سندی رێشاخ
به جیهانیبوونی ده‌ق، به گۆڕینی ناوی كاره‌كته‌ر و لۆكه‌یشن و رووداو نییه، به چۆنییه‌تی داڕشتنی دێڕه‌كان و هه‌ست پێكردنیانه، جیهانێكی جووڵاو له ئه‌ندێشه‌ی خوێنه‌ر دروست بكات. رقم له‌و هه‌موو ناوه ناخۆش و دووبارانه‌یه، كه هه‌ریه‌ك به كاریگه‌ریی ده‌قی نووسه‌رێكی تر، له ئه‌ده‌بییاتی خۆی به‌كاریان دێنێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ چێژێكیان نییه، بێ كاریگه‌ریشن. بۆ نموونه: هه‌موو كوردستان، شه‌قامێكی گشتی تێدانییه به ناوی (شه‌قامی دڵ فریشته‌كان، شه‌قامی عه‌تر فرۆشه‌كان) ئه‌وه‌ی هه‌یه كۆڵانێكی بچووكه، یان چوارپێنج دوكان، جا گه‌ڕه‌ك! بۆ كاره‌كته‌ریش هه‌روه‌تر، نازانم ئه‌م ناوه ناخۆشانه (مه‌له‌كبین و بولبولیار و لاریسا و میترا و دڵكۆتر و ئه‌صغر و ئه‌كبه‌ر) له كوێوه دێن!؟ ئه‌گه‌ر بۆ ناوی كاره‌كته‌ر، دلاوه‌ر و وریا و كامه‌ران و جێگر و رێگر و شیلان و رۆیین و مامه‌ش گونجاو نه‌بن، ئه‌وانه‌ش هه‌ن؛ مغدید و جه‌مۆ و حمه‌شه‌ریف و سێوێ و صه‌بیحه و عه‌یشێ و فاتۆ."مام تۆما و مام لویس" له عه‌ینكاوه. لایه‌نی كه‌م، هه‌ندێك له‌و ناوانه كوردین، یان به لێوزاركێی نزیك و ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام به‌ریه‌كه‌وتنمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه، به كوردی كراون، ئاشناین پێیان و زیاتر هه‌ست پێكراون.
ده‌زانێت بۆ خوێنه‌ر له كوێدا كاریگه‌رن
ئه‌م كاریگه‌رییه، به شێوازێكی تر ده‌توانرێت كاری له‌سه‌ر بكرێت. له چیرۆكی "ئه‌م ساته"ی عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان، له‌و شوێنه‌ی "ئه‌سپه‌كه كه‌وتووه‌ته ناو چاڵێك و منداڵه‌كه داوا له دایكی ده‌كات به‌رزی بكاته تا بیبینێت، كه له‌ناو قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵك به‌رزی ده‌كاته‌وه و ده‌بینێت، هه‌ستی پێده‌كه‌یت. په‌نجه‌ی دایكه‌كه ده‌چێته ژێر باڵه‌كانت و له شوێنی خۆت به‌رز ده‌بیته‌وه، له كاتی خوێندنه‌وه‌ی واده‌زانی تۆش له‌وێیت." كاریگه‌ری ده‌ق ئه‌وه‌یه! فارسێك تا بێگانه‌یه‌كی ئه‌وپه‌ڕی جیهان، رۆده‌چێته نێو رووداو و فه‌زای چیرۆكه‌كه‌وه. به شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ڕۆیت، وه‌ك دایكێك پڕ ده‌بیت له نیگه‌رانی فڕێدانی كچه ته‌مه‌ن پێنج ساڵانه‌كه‌ت. ده‌گریت و خۆت له‌ناو قه‌ره‌باڵغی كۆمه‌ڵێك ژنی زار پڕ توانج و تانه ده‌بینیته‌وه.
له هه‌ولێر و كه‌ركوك و شاره توركمان نشینه‌كان، فیلان تووتنچی و فیسال قه‌هوه‌چی و چه‌خماغ و پاشناویتری زۆر هه‌ن. فه‌رهاد پیرباڵ به نموونه: بێ هۆكار ناوه‌كان دانانێت، ده‌زانێت بۆ خوێنه‌ر له كوێدا كاریگه‌رن. له‌م ماوه‌یه‌دا خوێندمه‌وه گۆڤارێكی ئیسپانی كه خه‌ریكی وه‌رگێڕانی كۆمه‌ڵێك له ده‌قه‌كانی فه‌رهاد پیرباڵن، چه‌ند پرسیارێكیان ئاڕاسته‌ی كردبوو. له خوێندنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، كاریگه‌ری فه‌رهادت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ! له شیعره‌كانیدا، زۆر كوردانه ناوی كاره‌كته‌ر، فه‌زای كاره‌كته‌ر، ئیشی كاره‌كته‌ر، ته‌نانه‌ت زمان و تووڕه‌یی و ئه‌وینی ئه‌وان نیشان ده‌داته‌وه.
له رۆمانی"ده‌بوو ماره‌كه‌یان بكوشتایه"ی یه‌شار كه‌مال، كه به توركی ده‌نووسێت، قه‌ت كێشه‌ت له‌گه‌ڵ ناوی كاره‌كته‌ر و شوێنه‌كان نابێت، چونكه لۆكه‌یشن تێكه‌ڵییه‌كه له به‌ریه‌كه‌وتنی دوو كه‌لتور. له هه‌ردوو به‌رگی "گیای نه‌مری"یش هه‌مان جۆر، رووداوه‌كان په‌یوه‌ستن به یه‌كترییه‌وه و به دوای یه‌كه‌وه‌ن، پێكه‌وه لكێندراون و دوودژیه‌كی لێك دانه‌بڕاون. ناوێك ته‌واو مۆركی توركانه و ئه‌وه‌یتریش كوردانه، كاره‌كته‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌نگیشی نه‌بێت ده‌زانیت كورده یان تورك. ئه‌مه بۆ فه‌رهاد پیرباڵیش هه‌ر راسته. ئه‌گه‌ر زۆریش كورتبڕ بنووسێت، یان كاره‌كته‌ر ئه‌گه‌ر ناویشی نه‌بێت، هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت و ده‌زانیت توركمانه یان كورد، قه‌سابه یانژێ پۆلیس.
له چیرۆكی "به‌سه‌رهاتی رۆندۆ خوارێز"ی خۆرخێ لیوس بۆرخێسدا، هه‌ست ده‌كه‌یت سه‌عات نزیك ده‌بێته‌وه له یازده‌ی شه‌و و خۆیشت له مه‌یخانه‌كه‌ی پێچی هه‌ردوو شه‌قامه‌كه‌یت. له‌وێ، له گۆشه‌یه‌كه‌وه پیاوێك ئاماژه‌ت بۆ ده‌كات نزیك ببیته‌وه لێی. وه‌ك خوێنه‌رێك له سیمای ئاماژه‌ده‌ر، تووندوتیژی و دڵڕه‌قی له كاتی خوێندنه‌وه هه‌ست پێ ده‌كه‌یت، تۆش وه‌ك رۆندۆ مچوڕكێ به گیانت دادێ. ئه‌م چیرۆكه‌ی بۆرخێس تێكه‌ڵاوییه‌ك له فانتازیا و واقیع، له راستیدا فه‌زا نییه و دروستكراوه، به‌شێك له رووداوه‌كانیش. له زۆر شوێن، خوێنه‌ر له حه‌قیقه‌ته كه‌لتورییه‌كه لانادا. ئه‌وه‌ی له‌وێ نووسه‌ر خوڵقاندوویه‌تی، به‌سه‌ر خوێنه‌ردا ده‌چه‌سپێ. ناچارت ده‌كات قبووڵی بكه‌یت.
له چیرۆكی "مه‌رگی پایه‌دار"ی گابرێل گارسیا ماركیزدا، تۆیش له‌ناو ئاپۆڕه‌ی جه‌ماوه‌ری ره‌شوڕووت و برسی وه‌ستاویت، بۆ دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی، له‌سه‌ر سه‌كۆ، له‌پشت مێزێكه‌وه، گوێت له بانگه‌شه‌ی "ئۆنسیمۆ سانز"ێ ده‌بێ، كه په‌پووله و كه‌شتییه كاغه‌زییه‌كان هه‌ڵده‌درێنه ئاسمان، ده‌یانبینیت و هه‌ست ده‌كه‌یت به‌به‌رچاوتدا دێن و ده‌ڕۆن و به‌رز ده‌بنه‌وه. لۆكه‌یشنی ئه‌م چیرۆكه، له سنوورێكی كورتدا كێشراوه. ئه‌وانه‌ی له‌وێدا هه‌ن، به‌س قه‌ره‌باڵغی جه‌ماوه‌ر و كاره‌كته‌ره‌كان نین، تۆی خوێنه‌ریشی.
با نه فه‌زات هه‌بێ و نه ناوێكیش بۆ كاره‌كته‌ر. به‌ڵام وابكه خوێنه‌ر هه‌ست پێبكات و بیبنێت. (كه په‌نجه‌ی ئاماژه درێژكرا بۆ شتێك و شوێنێك) خوێنه‌ر له‌گه‌ڵی سه‌ر به‌رز بكاته‌وه. كه په‌نجه كرا نێو كونه لووت، خوێنه‌ر له شوێنی خۆی چلم به جلوبه‌رگی بسڕێته‌وه. كه زنجیری پانتۆڵ كرایه‌وه، خوێنه‌ر به راكردن بڕوات بۆ ته‌والێت. كاره‌كته‌ر كه ده‌ستی خسته سه‌ر شانی ئه‌وه‌یتر، به‌ده‌ست خۆمان نه‌بێ، له‌سه‌ر شانی خۆمان هه‌ست به قورساییه‌كه‌ی بكه‌ین و سه‌یری لایه‌كمان بكه‌ین.
واز له بولبوولیار و گه‌ڕه‌كی خه‌ڵوزفرۆش و گۆڵفرۆش و دڵ فریشته بێنن. ئێمه كۆڵانی بزمار و ئاسنفرۆش و جاده‌ی پیره‌ژنان و دارتاش و له‌حیمچی و ناوی مامه‌ش و رۆیین و مه‌غدید و مامه‌ند و سیامه‌ند و په‌رێ و دایه‌جی و ته‌نكه و كه‌تان و ئامینه ده‌لال"مان هه‌یه.
پێویست به‌وه ناكات چیرۆكی باشچنراو له ژیان بچێت، به‌ڵكو ژیان به هه‌موو وزه‌ی خۆیه‌وه ده‌كۆشێت تا له چیرۆكێكی خه‌یاڵی باش بچێت. - ئیزاك بابل 1894_1940
سوود له فه‌زای راسته‌قینه‌ی خۆمان وه‌رگرینه‌وه
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ی "ئیزاك بابل"دا ده‌توانین سوود له فه‌زای راسته‌قینه‌ی خۆمان وه‌رگرینه‌وه، له كۆڵانی پیره‌ژنانی هه‌ولێر، ته‌نكه‌ناوێك بكه‌ین به پیره‌ژنه جادووگه‌ره‌كه‌ی سه‌ر گسك و له كۆڵانی دارتاشانیش مامه‌ش بكه‌ینه ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌سپی دارین دروست ده‌كات و له‌پڕ شه‌وێك رۆحیان دێته به‌ر. مه‌غدید له‌بری ئه‌وه‌ی شیش و ئاسن به پشكۆ ئاگر بكاته قه‌فه‌ز، وا هه‌ست بكات ده‌توانێت مووی كوونی گوێچكه‌ی بكاته لیس و هێلانه‌ی كۆتران.
باوكم چیرۆكێكی هه‌بوو، سێ برا؛ په‌ته‌بووك، هه‌نگڵه‌كوونده، كوڕه‌بنه. سندی و ره‌وه‌ندی و مه‌مه‌ندی. له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه، یه‌كێكمان با له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد، یه‌كێك دڵۆپێك باران، ئه‌ویتریش حاجی له‌قله‌ق. ته‌واوی فه‌زای چیرۆكه‌كه ناو ماڵی خۆمان بوو (سێ برا، به سێ شێوازی جیاواز؛ لێك دابڕان، هه‌ریه‌ك له شوێنكی ناو ماڵ.) چیرۆكێكیتری هه‌بوو، شوێنه‌كه‌ی گوندێكی "گه‌ردی" نشینی به‌ڕانه‌تی هه‌ولێرێ بوو. به ته‌نها دوو كاره‌كته‌ری مرۆڤ بوون، ده‌ف قسه‌ی ده‌كرد، به‌رد قسه‌ی ده‌كرد، گیا و یازده ئاژه‌ڵیش وه‌ك مرۆڤه‌كان قسه‌یان ده‌كرد. سیمبولی نێو چیرۆكه‌كه‌ش به‌ته‌نها میزكردنی یه‌كێك له كاره‌كته‌ره مرۆڤه‌كان بوو. باوكم له دایكبووی ساڵی 1918 بوو، هیچ خوێنده‌واریشی نه‌بوو.
وه‌ك خوێنه‌رێك، به‌ڕاستی سواڵی ده‌قێكی نوێ ده‌كه‌م. بچووكترین نموونه: كاریگه‌ر به"ئالان پۆ"ی شاعیر، هه‌ر له‌م ماوه‌یه له نێو ده‌قی شیعری و چیرۆكیش، به‌ڕاستی له قه‌له‌ڕه‌ش بێزاربوو. خه‌ریكه له هه‌موو شوێنێك قه‌له‌ڕه‌شێكی بێ په‌ڕوباڵ، خۆی ده‌كێشێ به ده‌مووچاوم. نووسه‌ران خۆ به‌ندبێژ نیین، نیو سه‌ده بۆ گه‌عده‌كانییان هه‌ر خه‌ریكی گوتنه‌وه‌ی (هاتم له‌لای ئه‌ولایه، ئه‌و به‌نده‌م بۆی دانایه)بـن!
چی له چیرۆكێك بكه‌م، هه‌ر زوو كێشه‌م له‌گه‌ڵ ناوی كاره‌كته‌ره‌كانی بۆ دروست ببێت! كتێبی فارسی و ئێران و توران به وه‌رگێڕانی كوردی، زۆرن. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ئه‌وان ده‌خوێنمه‌وه"فه‌رهاد پیرباڵ و به‌ختیار عه‌لی و شێرزاد حه‌سه‌ن و به‌ڕۆژ ئاكره‌یی و كاروان كاكه‌سوور، له‌وانه‌ی ئێستاش، به‌ڵێن سابیر و به‌ختیار حه‌مه‌سور و چه‌ند گه‌نجێكی تر" هه‌بن، تۆ به‌بێ جیهانی جودا و جیاوازی تایبه‌ت به خۆت، ته‌قلید و كۆپی، بۆ هه‌بیت؟ زیاده‌یت. ئازادبه له خوڵقاندنی فه‌زا، به‌ڵام بۆ فه‌زای كۆپی و دووباره؟ چی له ئێران و توران بكه‌م كه له‌به‌رده‌ستم زۆرن؟ من كه نه‌مبینیوه، تۆ ئازابه كۆڵانێكی "یه‌مه‌ن"م نیشان بده، كۆڵانێكی یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مریكای لاتین. سه‌رمای به‌لكان و ناوچه‌ی قه‌وقاز، شه‌ڕه ته‌قه‌ی سودان. برسێتی كاره‌كته‌رێك، وابكات برسییه‌ك له سۆماڵ كه قۆڕه‌ی سكی دێ، شوكرانه بڵێت. تۆ كه نه‌توانیت سابوونكه‌ران و كۆڵانێكی ره‌حیماوای كه‌ركوك و گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی هه‌ولێرم نیشان بده‌یت، ناوێكی كوردی بخه‌یته پاڵ كاره‌كته‌رێك، كوردانه ده‌قه‌كه‌ت بخه‌یته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران. دونیا بینیت نه‌بێ و جیهانت كۆپی، ته‌مای چم پێت هه‌بی؟