بە بەرد بوو یان بەردیو چییە؟

10:45 - 2022-08-31
کەلتور
982 جار خوێندراوەتەوە
نمونەیەک لە بوونەوەری بە بەرد بوو

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*


دەسپێک
کاتێک هاووڵاتییان دەچن بۆ دەشتودەر و گەشتوگوزار لە دۆڵ و شاخەکانی‌ کوردستان، سەیری‌ ئەوەیان کردووە هەندێکجار لەسەر تاشە بەردەکان یان لەو پارچە بەردانەی‌ کە کەوتوونەتە خوارەوە و لە دامێنی‌ شاخەکاندا کەڵەکە بوون شێوەی‌ سەرنجڕاکێش و نامۆ دەبینن. یەکسەر ئەو شێوە سەیرە بیری‌ کەسەکە رادەکێشێت و چەندین پرسیاری‌ بەمێشکدا دێت: ئایا ئەم پارچەیە هەر بەردە؟ ئەی‌ بۆ جیاوازە لەخانە خوێیەکەی‌؟ لەوە دەچێت رووەک بێت یان لە زیندەوەر دەچێت، یان....
ئەبێت ئەو شتە سەیرە چی‌ بێت؟ لەڕاستیدا پرسیارەکانی‌ ئەو کەسە لەجێی‌ خۆیدایە وهەمووی‌ دروستە، هەر بۆیە هەوڵدەدەم لەم وتارەدا کەمێک و بەساکاری‌ لەسەر بەردیوەکان یان بە بەردبووەکان بدوێم.

بەردیو (بە بەرد بوو)
پێش هەموو شتێک وشەی‌ بەردیوەکان بەرامبەر وشەی‌ Fossils بەکار دێت (هەندێکجاریش زاراوەی بە بەردبووەکان بەکاردێت). ئەم وشەیە لە بنەچەدا لاتینییە (fossus )کە مەبەست لێی‌ ئەو شتانەیەکە هەڵکەندراون. وشە کوردییەکە لەوەوە سەرچاوەی‌ گرتووە کە پارچەیەک یان هەربەشێکی‌ بوونەوەر یان شوێنەواری‌ چالاکییەکەی‌ پارێزراو بێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی‌ دوور. کۆی‌ گشتی‌ ئەو بەردیوانەی‌ کە دۆزراونەتەوە و ئەوانەی‌ کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە لە چینەنیشتەنییەکاندا هەڵگیراون بە تۆماری‌ بەردیوەکان(Fossil record) ناودەبرێت.
توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی‌ ئەم بەردیوانە لە تۆماری‌ بەردیوەکاندا و لەهەر جێگەیەکی‌ گۆی‌ زەوی‌  و لەهەر ڕوویەکەوە بێت وەک ناسینەوە و پۆلێنکردن و وەسفکردن و کۆکردنەوە و لێکدانەوەی‌ کاری‌ بەشێکە لە زەویناسی‌ کە بە بەردیوناسی‌ (Paleontology ) دەناسرێت. ئەو بەشەی‌ کە زانایانی‌ بەردیوەکان گرنگی‌ پێدەدەن، وەک باسمان کرد بریتییە لەبەردیو. لێرەدا بە کورتی حەزدەکەم ئاماژەیەک  بۆ خاڵێک بکەم کە ئەویش وشەی بە بەردبووە. دروستە لە زۆرێک لە وتارەکاندا بەبەردبوو بەرامبەر وشەی fossil بەکارهاتووە، بەڵام پێم باشە وشەی بەردیو بەکاربهێنین چونکە دەکرێت شتێک بووبێت بە بەرد، بەڵام بەردیو نەبێت، وەک دەنکۆڵە لمییەکان کە رەق دەبن و دەبن بە بەرد بەڵام بەردیو نین، واتە بنەچەیەکی زیندەوەریی نییە! هەرچەندە رێکەوتنێکی‌ جیهانی‌ نییە سەبارەت بە تەمەنی‌ بەردیو، بەڵام تا رادەیەک لەسەر ئەوە کۆکن کە پێویستە تەمەنی‌ بەردیو لە دەهەزار ساڵ کۆنتر بێت. واتە گشت ئەو پارچە و پاشماوانەی کە لەبنەچەدا زیندەیین، لە پێش چەند بلێون ساڵێکەوە تا پێش 10000 ساڵ بە بەردیو دادەنرێن. زەویناسەکان لەسەرەتای‌ سەدەی‌ نۆزدەدا بەوردی‌ سەیری‌ ئەوەیانکرد کە ئەم بەردیوانە تایبەتن بە چینێکی‌ دیاریکراو و تەنانەت بەتەمەنێکی‌ دیاریکراویش، هەربۆیە لە ڕێگەی‌ لێکۆڵینەوە وردەکانیان توانیان خشتەیەک یان پێوەرێکی‌ کاتی‌ جیۆلۆجی‌(Geological time table) دابنێن. بێگومان لەپاشانداوبەپێشکەوتنی‌ زانست و تەکنەلۆژیا و لە رێگەی‌ دیاریکردنی‌ تەمەن بە بەکارهێنانی‌ هاوتا تیشکدەرەکان (زرتوخمەکان) لەسەرەتای‌ سەدەی‌ بیستەمدا توانرا ئەو کەڤرانە و لەڕێگەی‌ ئەوانیشەوە تەمەنی‌ دروستی‌ بەردیوەکان و بەساڵ دیاریبکرێت، کە ئەمە شۆڕشێکی‌ زانستی‌ نوێ بوو سەبارەت بە زانیاری‌ دەربارەی‌ گەشەکردنی‌ ئەم زانستە (بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەم بابەتە بگەڕێوە بۆ پەڕتووکی بنەماکانی زەویناسی، کە لەلیستی سەرچاوەکان ئاماژەی پێدراوە).
قەبارەی‌ بەردیو زۆر جیاوازە، لەوانەیە لە قەبارەی‌ یەک خانەی‌ بەکتریادا بێت کە بە چاونابینرێت وتەنها یەک مایکرۆن(یەک بەش لەهەزار بەشی‌ ملیمەترێک) بێت و لەوانەیە درێژییەکەی‌ بگاتە چەندین مەتر و کێشیشی‌ چەندین تەن بێت، وەک دایناسۆرەکان. زۆربەی‌ بەردیوەکان ئەوبەشەی‌ زیندەوەرن کە پاش شیبوونەوەی‌ بەشە نەرمەکان دەمێننەوە، وەک ئێسقان و ددان و قاوغ و لەپکە، کە پاشان ئەم بەشانە بە مەعدەن ، خاو (Mineral ) پڕدەبنەوەو بەردیو دروستدەکەن. هەڵگرتن و پاراستنی‌ بەشە نەرمەکان لە تۆماری‌ بەردیوەکاندا دەگمەنە، بەڵام هەیە وەک ئەو مێرووانەی‌ کە لەناو جەویدا ( جەوی، زەردوویی، ئەمبێر: شیلەیەکی‌ لینجە لە هەندێک دارودرەخت دێت کە بریندار دەکرێت یان دەبڕدرێت) هەڵدەگیرێن یان هەڵگرتنی‌ بەشێک لە گیانەوەران لەناو بەفردا وەک ئەوەی‌ کە فیلی‌ مامۆس دۆزرایەوە لە سیبریا و تەمەنەکەی‌ بە 20000 ساڵ خەمڵێندرا.
هەندێکجار نەک جەستەی‌ بوونەوەرەکە بەڵکو شوێنەواری‌ چالاکییەکانی‌ زیندەوەر وەک کاتی‌ سووڕانەوە و گەڕانی بەشوێن خواردندا یان راکردنی‌ یان جێی‌ خشانی‌ یان جێپێ یان پاشەڕۆی‌ زیندەوەرەکە، ئەمانە پێیان دەوترێت شوێنەواری‌ بەردیو (Trace fossils) بۆ ئەوەی‌ جیا بکرێنەوە لە بەردیوی‌ جەستەیی‌. ئەم شوێنەوارە بە بەردبووانە یان بەردیوانە بۆلێکدانەوەی‌ ژینگەی‌ کۆن گرنگییەکی‌ زۆریان هەیە و بەتایبەتی‌ لەوچینانەدا کە بەردیوی جەستەیی‌ تێیاندا نییە یان زۆر کەمە. ژیانی‌ کۆن زۆر شتی‌ تری‌ بۆ بەجێهێشتووین کە بە چاو نابیندرێن و تەنها لەڕێگەی‌ نیشانە و دیاردە بایۆکیمیاییەکانەوە دەتوانرێت هەستیان پێبکرێت، ئەمانە بە بەردیو ی‌ کیمیایی‌(Chemofossils) یان بایۆمارکەر دەناسرێن. 

پاراستن
کۆنترین بەردیو کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، هەرچەندە تا تەمەنی‌ 600 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیانی‌ فرەخانەیی‌ لەتۆماری‌  بەردیوەکاندا تۆمارنەکراوە. بەردیو لەگشت جیهاندا هەیە کە تەنها بەشێکی‌ بچووکی‌ ژیانی‌ کۆنە و لە تۆماری‌ بەردیوەکاندا و لە ناو چینە نیشتەنییەکاندا هەڵگیراوە. زۆربەی‌ زیندەوەران پاش مردنیان شی دەبنەوە و پاشماوە بەجێ ناهێڵن، تەنانەت پارچە رەقەکانیش لەناو دەچن. ئەمەش مانای‌ وایە ژیان لە کۆندا بەرفراوان  و بڵاو بووە کە وایکردووە هەلی‌ پاراستن و هەڵگرتنی‌ هەندێکیان لەتۆماری‌ بەردیوەکاندا هەبێت.
ئەوەی‌ کە گرنگە بە کورتی‌ باسی‌ بکەین هەنگاوەکانی‌ دروستبوونی‌ بەردیوە. پاش مردنی‌ زیندەوەرەکە پارچە نەرمەکان بەهۆی‌ بەکتریاوە شی دەبنەوە و لەناو دەچن، باشترین شوێنیش بۆ مانەوەی‌ پارچەکان بریتییە لە ژینگەی‌ ژێر ئاو واتە یەکسەر بە نیشتووی‌ تازە دابپۆشرێت و ئیتر لە شی بوونەوەی‌ زیاتر بیپارێزێت. هەرچەند بەردیوی‌ وشکانیش وەک ئێسقانی‌ دایناسۆر و بوونەوەرە هەڵگیراوەکانی‌ ناوچەویی‌ لەسەر وشکانین، بەڵام پاشان هەردەچنە ژێر ئاوەوە و لەناو دەریاچە و رووبار و زەنگاوەکاندا چینەکان لەسەریەکتر دەنیشێن و بەردیوەکانیش لەخۆیان دەگرن. 
کەواتە پاش شی بوونەوە وردە وردە پارچە رەقەکان دەکەونە سەرنیشتووەکان و پاشانیش بەچینێکی‌ تر دادەپۆشرێن و لەهەوا دادەبڕێن. هێواش هێواش چینەکان پەستان دروست دەکەن و نیشتووەکان بەکرداری‌ رەقبوون رەق دەبن و کەڤری‌ نیشتەنی‌(Sedimentary rock ) دروستدەکەن.  هەر لەبەرەو پێشچوونی‌ ئەم کردارەدا خاوەکان کە لەناو ئاوەکەدا بە تێری‌ هەن شوێنی‌ ئەو خاوانە کە لە بنەچەدا قاوغەکەی‌ لێ دروستبووە دەگرنەوە و گشت بۆشایی‌ و کونەکانی‌ پڕدەکەنەوە، ئەم کرداری‌ جێگرتنەوەیە بەبوون بەخاو (Permineralisation) نادەبرێت.
لەئەنجامدا کۆپییەکی‌ دیسان بەخاو داڕێژراو لەقاوغە بنەڕەتییەکە دەستدەکەوێت. ملیۆنان ساڵ تێدەپەڕێت و ئەو بەردیوە لەناو چینەنیشتەنییەکاندا هەر لە ژێر زەوی‌ دا هەڵدەگیرێت، بەڵام چونکە زەوی‌ بە بەردەوام جووڵە و چالاکی‌ هەیە جووڵە تەکتۆنییەکان و هێزە شاخ دروستکەرەکان وادەکەن کە ئەو چینانە بێنە سەر رووی‌ زەوی‌ و دەرکەون و لەهەمان کاتیشدا ئەو بەردیوانە بکەونە بەرچاوی‌ خەڵکی‌. لەوانەشە هەندێکجار لەو چینانەی‌ کە هەڵدەکەنرێن و لە قووڵایی‌ چەند کیلۆمەترێکدان ئەو بەردیوانە لەگەڵ ئەو پارچە بەردانەی‌ کە دێنە سەر زەوی‌ بێنە دەرەوە و شارەزایان لێکۆڵینەوە و ناسینەوەیان بۆ بکەن.

بەردیو لەکوردستاندا
وەک ئاماژەم پێدا بەردیوەکان لە چینە کەڤرییە نیشتووەکاندا هەن و کوردستانیش بەشێکی‌ زۆری‌ لەو کەڤرانەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە  زۆر لە بەردیوەکان لە چینە بەردییەکانی‌ کوردستاندا دەبینرێن، هەرچەندە لە وتارێکی‌ ئاوادا ناکرێت بە درێژی‌ باس لەو بەردیوانەی‌ کە دۆزراونەتەوە لە کوردستاندا بکرێت، بەڵام چەند نموونەیەک بەسە بۆ روونکردنەوەی‌ بابەتەکە، ئەگینا دەکرێت ناوی سەدان بەردیو ریز بکرێن.
 ئەگەر بچیت بۆ شاخی‌ ئەزمەڕ یان بۆ ناوچەی‌ رانیە و بە وردی‌ سەرنج لە هەندێک لەو چینە کلسییە سپیانە بدەیت هەندێک بەردیوی‌ ئەمۆنایت  دەبینیت کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی‌ 100ملیۆن ساڵ پێش ئێستا. ئەگەر لە شارباژێڕ وردتر سەیری‌ هەندێک لەبەردەکان بکەیت دەتوانیت بەئاسانی‌ بەردیوی‌ گەورەی‌ لێدەربهێنیت، کە ئەمانە بریتین لە جۆرێک لە جۆرەکانی‌ پێست دڕکاوییەکان. ئەگەر بچیتە شاری‌ ئاکرێ یان لە ناوچەی‌ شارباژێڕی‌ سلێمانی‌، هەندێک لەو کەڤرانە دەبینیت کە بەردیوی‌ زیندەوەرانی‌ فۆڕامنیفێڕایان تێدایە، کە ئەمانە قەبارەیان گەورەیە و زۆر بەئاسانی‌ دەبینرێن و لەبنەچەدا دەگەڕێنەوە بۆ پێشەنگییەکان. لە ناوچەی‌ سەرگەڵو یان رانیە یان بەرزنجە ئەگەر بەوردی‌ سەیری‌ هەندێک لەو چینە رەشباوە کلسیانە بکەیت لەپکەی‌ (سەدەفەی‌) بەردیوی‌ هەندێک زیندەوەر دەدۆزیتەوە کە تەمەنەکەی‌ نزیکەی‌ 160ملیۆن ساڵ پێش ئێستایە. 
 لەناوچەی‌ زاخۆ ئەگەر بەوردی‌ سەیری‌ هەندێک لەبەردەکان بکەیت بەردیوی‌ ترایلۆبایت خۆی‌ یان شوێنەواری‌ رۆشتنەکەی‌ دەبینیت کە بەکروزیانا ناو دەبرێت. هەندێک بەردیش وەک ئەو چینە کلسییە دەوڵەمەند بە قوڕانەی‌ ناوچەی‌ سلێمانی‌ یان رەواندوز بە ئاسانی‌ بەردیوەکانی‌ نابینیت، بەڵام ئەگەر لەژێر وردبیندا سەیری‌ بکەیت و بۆسەدان جار گەورەی‌ بکەیت ئەوا بەسەدان بەردیوی‌ بچووک دەبینیت، کە دەکرێت زانیاری‌ زۆر دەربارەی‌ ژینگەی‌ کۆن لێوە وەربگریت.
هەندێکجار ئەو بەردیوانەی‌ ناو جەوی‌ وەک گەوهەر یان بەردی‌ بەنرخ بەکاردێن و بازرگانی‌ پێوە دەکرێت لەجیهاندا. هەندێک دیاردە لەوانەیە لە بەردیو  بچن، بەڵام بەردیو نین، ئەمانە بە بەردیوی‌ درۆینە (Pseudofossils) دەناسرێن، وەک ئەو شێوە درەختییەی‌ کە لە هەندێک لەچینە لمییەکان یان کلسییەکاندا دەبینرێت، چونکە ئەمانە بەنیشتنی‌ کیمیایی‌ دروستبوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەزیندەوەران و ژیانی‌ کۆنەوە نییە، بۆیە نابێت تێکەڵ بکرێن لەگەڵ بەردیوەکاندا.

سەرچاوەکان: لە ئەرشیڤی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا پارێزراون.

*بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان