەرەب، فارس و جوو و ئاشووری و ئەرمەن بن و لەڕووی ئایینەوە ئیسلام، جوو، مەسیحی و ئایینی دیکە بن، ئەوا پێویستە رۆمانەکە فرەدەنگ و فرەڕەنگ بێت. فرەدەنگ بەو مانایەی دەبێت ئەو کەسەی دەیگێڕێتەوە لەناو رۆمانەکەدا دەرفەت و بوار بداتە هەریەک لەوانە لەڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە تا گوزارشت لە خۆیان بکەن. 
فرەڕەنگە بەو مانایەی هەموو ئەمانە لە شوێنێک ژیاون کە پێیدەڵێن کوردستان، ئەو نیشتمانەی خودان مێژووی سەردەمەکانی میتانی و میدیایی و سۆمەری و ئاشووری و ساسانییە. 
لەم رۆمانەدا هەموو ئەمانە پێکەوە نیشاندراون. پاشان بەهۆی سەپاندنی کەلتور و ئایینێکەوە، نەتەوە و ئایینیەکانی تر پەراوێز دەخرێن. چونکە لێرەدا ئایین دێت زۆر کەلتور و دابونەریت لە بەرژەوەندیی خۆی دروست دەکات و دەیانکات بە رێسا.

من یەکەم کەس بووم
ئەم رۆمانە بە پێشەکییەکی رۆماننووس «شێرزاد حەسەن»، دەستپێدەکات کە تێیدا ئاماژە بە ناوەڕۆکی رۆمانەکە دەکات. هەروەها لەوێدا ئەوە دەسەلمێنێت ئەم دەقە نۆڤلێتە، نەک رۆمان. ئەویش بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نۆڤلێت لە ئەدەبی کوردیدا، بنەمایەک بۆ نووسینی دەق دادەنێت ئەویش بنەمای داهێنانە. ئەمە پنتێکی جەوهەرییە لەوەی لە ئەدەبی کوردیدا هەمیشە ئەو قسەیە باوە من یەکەم کەس بووم ئەوەم نووسیوە! 
ئەم شەڕی یەکەم کەس بوونە، کەلتورێکی خراپی مێژووی ئەدەبی کوردییە، گرنگ ئەوەیە دەقەکە تا چەند داهێنانی تێدایە، تا چەند نوێیە و بەشدار دەبێت لە پێشخستنی رەوتی ئەدەبی کوردی. ئەم قسەیەی «شێرزاد حەسەن» رێک پڕ بە پێستی ئەم دەقەیە، چونکە رۆماننووس توانیویەتی زۆر جوان وێنە و تابلۆی کوردستان لە رووی پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانەوە بکێشێت. 
بۆ ئەمەش زۆر جوان سوودی لە مێژوو وەرگرتووە، بەڵام رۆماننووس مێژووی دووبارە نەکردۆتەوە، بەڵکو مێژوو و واقیعێکی تری خوڵقاندووە، کە هی ناو رۆمانەکەیە. بۆ نموونە کاتێک باسی «کەریمی عەلەکە» دەکات، وەک فیگەرێکی مێژوویی، کە پیاوێکی مەسیحی بووە و کراوەتە وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی شێخ مەحمود-دا. ئەمەش هەوڵێکە بۆئەوەی ئەم خاکە، خاکی هەموان بووە. ئەم پیاوە کەسێکی راستگۆ بووە، خەمی خەڵکی بووە و هەمیشە یارمەتیی هەژاران و برسی و کەسانی لێقەوماوی داوە، بەبێ ئەوەی لایەنی ئایین و نەتەوە بکاتە پێوەر، بەڵکو وێنەیەکی راستەقینەی مرۆیی نیشانداوە و رۆچۆتە قووڵایی مێژووەوە و ئاماژە بە هەموو پێکهاتە و ئازارەکانیان دەکات.
 کاراکتەرەکانی نێو رووداوەکانی رۆمان بە راناوی کەسی یەکەم و سێهەمن، بوونی فلاش باگ و گەڕانەوە بۆ رابردوو، دەلالەتی رەسەنایەتی و خودان مێژووییە، بوونی کۆمەڵێک کۆد و سیمبۆل، لەنێو ئاخافتنی کاراکتەرەکان و شوێنە جیاوازەکان بابەتی رووداوەکانی بەهێزتر و لایەنی هونەریی جوانتر پیشان دەدەن.

کۆچی بەردەوامی کورد
هەندێک برین هەن لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا کە رۆمانەکە تیشکی خستوونەتەسەر، بۆ نموونە (شادومان) خۆی هەڵدەدێرێت تەنیا بەهۆی ئەوەی لە رووی جەستەییەوە نێرەمووک بووە و لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە رەتکراوەتەوە. ئەمەش بەهۆی کەلتورەوەیە. پیشاندانی رۆیشتن بە ریگەی قاچاغ بە بڕوای من، پیشاندانی کۆچی بەردەوامی کوردە بە درێژایی مێژوو، ئەویش بەهۆی داگیرکاریی لەلایەن نەتەوە و وڵاتانی زلهێز و دەوروبەرەوە. 
دادگاییکردنی سەردار لە ئێران، شەڕی ئێران و عیراق، تام و بۆن لەدەستدانی زاگرۆس، هەڵدێرانی شادومان و مردنی هۆگر وەک قوربانییەکی کۆچ بەرەو تاراوگە، خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێر لە 5/3/1983، دروستکردنی پاسپۆرتی ساختە و گۆڕینی ناو و شوناسی مەتی یوسف بۆ سەردار، خواردنی پۆستاڵ لە خەوندا بە خەیالی گیپە و کاریگەرییەکانی شەڕ بەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە، خواردنی ناوساجی لە رێگەی قاچاخ، مانەوە لە کەمپ، کەسێتی ژنی لیسبە و مرۆڤی نێرەمووک، گرانی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عیراق، قەرەباڵغی و تێکچڕژانی شەقامەکانی تاران و بێ سەروبەریی رێگەوبان و هاتوچۆ، بەراوردکردنی سەردەمێکی پێشتر وەک بەهەشت لە سەردەمی دوای خۆی و رووداوی ئۆتۆمبێل، فڕۆکەخانە، چوون بەرەو ئەوروپا، هەموو ئەمانە بەڵگەن بۆ پێکهاتە و واقیعی کۆمەڵگەی وڵاتانی ئیسلامی و هەرچوار پارچەی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە کە هەریەکەیان بۆخۆیان کۆد و سیمبولێکن، لە کۆمەلگەیەکدا کە شەڕ و ماڵوێرانی و کۆچ بۆتە کەلتوری زاڵی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییەکانی.

لەسەر خاکی باب و باپیران
نیشتمانێک بەتام و بۆی ئازار و ئەشکەنجەی هاووڵاتییەکانی بەدەستی داگیرکەرەکانییەوە، لەم وڵاتی وێرانەی داگیرکراوەدا کورد بوون چەندە زەحمەتە! مەسیحی و جولەکە و ئەرمەنی بوونیش هەروا زەحمەتە، مرۆڤ گەلێک لەسەر خاکی باب و باپیران، لەسەر خاکێک لەدایک بوو، خاوەنی رەگێکی قووڵی مێژوو و کەلتور، داب و نەریت، خاوەنی دەیان و سەدان بیرەوەری و بەسەرهات و داستان، بەهۆی سیاسەتی داگیرکارییەوە بەردەوام شەڕ و کوشتن و زیندان و چەوساندنەوەی خەڵکە رەسەنەکە، خەبات بۆ بچووکترین و سەرەتاییترین مافەکانی ژیان قەدەغەیە و زیندانەکان تەژین لە هاووڵاتییەکانی، بە هۆی سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری، بەهۆی نەمانەوەی مانایەک، هیوایەک بۆ ژیان، ناچار بە کۆچکردن دەکرێن.
 بە هۆی کوردستانی بوون و جیاوازیی ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیکی و رەگەزییەوە، واتە لە هەموو کوردستان چۆن ژیان وەک کورد زەحمەتە و دۆزەخێکە بۆخۆی، بۆ کەمینەکانی دیکەش هەمان حیساب و کیتابە. بۆ دەرباز بوون لەم دۆزەخە، مرۆڤ بەداوی رێگەیەکدا وێڵە ئەویش کۆچکردنە.
 ئەوەتا بابەتی رۆمانەکە پێمان دەڵێت هەرچی کوردستانی رەسەن هەیە، بیر لە دەرچەیەک، رێگەچارەیەک دەکاتەوە کۆچ بەرەو هەندەران بکات، بۆ دنیایەک و زەمینێکی تر بە هیوای ژیانێکی ئارامترو ئاسوودەتر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان